سەرچاوەکانی ھەواڵی ئێران بڵاویانکردووەتەوە، دوێنێ چوارشەممە ھێزەکانی دەوڵەتی ئێران لە شارەکانی تاران، ڕەشت، فومەن، بەندەرئەنزەلی و لاھیجان ھەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ژمارەیەک لە چالاکوانانی بواری مافەکانی ژنان و دەستەبەسەریان کردوون و بەرەو شوێنێکی نادیاریان گواستوونەتەوە.
بە گوێرەی ئەو زانیاریانە، زۆربەی ئەو ژنە چالاکوانانەی دەستگیر کراون، خەڵکی شاری ڕەشت-ن و ناوی بەشێک لە دەستگیرکراوان بەم جۆرەیە: زەھرا و زوھرە دادرەس، کە ھەردوکیان خۆشکن، جێلوە جەواھێری، مەتین یەزدانی، فروغ سەمیع نیا.
ھاوکات لە شاری لاھیجانیش، ھەریەک لە شیوا شاە سیاە و واحیدە خۆش سیرەت و لە بەندەر ئەنزەلیش یاسەمین حەشدەری و لە شاری فومەنیش نگین ڕەزایی و لە تارانیش ئیلاھە عەسکری لە لایەن ھێزەکانی سەر بە دەوڵەتی ئێران دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.
ھەندێک لە ژنە چالاکوانانە پێشتریش لە لایەن ھێزەکانی دەوڵەتەوە چەندین جار دەستگیر کرابوون.
لە ١٦ی ئەیلولی ٢٠٢٢، دوای کوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن ھێزەکانی پۆلیسی ئەخلاق لە تاران، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بەرفراوان کە بە سەرھەڵدان 'ژن، ژیان، ئازادی' ناسراوە، رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێرانی گرتەوە و لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵیادی دەستپێکردنی ئەو سەرھەڵدانە، گوشارەکانی ھێزەکانی دەوڵەت بۆ رێگری لە خۆپیشاندان و چالاکییە ناڕەزایەتییەکان زیادی کردووە.
ژ.ن