ڕۆژانی وتووێژ لە گەڵ عەبدوڵا ئۆجالان
ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە زیاتر لە ٢٥ ساڵە لە گۆشەگیرییەکی ڕەها دایە، ماوەی ٣٩ مانگە هیچ زانیارییەک لەبارەی بارودۆخیەوە ڕێگە نادرێت بگاتە دەرەوە. دامەزراوە و ڕێکخراوە ڕێگەپێدراوەکان بە تایبەت کۆمیتەی ڕێگریکردن لە ئەشکەنجەی ئەوروپا (سی پی تی) بەردەوام لە ڕووبەڕووبوونەوەی مەرجەکانی گۆشەگیری ڕەها کە بەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالاندا سەپێنراوە، وەک ڕاگرتنی مافی کۆبوونەوەی لەگەڵ پارێزەر و بنەماڵەکەی و هەموو پەیوەندییەکانی دیکەی بێدەنگن.
لە لایەکی دیکەوە ئەو چالاکیانەی لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەرێکی سیاسی بۆ پرسی کورد" کە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ دەستی پێکردووە، ئەنجامدراون، تا ئێستاش لەناو گەلانی جیهاندا لە گەشەکردن و بەرفراوانی دایە. چین و توێژە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان بەرامبەر بە گۆشەگیریی ئیمرالی و داوای ئازادیی بەڕێزیان کاردانەوەیان نیشان داوە، هەروەها بە پارادایمەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە دیموکراتیک و لایەنگری مافەکانی ژنانە و لەسەر بنەمای کۆمەڵگەیەکی ئیکۆلۆژییە، گرنگی دەدەن.
زیاتر لە ٥٠ شار چالاکی بەڕێوە دەچن
لە چوارچێوەی هەڵمەتی ئازادی و لە ژێر ناوی "وتووێژ لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان" لە زۆربەی وڵاتان وەک فەنلاند، سوید، فەرەنسا، ئاڵمانیا، کەتەلۆنیا، یۆنان، ئیتاڵیا، سویسرا، کۆڵۆمبیا، قوبرس، بەلژیکا، بەریتانیا، پۆڵەندا، سلۆڤینیا و کینیا، لە نێوان ١٥ هەتا ٢٢ی حوزەیران زنجیرەیەک چالاکیی ڕێکدەخرێت.
لەم چالاکیانەدا کە لەسەر بنەمای بێ یاساییە لە ئیمرالیدا، باس لە مانا و گرنگی پارادایمەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ گەلانی جیهان دەکرێت. لە زیاتر لە ٥٠ شار، لە ١٥ وڵاتی جیاجیا، چالاکییە جۆراوجۆرەکان وەک بڵاو کردنەوەی کتێبەکانی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان، خوێندنەوەی نووسراوەکانی لە زیندانەوە، دانانی کۆشکی بڵاو کردنەوەی زانیاری لەسەر گۆشەگیری ڕەهای ئیمرالی، کۆنفڕانس، پانێڵ، شانۆ، چالاکیی هونەری، کۆبوونەوە و بەرنامەی ڕادیۆیی بەڕێوەدەچێت.
"ئێمە لە کاتی وتووێژ لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان داین"
ئەندامانی دەستپێشخەریەکە کە بەردەوامن لەهەڵمەتی"ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی کێشەی کورد"، داوایان لە هەموو لایەک کرد بەشداری لە چالاکیەکان بکەن کە بە ناونیشانی "ڕۆژانی وتووێژ لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان" ڕێکخراون و بیرۆکەکانی بڵاوبکەنەوە.
"بیرۆکەکانی بۆ ئێمە ڕێ نیشاندەرە"
ئەندامانی دەستپێشخەریەکە بە ئاماژەدان بە گرنگی بیرۆکەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، ڕایانگەیاند: "نووسینەکانی عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ڕۆشنبیران، بیرمەندانی ئازاد، زانا، کرێکاران، چالاکوانان، هونەرمەندان، سەندیکاکان، بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، سیاسەتمەداران و هەموو کۆمەڵگاکان ئیلهامبەخشن. عەبدوڵا ئۆجالان ٢٥ساڵ لەمەوبەر وەک ڕێبەری گەلی کورد دوای پیلانێکی نێودەوڵەتی بە دیل گیرا و لە ئیمرالی گۆشەگیر کرا، دوای چەند ساڵێک وەک پێشەنگێکی کۆمەڵگایەکی ئازاد، فرەنەتەوەیی، فرە ئایینی و دیموکراتیک گەڕایەوە گۆڕپانی سیاسەت وتێکۆشان. لەسەر بنەمای بیرۆکەکانی عەبدوڵا ئۆجالان سیستەمێکی کۆمەڵایەتی خۆبەڕێوبەری وئازاد لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بنیات نراوە کە سەبارەت بە ئازادی ژنان، ئیکۆلۆژی و دیموکراسی ڕادیکاڵ، گەلانی هەرێمەکەی لەدەور خۆی کۆکردووتەوە. فەلسەفەی عەبدوڵا ئۆجالان، ھیوایەکی نوێمان بۆ ئەگەری سیستمێکی کۆمەڵایەتی دیموکراسی پێدەبەخشێت. ئەو ئاوازی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ژووری زیندانەکەیدا بە مانیفێستێک داڕشتووە، کە بۆتە دروشمی تێکۆشانی ئازادی ژنان لە سەدەی ٢١ دا و وەکوو قیبلەنمای هەموو ژنانی سەرهەڵدێر و تێکۆشەر وایە.