دوای ئەوەی لە ٢٣ی ئابی ٢٠٢٤، لە سنوری قەزای سەیدسادقی سەر بە پارێزگای سلێمانی، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە چاوساغی هێڵی خیانەت لە ڕێی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانە، ئۆتۆمبێلێکی کەناڵی ستێرکی بە ئامانج گرت و تێیدا هەر دوو ڕۆژنامەنووس (هێرۆ بەهادین) و (گوڵستان تارا) شەهید بوون و شەش رۆژنامەنووسیش برینداربوون، ناڕازایەتییەکان بەردەوام لە زیادبووندان و ژنانی ڕۆژنامەنووس بە توندی ئەم هێرشانەیان شەرمەزار و ڕسواکرد.
ڕۆژنامەنووس پەریان ئەحمەد، لەبارەی بۆردوومانەکەوە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیکرد و وتی: "سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهیدان دادەنەوێنم، دیارە بە ئامانجگرتنی ژنان لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاوە دەرخەری ئەو ڕاستییەکە کە ئەوان چەند لە هێزی ژنان و ڕێ و ڕێبازیان دەترسن، بە توندی ئیدانەی دەسەڵاتی کوردی و ئەو سەندیکا و لایەنانە ئەکەم کە بەرامبەر بەم تیرۆر و کۆمەڵکوژیە بێدەنگن و کاردانەوەیان نییە، دڵنیایی دەدەین کە بۆ هەمیشە لەسەر ڕێ و ڕێبازی ڕاستی و هەقیقەت بەردەوام دەبین و ڕێی خۆمان ون ناکەین، وەڵامی ئەو هێرشانە دەدەینەوە و تۆڵەی شەهیدانی خۆمان دەکەینەوە."
هەر سەبارەت بەم پرسە، ڕۆژنامەنووس بێریڤان بەرگارەیی، پێیوابوو کە ئەم تیرۆرە ناکرێ بەبێ چاوساغی هێڵی خیانەت ڕووبدات و وتیشی: " ئێمە ئیدانەی ئەم هێرشە ئەکەین و ڕسوا و شەرمەزاری دەکەین، هەرگیز ناکرێ دووژمن بەبێ هێڵی خیانەت بەم جۆرە شوێن پێیان هەڵبگرێت و بێگومانین کە چاوساغی بۆ دەوڵەتی فاشیستی تورکی دوژمن دەکرێت، دوژمن پێیوایە کە ئێمە دەترسین، بەڵام هەرگیز ناترسین و ڕێ و ڕێبازی شەهیدانی خۆمان درێژە پێدەدەین و وەڵاممان بۆ هێرش و کردەوە قێزەونەکانی دووژمن دەبێت."