سزای لەسێدارەدانی مامۆستایەکی ئایینی کورد گۆڕدرا بۆ زیندانی هەتاهەتایی

ماڵپەڕی فەرمی دەسەڵاتی دادوەری ئێران بڵاویکردەوە، سزای لەسێدارەدانی مامۆستا محەمەد خزرنەژاد، مامۆستای ئایینی خەڵکی بۆکان هەڵوەشاوەتەوە و گۆڕدراوە بۆ زیندانی هەتاهەتایی.

ماڵپەڕی میزان، ماڵپەڕی فەرمی دەسەڵاتی دادوەری ئێرانە بڵاویکردەوە، بەهۆی داواکاری ژمارەیەک لە مامۆستایانی ئایینی سوونەوە، پێداچوونەوە بە سزای لە سێدارەدانی مامۆستا محەمەد خزرنەژاد مامۆستای ئایینی خەڵکی شاری بۆکان کراوە و سزاکەی گۆڕاوە بۆ زیندانی هەتاهەتایی.

ئەمەش دوای ئەوەدێت کە لە رۆژانی رابردوودا هەواڵی ئەوە بڵاوکرایەوە، کە دیوانی باڵای دادوەری ئێران سزای لەسێدارەدانی ئەو مامۆستا ئایینیە پەسەند کردووە.

محەمەد خزرنەژاد ١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ لەدوای بەشداری لە پرسی ئەسعەد رەحیمی یەکێک لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە بۆکان و شەرمەزارکردنی کوشتار و توندوتیژی هێزەکانی دەسەڵات بەرامبەر بە خۆپیشاندەران دەستگیرکرا.

دوای زیاتر لە سێ مانگ مانەوە لە زیندانی ئیتلاعاتی ورمێ ئەو مامۆستا ئایینیە گواسترایەوە بۆ زیندانی ورمێ و پاش ١٤ مانگ دەستبەسەری لەلایەن دادگای شۆڕش لە ورمێ سزای لە سێدارەدان و ١٦ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

وەک تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردبووەوە، لە کاتی گواستنەوەی بۆ زیندانی ورمێ ئاسەواری ئەشکەنجە بە جەستەیەوە بینراوە و لە دانیشتنی دادگاشدا کە بە بێ پارێزەر بەڕێوەچووە، سەرجەم تۆمەتەکانی رەتکردووەتەوە و رایگەیاندووە، کە لە ژێر ئەشکەنجەدا ناچار بە دانپێدانان بە تاوانێک کراوە کە ئەنجامی نەداوە.

لە مانگی شوباتی ٢٠٢٣دا ٢٤٠ مامۆستای ئایینی سوننە لە نامەیەکدا بۆ دەسەڵاتی دادوەری وێڕای رەتکردنەوەی تۆمەتەکانی سەر مامۆستا محەمەد خزرنەژاد پشتیوانی خۆیان بۆ ئەو مامۆستا ئایینیە دەربڕیبوو، هەروەها داوایان کردبوو دەستبەجێ سزاکەی هەڵبوەشێندرێتەوە.

هـ . ب