داوا دەکرێت رۆژنامەنووس نورجان یاڵچین ٢٠ ساڵ زیندانی بکرێت

دەوڵەتی تورک دەیەوێت سزای ٢٠ ساڵ زیندانیکردن بەسەر رۆژنامەنووس نورجان یاڵچین دا بسەپێنێت.

نورجان یاڵچنی رۆژنامەنووس و ئەندامی کۆمەڵەى ژنانی رۆزا بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە رێکخستن" و "پڕوپاگەندەکردن بۆ رێکخستن" سکاڵای لە دژ تۆمار کرابوو. دانیشتن لەسەر سکاڵاکە لە لقی ٩ی دادگای سزا قورسەکانی ئامەد بەڕێوەچوو. یاڵچین بەشداری دانیشتنەکەى دادگا نەبوو و رەسوڵ تەموری پارێزەری بەشداری دانیشتنەکەى دادگا بوو بوو.

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئامەد نووسراوێکی بۆ داواکاری گشتی و دادگا نووسیوە و تیایدا رایگەیاندووە، نورجان یاڵچین لە ژن نیوزدا هەواڵی بۆ ستایشکردنی پەکەکە و کەجەکە دروستکردووە.

داواکاری گشتیی دەوڵەتی تورک لەو چوارچێوەیەدا داوای کرد لە ٨ ساڵ و ٦ مانگەوە تاوەکو ٢٠ ساڵ سزای زیندانیکردن بەسەر نورجان یاڵچین دا بسەپێنرێت.

پارێزەر رەسوڵ تەمور لەوبارەیەوە رایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئامەد هەواڵەکانی ژن نیوز بەپێی خواست و بۆچوونی خۆیان لێکداوەتەوە و تۆمەت و ئیدعاکانیان راست نییە.

دادگا رایگەیاند، دانیشتنی داهاتوو لە ٢٢ی تشرینی دووەم دا بەڕێوەدەچێت.

ژ.ت