لە ئێران لەنێوان مانگی ئاب و ئەیلول ١٦ ژن و ٥ مناڵ کوژراون

لە ئێران لەنێوان مانگی ئاب و ئەیلول ١٦ ژن و ٥ منال کوژراون، هەروەها ١١ ژن و ٧ مناڵ بەشێوەیەکی گوماناویی گیانیان لەدەستداوە.

بەگوێرەی ئامارێکی ئاژانسی هەواڵی ژن، بەهۆی زیهنیەتی پیاوسالاری ئێرانەوە، توندوتیژی و ژمارەی کوژراوانی ژنان و مناڵان زیاتر بووە. لەنێوان مانگی ئاب و ئەیلول ١٦ ژن و ٥ منال کوژراون، هەروەها ١١ ژن و ٧ مناڵ بەشێوەیەکی گوماناویی گیانیان لەدەستداوە.

ئامارەکەی ئاژانسی هەواڵی ژن، بەم جۆرەیە:

"٢١ ی ئاب: لە تاران ژنێکی تەمەن ٨٠ ساڵان بە دەستی دەستگیرانی نەوەکەی کوژرا.

٢٢ی ئاب: لەسەر ڕێگای خێرای حەکیمیە لە تاران، تەرمی ژنێک نەناسراو دۆزرایەوە و بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەست داوە.

٢٣ی ئاب: ژنێک لە نەجەفئابادی ئەسفەهان لەلایەن نەوەکەیەوە کوژرا.

٢٤ی ئاب: مناڵێکی تەمەن ١٦ ساڵانی خەڵکی دەلگانی بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستدا. مردنی منداڵەکە بە خۆکوشتن تۆمار کراوە.

٢٥ی ئاب: لە شاری دارەحشەهر لە ئیلام، گەنجێکی تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوی مۆبینا زەینیواد لە لایەن باوکیەوە کوژرا.

٢٥ی ئاب: دوو ژنی گەنجی تەمەن ١٦-١٨ ساڵ بە ناوەکانی مۆبینا خەزایی و سۆنیا بە شێوەیەکی گوماناوی لە بەردەم هێڵی شەمەندەفەری مێهرشەهر لە شاری کەرەج بە مردوویی دۆزرانەوە.

٢٦ی ئاب: ژنێکی تەمەن ٦٥ ساڵ لە تاران لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژرا.

٢٧ی ئاب: شیما ڕەمشەکی تەمەن ١٤ ساڵ لە گوندی شلێری بۆکان بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەست دا. مردنەکەی بە خۆکوشتن تۆمار کراوە. ئەوەش زانرا کە هەوڵیان داوە ئەو کچۆڵەیە بە زۆرەملێ بەشوو بدەن.

٢٧ی ئاب: ژنێکی گەنجی تەمەن ٢٠ ساڵانی خەڵکی تاران بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستدا و ڕووداوەکە وەک خۆکوشتن تۆمارکرا.

٣١ی ئاب: هانیەت مورسالی خەڵکی شاری مەهاباد بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستدا. وەک خۆکوشتن تۆمار کراوە.

١ی ئەیلول: زەهرا مەلەکی قوربانی، خوێندکاری پزیشکی کە خوێندنی لە پارێزگای هورمزگان تەواو کردووە، بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستدا. ڕووداوەکە وەک خۆکوشتن تۆمار کراوە.

٢ی ئەیلول: ژنێکی کۆچەری لەگەڵ هاوژین و کوڕە ٤ ساڵانەکەی لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە کوژران. دوای کۆمەڵکوژییەکە، ئاژەڵەکانی ئەو خێزانەشیان دزیوە.

٤ی ئەیلول: یاسمین ڕەحمەتی کارمەندی پەروەردەیی زانکۆی تاران، لەگەڵ هاوژینەکەی لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە کوژران.

٥ی ئەیلول: ژنێک لە کوێستانەکانی ناوچەی ماهانی شاری کرمان بە شێوەیەکی گوماناوی بەمردوویی دۆزرایەوە.

٧ی ئەیلول: ژنێکی نەناسراوی تەمەن ٣٦ ساڵ و دانیشتووی شاری ئیلام بە کوژراوی دۆزرایەوە.

٧ی ئەیلول: لە شاری نیکشەهر، نازەنین بەلیچی تەمەن ١٧ ساڵ لەلایەن خزمێکییەوە کوژرا.

٧ی ئەیلول: ژنێکی گەنجی تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوی ڕۆیا ڕیگی کە بە ناچاری هاوسەرگیری کرد، بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستدا و ڕووداوەکە وەک خۆکوشتن تۆمارکرا.

٨ی ئەیلول: ژنێک و هاوژینەکەی لە ناوچەیەکی کشتوکاڵی شاری لیڤانای سەر بە ناوچەی بەندەرگاز بە  کوژراویی دۆزرانەوە.

٨ی ئەیلول: ژنێکی ئەفغانی تەمەن ٣٦ ساڵ و دانیشتووی شاری باکرشەهیر لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژرا.

٨ی ئەیلول: ژنێکی پارێزەر بە ناوی سوهەیلا مەعماری لە نووسینگەی خۆی لە شاری مەلایر لە پارێزگای هەمەدان لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە کوژرا.

٨ی ئەیلول: ژنێکی تەمەن ٤٠ ساڵ کە ناسنامەکەی نەزانراوە، لە پردی مەشهەد سەرگی کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەست دا.

٩ی ئەیلول: زیندانی سیاسی پێشوو سارا دلدار کە لە سەردەمی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" دەستبەسەر کرابوو، بەهۆی برینەکانی فیشەک لە جەستە و سەریدا گیانی لەدەست دا.

٩ی ئەیلول: ژنێکی دانیشتووی شاری ئاراک لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژرا.

٩ی ئەیلول: ژنێک بە ناوی نارین ڕەوان خەڵکی گوندی ناچیتی بوکان بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستدا. ڕووداوەکە وەک خۆکوشتن تۆمار کراوە.

١٠ی ئەیلول: ژنێکی بەساڵاچوو کە لە شاری ڕەی دەژی، لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە کوژرا.

١٠ی ئەیلول: ژنێکی گەنج بە ناوی مەریان کە لە تاران دەژیا، ڕۆژێک دوای زەماوەندەکەی بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەست دا. دەوترێت مەریان بەهۆی ئەو دەرمانەی کە خواردویەتی ژەهراوی بووە و گیانی لەدەستداوە.