چالاکوانانی ژنان: لەڕیگەی پەروەردەی کۆمەڵگاوە یەکسانی ڕەگەزی بەدی دێت

چالاکوانانی ژنان لە پەیامێکدا بۆ ژنان دەڵێن: "هیوادارین پاڵپشتی یەکتر بن و هەموو ژنێک گوێ لە ئازارەکانی ئەویتر بگرێت و هەوڵی یارمەتیدانی بدات". جەختیش دەکەنەوە: " لەڕیگەی پەروەردەی کۆمەڵگاوە یەکسانی ڕەگەزی بەدی دێت".

عێراق یەكێكە لەو وڵاتانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست كە یەكسانی ژنان و پیاوان تێیدا لە خراپترین دۆخدایە و دۆخی ژنانی وڵاتەکە بەهۆی شەڕ و ململانیەی لە خراپترین ئاستدایە وە عێراقییەكان یەكێكن لەو گەلانەی كە كەمترین ململانێ لەپێناوی یەكسانی ژن و پیاودا دەكەن، لە پێگەی یەكەوە تا ١٥٦، عێراق لە ١٤٦مدایە. واتە لە ریزی ئەو ١٠ دەوڵەتەدایە كە كەمترین یەكسانی نێوان ژن و پیاویان تێدا پراكتیزە دەكرێت.

 سەبارەت بە دۆخی ژنان لە عێراق، چالاکوانانی کاروباری ژنان لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات(ANF) دوان.

 ژنان بەها و گەورەیی خۆیان بزانن

 سەحەر ئەلقەرەغۆلی نووسەر و ڕاهێنەری پەرپێدانی مرۆیی، سەبارەت بە دۆخی ژنان لە عێراق، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ڕایگەیاند: "ئێمەی چالاکوانانی ژنان بۆ دۆخی ژنان دیدێکی ئەرێنی و گەشەسەندوومان هەیە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵی ئەو ژنانەی لەم بوارەدا کاردەکەن، ئێمە کار لەسەر ئەو مانایە دەکەین کە ژنان جێگەی شانازین لە کۆمەڵگادا و بەها و گەورەیی خۆیان بزانن و سەربەرزبن بە ناسنامەی خۆیان چونکە ئەوان نێوەی کۆمەڵگان و نیوەکەی دیکەشیان دروست کردووە.

 ژنان لەبارەی مافەکانیان هۆشیار دەکەینەوە

 سەبارەت بە هەوڵەکانیان بۆ هۆشیارکردنەوەی ژنان لە مافەکانیان، سەحەر ئەلقەرەغۆلی ڕاهێنەری پەرپیدانی مرۆیی ڕایگەیاند: "ئێمە هەوڵمانداوە یارمەتی ژنان بدەین لە ڕێگەی سازکردنی وۆرک شۆپ و کۆبوونەوە و سیمیناری تایبەت بە هۆشیارکردنەوەی ژنان و ناسینی مافی خۆیان وەکو ژنێک و تاکێکی کۆمەڵگا و هەروەها ناسینی مافەکانیان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی".

 بە ژنان دەڵێین بەهێزتر بن و پشتیوانتانین

فەریدە تائی ئەندامی ڕێکخراوێکی تایبەت بە پاراستنی ژنانە، و ناوبراو لە ڕێگەی ئاژانسی هەواڵی فورات(ANF)ەوە پەیامێکی ئاڕاستەی ژنان کرد و ووتی: "پەیامی ئێمە بۆ خانمان ئەوەیە کە بخوێنن و بەردەوامن لە هەوڵەکانتان بۆ بەدی هێنانی ئامانجەکانتان ئێوە شایەنی زیاترن، هیوادارین یەکسانی ڕەگەزی بەدی بێت،  لەئیستادا چالاکییەکی زۆر هەیە تایبەت بە ژنان تا زیاتر پێشبکەون، ئێمەش وەکو چالاکوانانی ژنان پیان دەڵێین بەهێزتر بن و ئێمەش پشتیوانتانین و لەگەڵتانین".

