ڕێبەری گەلی کورد-مورای بووکچین
کاتێک باسی ئیکۆلۆژیی کۆمەڵایەتی دەکرێت، یەکەم ناو کە دێتە مێشکمان، مۆرای بووکچینە. ئەو بیرۆکانەی کە بیرمەند و تیۆری دەری بەناوبانگی ئەمریکی مۆرای بووکچین کە لە ساڵی ٢٠٠٦ کۆچی دوایی کرد، پەرەی پێدراوە، تا ئێستاش لە ڕووی فەلسەفەی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە گرنگی خۆیان پاراستووە.
مۆرای بووکچین کە بەر لە کۆچی دوایی لە ڕێگەی نامەوە، لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان زانیاریی ئاڵوگۆڕ کردووە، یەکێکە لەو بیرمەندانەی کە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجالان لە ڕووی تیۆریەوە ئیلهامی لێ وەرگرتووە.
تیۆری شارەوانی ئازادیپارێز و ئیکۆلۆژیای کۆمەڵایەتی مۆرای بووکچین کە بۆ یەکەمجار لە ڕۆژئاوا لە تیۆریەوە بۆ پراکتیک جێبەجێ کرا چییە؟ پەیوەندی نێوان ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و مۆڕای بووکچین لە چوارچێوەی فەلسەفەی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا چۆن دروست بوو؟ تیۆری شارەوانی ئازادیپارێز بووکچین چۆن کاریگەری لەسەر پارادایمی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیکی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان داناوە؟ شۆڕشی ڕۆژئاوا و پارادایمەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجالان چۆن لە سەردەمێکدا کە هیوای چەپەکان لە جیهاندا لەدەستچوو دوبارە هیوای پێ بەخشینەوە و بۆ چ کەسانێ بوو بە هیوا؟ وەڵامی ئەمانە و زۆر پرسیاری هاوشێوەمان لەگەڵ ڤینسێنت گەربەر، مێژوونووس و چالاکوانی ژینگەی سویسری کە بە کارەکانی لەسەر بیرمەندی بەناوبانگ مۆرای بووکچین ناسراوە، گفتوگۆمان کردووە.
سەرەتا بۆ تێگەیشتنێکی باشتر دەتوانن دەربارەی چەمکی ئیکۆلۆژیای کۆمەڵایەتی کە مۆرای بووکچین وەک تیۆرێک باسی کردووە و دواتر کردی بە بزووتنەوە هەندێک زانیاریمان پێ بدەن؟
ئیکۆلۆژیی کۆمەڵایەتی، وەک ئاماژەت پێدا، بزووتنەوەیەکی ئیکۆلۆژییە کە لەلایەن مۆرای بووکچینەوە لە ساڵانی شەستەکاندا دەستیپێکردووە، کە دەڵێت ڕەگ و ڕیشەی کێشە ئیکۆلۆژییەکان ڕەگ و ڕیشەی لە کێشە کۆمەڵایەتییەکاندا هەیە. چارەسەرکردنی کێشەی ئیکۆلۆژی تەنیا پاراستنی سروشت نییە، بەڵکوو چارەسەری ئەو پرسانە لەهەژموونی کۆمەڵایەتی لە نێو ئێمەدا هەن. بە واتایەکی تر کێشەی کۆمەڵایەتی و کێشەی ژینگەیی خاوەن یەک پێکهاتەن و بە وشەیەکی سادە پێویستە پێکەوەش چارەسەر بکرێن.
ئێوە دەڵێن ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە بیری مۆرای بووکچین ئیلهامی وەرگرتووە. پەیوەندی نێوان ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و مۆڕای بووکچین لە بواری فەلسەفەی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا چییە؟
عەبدوڵا ئۆجالان لە ساڵی ٢٠٠٤ نامەیەکی بۆ مۆرای بووکچین نووسیوە. هەندێک نامەی نووسراو لە نێوانیاندا ئاڵوگۆڕ کراوە. بەڵام مۆرای بووکچین لەو کاتەدا زۆر پیر بوو و دوای چەند ساڵێک کۆچی دوایی کرد. هەر لەبەر ئەم هۆکارە نەیتوانی بۆ ماوەیەکی زۆر ئەم ئاڵوگۆڕە زانیاریانە بەردەوام بێت. پەیوەندییەکی سیاسی هەبوو کە ئۆجالان بەدوای شۆڕشێک بوو کە بە بێ دروستکردنی دەوڵەتێکی نوێ ئەنجامی بدات و بە ئیلهام وەرگرتن لە بیرۆکە سیاسییەکانی بووکچین لە کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیکدا هەوڵیدا جۆرێک لە کۆنفیدڕاڵی کۆمۆنەکان دروست بکات کە بە بنەماکانی ئیکۆلۆژییەوە بەیەکەوە گرێدراون.
