وەزیری دەرەوەی سوید: ئۆپراسیۆنەکانی تورکیا کاریگەری لەسەر ئاسایش و ئارامیی مەدەنییەکان هەیە

ئان لیندە وەزیری دەرەوەی سوید لە وەڵامی پرۆژە پرسیارێکدا رایگەیاند، هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتى تورک بۆ سەر باشووری کوردستان کاریگەریی لەسەر ئاسایشی هاووڵاتییانی مەدەنی و ئارامییان هەیە.

ئەمینە کاکەباوە پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە پەرلەمانی سوید لەبارەی ئەو هەدەپەییانەى لە چوارچێوەی "دۆزی کۆبانێ"دا دەستگیرکراون، لەبارەی هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان پرۆژە پرسیارێکی پێشکەشی ئان لیندە وەزیری دەرەوەی سوید کرد.

لیندە لە وەڵامی پرۆژە پرسیارەکەدا رایگەیاند، هەم لە رێگەى یەکێتیی ئەوروپا و هەم لە رێگەی پەیوەندیی دوو لایەنەوە بە بەرپرسانی تورک-یان راگەیاندووە، کە بە هەستیارییەوە چاودێریی گوشارەکانی سەر هەدەپە دەکەین.

لیندە وتی، "لە هەمان کاتدا ئێمە چاوپێکەوتنمان لەگەڵ نوێنەری هەدەپە کرد و پشتیوانیی خۆمان پێ راگەیاند. من ئەوەم لە دوا سەردانمەدا بۆ ئەنقەرە بە روونی باسکرد. حکومەتەکەمان جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا زۆر بە گرنگ دەزانێت".

لیندە باسی ئەوەیکرد، دۆخی تورکیا لە نزیکەوە چادێری دەکەن و بە تایبەتی دۆخی هاوسەرۆکانی پێشووی هەدەپە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، کە دیل کراون بە نمونە هێنایەوە و وتی، "ئێمە زۆر جار داوامان کردووە، کە دەبێت ئازاد بکرێن".

لەبارەی هێرشە داگیرکەرییەکان لە دژی باشووری کوردستان لیندە وتی، "عێراق لەم ساڵانەی دوایدا کەتووەتە ژێر کاریگەرییە  قورسەکانی شەڕ و لەگەڵ ئاڵۆزیی ناوچەیەدا، ئارامییەکەى بە شێوەیەکی خراپ کاریگەریی لەسەر دروستکراوە".

لیندە ئەوەشی وت، "گرنگە هەموو لایەنەکان رێز لە سەروەریی عێراق بگرن و بەپێی یاسا نێونەتەوەییەکان بجوڵێنەوە".

لیندە لە کۆتایدا وتی، "ئۆپراسیۆنی سەربازیی تورکیا بۆ باکووری عێراق کاریگەری لە ئاسایشی مەدەنییەکان و ئارامییان دەکات. یاسا مرۆییە نێونەتەوەییەکان لە بابەتی پاراستنی مەدەنییەکاندا خاڵی روون و ئاشکرایان دەستنیشان کردووە. لە شەڕێکی چەکداریدا لایەنەکان دەتوانن تەنها لە ئامانجە سەربازییەکان بدەن".

ژ.ت