 خراپی دۆخی ژنانی عێڕاق مایەی شەرمەزارییە

 سەبارەت بەخراپی دۆخی ژنانی عێراق، مونا محەمەد چالاکوانی بواری ژنان بەم شیوەیە باسی دۆخەکەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات(ANF) کرد: "دۆخی ژنانی عێراق بە تایبەت لە گوند و لادێکان، لە بەهۆی شەڕی چەتەکانی داعش ژنان هەن دەستدرێژی کراوەتە سەریان و منداڵان هەن بەهۆی دەستدرێژییەکانەوە بێ باوکن و لە ناسنامەدا ناگەڕینەوە سەر باوک، دۆخەکە ڕاشکاوانە شەرمەزارکەر و پڕنەهامەتیە، ئەمە جگە لە دۆخی ژنانی ئێزیدی کە تا ئیستا بەشێکی زۆریان بە ڕفێندراوی ماون".

 ئەم دۆخە نەوەیەکی زیان بەخش دروست دەکات

 هەروەها لەدرێژەی قسەکانیدا مونا باسی کاریگەی خراپی ئەم دۆخەی کرد لەسەر نەوەکانی داهاتووی عێراق و ووتی: "حکومەت دەبێت بەرەنگاری هەموو ئەم شتە نەرێنیانە ببێتەوە، پێویستە لەسەر حکومەت تەمەشای کێشەکان بکەن و ڕێگە چارەیەکی بۆ بدۆزنەوە چونکە بەردەوامی خراپی دۆخی ژنان و منداڵانی عێراق بەم شێوەیە دەبێتە هۆی دروست بوونی نەوەیەک زیان بەخش بەسەر کۆمەڵگادا کە ناڕازی دەبێت لە کۆمەڵگا و حکومەت".

 پێویستە ژنان پشتگیری یەکتر بکەن

 سەبارەت بە هەوڵەکانیان بۆ باشترکردنی دۆخی ژنان لە کۆمەڵگای عێراقیدا، ئەو کچە چالاکوانە ڕایگەیاند: "لەپێناو باشترکردنی دۆخی ژنان ئێمە خولی هۆشیاری ساز دەکەین، و هیوادارین ئەم خولانە کاریگەرییان هەبێت لەناو کۆمەڵگادا بە عەقڵیەتێکی نەرم و نیان وەریبگرن، وە هیوادارین دۆخی ژنان باشتر بێت، پێویستیشە لەسەر تەواوی ژنان کە پشتگیری یەکتر بکەن، چونکە ئەگەر ئێمە پشتگیری یەکتر نەکەین ئەوە ئێمە ناتوانین هیچ ئامانجێک بەدەست بهێنین کە ئاواتەخوازین".

 لەڕیگەی پەروەردەی کۆمەڵگاوە یەکسانی ڕەگەزی بەدی دێت

 لە کۆتایی قسەکانیدا مونا پەیامیکی ئاڕاستەی دایکان کرد و ووتی: "پەیامێک ئاڕاستەی هەموو دایکان و ژنان دەکەم جا ئێوە خانمی ماڵەوە بن یان لە دەرەوە کار بکەن، هیوادارم یەکترتان خۆش بوێت و هیوادارم پاڵپشتی یەکتر بن، هیوادارم هەموو ژنێک گوێ لە ئازارەکانی ئەویتر بگرێت و هەوڵی یارمەتیدانی بدات و هەوڵی ئەوە بدات لەگەڵی بێت، وە داوا لە دایکان دەکەم کە گوێ لە کچ و منداڵەکانی بگرێت و هەوڵ بدات یارمەتی بدات و پشتیوانی بکات بەم شێوەیە سیستەمی پەروەردەی ئەم کۆمەڵگایە بەرەو باشتر بگۆڕێت، وە هیوادارم دایکان وەک چۆن مامەڵە لەگەڵ کوڕەکەکانیان دەکەن بەهەمان شێوە مامەڵە لەگەڵ کچەکەندا بکەن تا جیاوازی لەنیوانیان دروست نەبێت و لەڕێگەی پەروەردەوە یەکسانی بەدەی بێت".

هـ . ب