دەتوانیت بۆ باشتر تێگەیشتن لە کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک، پارادایمی شارەوانی ئازادیپارێز مۆرای بووکچین ڕوون بکەیتەوە؟
شارەوانی ئازادیپارێز لایەنی سیاسی بیرکردنەوەی مۆرای بووکچینە. لە ڕوانگەی ئەوەوە کۆمەڵگا دەبێت لامەرکەزی بێت، لە ڕووی سیاسییەوە و دواتر زۆرترین کۆمۆنی سەربەخۆی سیاسی هەبێت. ئەم کۆمۆنانە دەتوانن یاسا و دەستووری خۆیان دروست بکەن و کۆببنەوە بۆ هاوبەشکردنی داهاتەکان. مەسەلەکە بەرگریکردن و دروستکردنی تۆڕێکی دیاریکراوی کۆمۆنەکانە کە پێکهاتەیەک پێکبهێنێت بەبێ دروستکردنی فەرمانگەیەکی حکومی ناوەندی. بە واتایەکی تر مەسەلەی دروستکردنی کۆنفیدڕاڵییە بەبێ دامەزراندنەوەی دەوڵەتی ناوەندی.
ئەوەندەی من بزانم ئۆجالان لە زینداندا ڕوانگەکانی بووکچینی خوێندەوە و ئیلهامی لە تیۆرەکەی وەرگرتووە. لەبری ئەوەی دەوڵەت نەتەوەی کوردی دروست بکات، ڕووی لە ئەڵتەرناتیڤی دیکە کرد. بە ئیلهام وەرگرتن لە بیری بووکچین، ئامانجی ئەوە بوو کە لە بنەمای کۆمەڵگاوە بەدیلێک دابڕێژێت کە لەسەر بنەمای شۆڕشێک بێت، بەبێ ئەوەی بە زەبری چەک دەسەڵات بگرێتە دەست.
بیرۆکەکە لێرەدایە؛ لە هەر شوێنێک کە بتوانرێت دەست بە ڕێکخستنی کۆمەڵەکان و ئاراستەکردنی دیموکراسی بکرێت، بۆ ئەوەی خەڵک هەست بە ئاسوودەیی بکەن لە بڕیاردان و دروستکردنی دامەزراوە دیموکراتیکەکان بەبێ ئەوەی چاوەڕوانی پشتیوانی دەوڵەت و دەسەڵات بن. لەم بوارەدا پێدەچێت کاریگەرییەکانی فکرەکەی بووکچین لە سەر بیرۆکەکانی عەبدوڵا ئۆجالان بوونی هەبێت.
سەرەڕای ئەمانە جیاوازی هەیە. بە تایبەت کە ئەو سیستەمەی لە ڕۆژئاوا دادەمەزرێت، لە چوارچێوەی شەڕ و کێشە سیاسییەکان ڕوودەدات، وا دیارە سیستەمی مەبەست بەو جۆرەی دەبێ دابمەزرێت، بنیات نەنراوە.
بووکچین ڕوانگەیەکی زۆر ڕادیکاڵانەی بۆ هیچ سیاسەتمەدارێکی هەڵبژێردراو نەبوو، هەموویان بەشدارییان لە کومەڵە دیموکراتیکەکانی کۆمۆنەکەدا دەکرد.
من قەد نەچوومەتە ڕۆژئاوا، بەڵام بە پێی ئەوەی دەیزانم و ئەو زانیاریانەی کە لەبەردەستمدایە، هێشتا سەربەخۆیی کەمتر دراوە بە کۆمۆنەکان. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ڕوویداوە، پێدەچێت گرژییەک لە نێوان خواستی ناوەندگەرایی و پێویستی دیموکراسیدا هەبێت بۆ ئەوەی ڕێگە بە هەمووان بدەن و هەڵسەنگاندن بۆ خۆیان بکەن.
هەروەها لە کاتێکدا بووکچین زیاتر سەرنجی لەسەر کێشە ئیکۆلۆژییەکان بوو، عەبدوڵا ئۆجالان زیاتر سەرنجی لەسەر فێمینیزم یان ئازادیی ژنان بوو. بەڕای من بەڕاستی شتێکی باش و ڕاستە کە ئۆجالان بە ڕێوشوێنی وەک سەرۆکایەتی هاوبەش و پرسی یەکسانی جێندەری دەکات. ئەمەش جیاوازییەکی دیکەی نێوان بووکچین و پارادایمی ئۆجالانە.
