ئێشکگریی ئازادی لە ٤٦٣هەمین هەفتەدایە

چالاکیی ئێشکگری بۆ ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا لە هەفتەى ٤٦٣هەمیندایە. ئێشکگریی ئەم هەفتەیە بە دەستەیەک لە شاری دویسبورگەوە بەردەوامیی پێدەدرێت.

چالاکیی ئێشکگری بۆ ئازادیی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠١٢ەوە لە لایەن دەستپێشخەریی "ئازادی بۆ ئۆجالان" لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا دەستیپێکردووە و ماوەى ٤٦٣ هەفتەیە بەردەوامە.

چالاکییەکە لە گۆڕەپانی بەردەم دامەزراوەکان و رێکخراوەکانی ئەوروپا بەڕێوەدەچێت و هەموو هەفتەیەک لەلایەن دەستەیەکی جیاواز لە کوردان و دۆستەکانیان لە ئەوروپا بەڕێوەدەچێت. چالاکییەکە ماوەى ٩ ساڵە بە بەردەوامی بەڕێوەدەچێت و درێژماوەترین چالاکیی کوردانی ئەوروپایە.

ئێشکگرییەکە ئێستا لە هەفتەى ٤٦٣هەمیندایە و چالاکیی ئەم هەفتەیە لەلایەن دەستەیەک لە شاری دویسبورگی ئەڵمانیاوە بەڕێوەدچێت. چالاکوانە ئێشکگرەکان هەموو رۆژێک لە کاتژمێر ٠٧:٣٠ تاوەکو ١٦:٠٠ لە ئێشکگریدان. ئێشکگرانی ئەم هەفتەیە بریتین لە خەبات تاش، ئیسماعیل مینکارا و جەمیل تۆک.

خەبات تاش بە ناوی دەستەکەیانەوە لێدوانێکی دا و سڵاوی لە بەرخودانی مێژوویی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان لە دژی داگیرکەریی دەوڵەتی تورک لە کوردستان کرد و رایگەیاند، سەرکەوتن بۆ گەلی کوردی خۆڕاگر و بەرخودێرە.

خەبات تاش باسی ئەوەیکرد، لە هەر چوار لای جیهانەوە گەلی کورد بۆ ئازادیی خۆی شەڕێکی گەورە بەڕێوەدەبات و وتی، ئێشکگریی ئازادیش لە ناو ئەو تێکۆشانانەى کورداندا گرنگترین چالاکییە لە ئەوروپا.

چالاکوانی ئێشکگر خەبات تاش رایگەیاند، گەلی کورد لە رێگەى ئەو چالاکییە مێژووییەوە، کە ٩ ساڵە لە ئەوروپا بەڕێوەدەچێت ئەوەى نیشانداوە، کە ژیانێکی بێ رێبەرەکەیان قبوڵ ناکەن.

خەبات تاش ئاماژە بەوەکرد، لە ئایاری ١٩٨٣ محەمەد قەرەسونگور و ئیبراهیم بیلگین شەهید بوون و بەو بۆنەیەوە یادی شەهیدانی مانگی ئایار دەکەمەوە و یادیان بەرز رادەگرم.

تاش رایگەیاند، ئامانجی محەمەد قەرەسونگور پێکهێنانی یەکێتیی نەتەوەیی کوردان بوو و پێکنەهێنانی یەکێتیی نەتەوەیی تاوەکو ئێستاش کێماسی و کەموکوڕییەکی گەورەیە.

خەبات تاش باسی ئەوەیکرد، سەرکەوتنی کوردان لە دژی دەوڵەتە داگیرکەرەکان تەنها بە یەکێتیی نەتەوەی بەدی دێت و وتی، پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لەمپەر و رێگری یەکێتیی نەتەوەییە و دەبێت حسابی ئەو رێگرییەى بە گەلی کورد بدات.

تاش سڵاوی لە چالاکیی مانگرتنی زیندانیانی سیاسی و بەرخودانی مێژوویی گەریلا کرد و داوی لە گەلی کورد کرد راپەڕن.

ژ.ت