بۆ پشتیوانی لە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە لەندەن رێپێوان و چالاکی بەڕێوەدەچێت

بڕیارە رۆژی ٢٦ی تشرینی دوەم لە لەندەن رێپێوان و گردبوونەوە بە مەبەستی پشتیوانی لە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی و پشتگیری لە خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەڕێوەبچێت.

کۆلێکتیڤی ژن، ژیان، ئازادی لە بانگەوازێکدا رایگەیاند، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان " بە مەبەستی پشتیوانی لە شۆڕشی ژن ژیان.ئازادی لە ناوخۆی ئێران، بەرخۆدانی کوردستان و بەلووچستان و بەرزکردنەوەی دەنگی هەموو ئازادیخوازان لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئێمە وەکوو کۆلێکتیڤی ژن.ژیان.ئازادی بە پێشەنگایەتی ژنان و هێزە یەکسانیخواز و دیمۆکراتیکەکانی کوردستان و ئێران و لایەنە دیمۆکراتیکەکانی نێو ئەوروپا بەتایبەت وڵاتی به‌ریتانیا لە رۆژی ٢٦ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢ لە شاری له‌نده‌ن چالاکییەک لە چەشنی ڕێپێوان و گردبوونەوەی جەماوەری بەڕێوە دەبەین".

راشیگەیاندووە: " بانگهێشتی هەموو لایەنە ئازادیخوازەکان دەکەین کە بە ڕەنگ و هێمای خۆیان لەم کۆبوونەوەیە بەشداری بکەن بۆ ئەوەی ببێتە چالاکییەکی کاریگەر بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی ژن.ژیان.ئازادی لە کوردستان و ئێران".

دەقی بانگەوازەکە:

بانگەوازی ڕێپێوان بۆ پشتیوانی لە شۆڕش ژن.ژیان.ئازادی

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران ماوەی ۴۳ ساڵە که بە شێوەی جۆراوجۆر، گەل دەچەوسێنێتەوە و مافی ژیانێکی ئازاد و بەختەوەریان لێ زەوت دەکات. لەم پێکهاتە ستەمکار و پڕ لە هەڵاواردنەدا کە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی دایمەزراندووە، ژنان، نەتەوە بندەستەکان (بەلووچ، عەرەب، کورد، تورک و هتد)، چینی کرێکار و هەژار و کەمینە ڕەگەزی و ئایینییەکان، ڕووبەڕووی ستەم و چەوساندنەوەیەکی گەورەتر بوونەتەوە و پەراوێز خراون. ئەم ڕژیمه پیاوسالاره هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی هاتنەسەرکارییەوە ژنانی سەرکوت کردووه، حیجابی زورەملی بەسەردا سەپاندوون و گەلێک نادادپەروەریتری لە یاسای بنەڕەتییدا چەسپاندوون. لە هەمانکاتدا پێکهاتەی فرەنەتەوەیی، ئایینی و زمانەوانی ناو کۆمەڵگای ئێرانی کردوەتە ئامانجی سیاسەتگەلی تاڵانی ئابووری، سەرکوتی سیاسی و ئاسیمیلەکردنی کولتووری. لەناوبردنی مافی ژیان لەلایەن ئەم حکومەتەوە هاوکات بووە لەگەڵ گەشەسەندنی هەژاری و نایەکسانی و وێرانکردنی ژینگه.

به‌ڵام لەم هەموو ساڵە تاریکانەی ستەم و خنکاندندا، چ لە ماڵ، چ لە شەقام و قوتابخانە و کارگەکاندا ڕەنگی بەرخۆدانی نەپساوەی گەل کاڵ نەبوەتەوە. تووڕەیی گشتیی لەپاش کوشتنی کچی کورد ژینا ئەمینی لە ۱۶ی سێپتەمبەر بەدەستی کۆماری ئیسلامی، بەرخۆدانه لێک‌دابڕاوەکانی لە ژێر ناوی شۆڕشی ژن.ژیان.ئازادی یەکخست. ئێستەش زیاتر لە دوو مانگە، ئەم شۆڕشە بووە بە هەوێن بۆ وەرگرتنەوەی مافی ئازادی و ژیان بۆ هەمووان. شۆڕشی ژن.ژیان.ئازادی که له کوردستان دەستی پێکرد ئێستا گەیشتووەتە ئەو قۆناغەی کە لە ڕووبار و دارستانەکانی ئێرانەوە تا منداڵان، گەنجان، ژنان، کرێکاران و هەموو چین و توێژە پەراوێزخراوەکانی دیکە لە ژێر دروشمی ـ ژن ژیان.ئازادی- کۆ کردووتەوە تاکوو بەم دەسەڵاتە خوێنڕێژه بڵێن نەخێر. هەرچەند بەردەوامی ئەم شۆڕشە سەرتاسەرییە تا ئەم ساتە سەرکوتی خوێناوی و ئەشکەنجەی شۆڕشگێڕانی لەگەڵدا بووه  و بە نرخ و تێچووی زۆر لەوانە لەدەستدانی سەدان گیانی ئازیز دەستەبەر بووە.

بە مەبەستی پشتیوانی لە شۆڕشی ژن ژیان.ئازادی لە ناوخۆی ئێران، بەرخۆدانی کوردستان و بەلووچستان و بەرزکردنەوەی دەنگی هەموو ئازادیخوازان لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئێمە وەکوو کۆلێکتیڤی ژن.ژیان.ئازادی بە پێشەنگایەتی ژنان و هێزە یەکسانیخواز و دیمۆکراتیکەکانی کوردستان و ئێران و لایەنە دیمۆکراتیکەکانی نێو ئەوروپا بەتایبەت وڵاتی به‌ریتانیا لە رۆژی ٢٦ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢ لە شاری له‌نده‌ن چالاکییەک لە چەشنی ڕێپێوان و گردبوونەوەی جەماوەری بەڕێوە دەبەین. چالاکییەکەی ئێمە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی جیهانی بۆ نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان واتە رۆژی ٢٥ی نۆڤەمبەر که خوی بۆنەیەکی گرنگە بۆ دەربڕینی پشتیوانی خۆمان له ژنان کە لە هەمانکاتدا پێشەنگایەتی شۆڕشی ژن ژیان.ئازادی دەکەن و بوونەتە قوربانیی توندوتیژیی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران. بۆیە بانگهێشتی هەموو لایەنە ئازادیخوازەکان دەکەین کە بە ڕەنگ و هێمای خۆیان لەم کۆبوونەوەیە بەشداری بکەن بۆ ئەوەی ببێتە چالاکییەکی کاریگەر بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی ژن.ژیان.ئازادی لە کوردستان و ئێران.

شوێن  و کاتی چالاکی: ۲۶ نۆڤەمبەری ۲۰۲۲، له‌نده‌ن، کاتژمێر ۱۴ تا ١٨

شوێنی دهسپێک و کۆتایی:

BBC Portland Place

W1A 1AA

To: 10 Downing Street

 

کۆلێکتیڤی ژن، ژیان، ئازادی
[email protected]

هـ . ب