هەروەها ڤینسێنت ئاماژەی بەوەدا کە شۆڕشی ڕۆژئاوا وەک بەدیلێکی بەهێز بۆ بیرۆکەی دەوڵەت نەتەوە پەرەی سەندووە و وتی: "ڕۆژئاوا ئەو شوێنەیە کە تیۆرییەکانی تێدا جێبەجێ کران. هەر بۆیە زۆر گرنگە. بیرۆکەی بەڕێوە بردنی شارەوانی ئازادیپارێز بۆ یەکەمجار لە ڕۆژئاوا ڕەنگی خۆی نیشان دا. سەلماندی کە تیۆرێکی سەرکەوتووە. ئەمەش لە سایەی بیرۆکەی ئۆجالانەوە ڕوویدا. هەروەها پێویستە پاڵپشتی شۆڕشی ڕۆژئاوا بین. شتێکی دیکەی گرنگ ئەوەیە کە شۆڕشی ڕۆژئاوا سەلماندی کە سەرمایەداری شتێک نییە کە قەد شکست ناهێنێت.
لە کۆتایی قسەکانیدا ڤینسێنت سەرنجی بۆ هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ڕۆژئاوا ڕاکێشا و وتی: " لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ڕۆژئاوا، پێویستە پشتیوانی ڕۆژئاوا بکەین کە بە پێی ڕێسا نێودەوڵەتییەکان دەوڵەتی تورک مافی ئەوەی نییە هێرش بکاتە سەر ڕۆژئاوا. هەروەها نابێ له بیرمان بچێت ئەمریکا بەرامبەر هاوپەیمانەکان بەڕپرسیاریەتی هەیه و دەبێت به بیری ئەوەروپا بێنینەوە قبووڵکراو نییه که تا ئێستاش پەکەکه وه ک گرووپێکی تیرۆریستی پێناسه بکرێت. نابێت بەو شێوەیە پێناسەی ئەو ڕێکخستنە بکەین کە لە شەڕی دژی داعش دا هاوکاریمانی کرد. بەڕاستی پێویستمان بە گۆڕینی تێڕوانینی جیهانە بۆ پەکەکە لە ڕۆژئاوا. پێویستە پەکەکە وەک بزووتنەوەیەکی ئازادیخواز ببینن. پەکەکە و ڕۆژئاوا پێویستیان بەوەیە وەک بنیاتنەری پڕۆژەیەکی دیموکراتیک سەیر بکرێن. هەروەها پێویسته سیستەمی ڕۆژئاوا نە تەنها بۆ سوریا، وه ک ئۆجالان وتی پێویسته بۆ دیموکراتیک بوونی تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست به کاربهێنرێت.
"گۆشەگیریی ئۆجالان شەرمەزارییەکی گەورەیە"
لە درێژەی قسەکانیدا ڤینسێنت ،گۆشەگیریی عەبدوڵا ئۆجالانی شەرمەزار کرد و سەبارەت بەو گۆشەگیرییە وتی: "گۆشەگیریی ئۆجالان شەرمەزارییەکی گەورەیە، ئۆجالان زیندانییەکی سیاسییە. قبوڵکراو نییە پەیوەندییەکەی لەگەڵ جیهانی دەرەوە بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ ببڕدرێت. دەتوانین وەک نموونەیەک دۆخی ماندێلا نیشان بدەین. کە ماندێلاش لەلایەن کەسانی هاوشێوەوە بە بارمتە گیرابوو. ساڵانێکی زۆر لە زیندان بوو و کاتێک لە زیندان دەرچوو وەک فریادڕەس و قارەمانێک پێشوازی لێکرا. پێویستە لەمانە وانەیەک وەربگرین. لە جیهانی ڕۆژئاوادا سەبارەت بەم پرسی عەبدوڵا ئۆجالان دووڕوویییەکی ئاشکرا دەکرێت. دەمەوێت ئەم پەیامە بدەم و بڵێم ئۆجالان لەبیر نەکەن و بزانن ئۆجالان کێیە و نوێنەرایەتی کێ و چی دەکات.
لە کۆتایی قسەکانیدا ڤینسێنت سەرنجی بۆ هیوابەخشی ڕۆژئاوا ڕاکێشا و وتی: "پێم خۆشە چەند شتێک لەسەر ڕۆژئاوا بڵێم، گرنگ نییە بۆ داهاتوو لە ڕۆژئاوا چی ڕووبدات، گرنگەکە ئەوەیە کارە سەرەکییەکان بە سەرکەوتوویی ئەنجام دراون. شتێکی زۆر درێژخایەن و ئومێدبەخش کراوە. شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی کراوە و ئایندەی وڵات بەردەوام گوزارشت لەم ڕاستیە دەکات. بۆ بەردەوامی و داهاتووی، سڵاو لە گەلی کورد و ڕۆژئاوا دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.