نامەی سپیدە قلیان دەربارەی پەسەندکردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی

سپیدە قلیان ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر پەسەندکردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی، لە نامەیەکی کراوەدا دەڵێت: "با بە ژیان شەڕی مەرگ بکەین و ببینە دەنگی پەخشان".

چالاکوانی مەدەنی سپیدە قلیان کە لە زیندانی ئەوین زیندانی کراوە، لە نامەیەکدا ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر پەسەندکردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و داوا لە گەل دەکات بە یەکگرتن و پشتیوانی ببنە دەنگی قوربانیان.

دەقی نامەکەی سپیدە قلیان بەم جۆرەیە:

"ئەوەی هەیە ڕەوشی جەنگە. لەپشت دیوارە بەرز و تەلە دڕکاوییەکانی ئەم بەرەیەوە، ئێمەی ژنان هەر ڕۆژە و ناوی لەسێدارەدراوێک بەگوێی یەکدا دەچپێنین و ڕوو لە ئایندە دەکەین. سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی، ئەو ژنەی ڕۆژگارێک بووە پەنای منداڵانی قوربانی جەنگ، پەسەند کرا. لەمەودوا، لەم بەشەی ئێمە ژنێک بوونی دەبێت، کە هەر ساتێک ڕەنگە نەمانی ببێتە چیرۆکێکی تاڵ و برینێکی قووڵ لە ویژدانی ئێمە و ئێوەدا.

پەخشان، هێمای مرۆڤدۆستییە. بەڵام ئێستە لەبەردەم مەرگدا وەستاوە، ئەو مەرگەی لە دادپەروەریییەوە نا، بەڵکو لە ڕق و تۆڵەکردنەوەوە سەرچاوەدەگرێت. هەمان ئەو مەرگەی کە کۆماری ئیسلامیی بە هاوکاری بەشار ئەسەد بەسەر هەزاران مرۆڤی بێ‌تاوانی سوریادا سەپاندی، ئێستەش ئەم چەقۆ خوێناوییەی خستووەتە گەردنی ڕۆڵەکانی ئەم خاکە.

ئەمە تەنها چیرۆکی تاکە کەسێک نییە. چیرۆکی هەموومانە. چیرۆکی پەخشان گرێدراوە بە چیرۆکی هەموومانەوە، بە چیرۆکی ئەو دایکە چاوەڕوانانەی کە خوێنی ڕۆڵەکانیان لەسەر شەقامەکان ڕژا، بە چیرۆژی ئەو کەسانەی "ژیان" بووەتە ئارەزوویان.

کۆماری ئیسلامی دەیەوێت ئێمە لەیەکدی داببڕێت، چیرۆکەکانمان پەرش بکات و بمانخاتە گۆشەگیرییەوە. بەڵام ئێمە دەزانین، ئومێد لە پێکەوەبەستنی ئەم چیرۆکانەدایە، ئومێد لە چینینی زنجیرێکی پتەودایە لە ئازار و بەرخۆدان و فرمێسک و خۆڕاگری.

ناتوانین و نامانەوێت بێدەنگ بین. ئەگەر ئەمڕۆ دەنگ هەڵنەبڕین، سبەی نۆرەی چیرۆکێکی ترە. دەمانەوێت ئەم زنجیرە بەهێزتر بکرێت. مەهێڵن، چیرۆکی پەخشان ببێتە چیرۆکی نەبڕاوەی حەسرەت و بێدەنگی. ببنە دەنگ و چیرۆکی وی.

با بە "ژیان" شەڕی "مەرگ" بکەین. لە ژیان زنجیرێک بچنین، با هەر ئەڵقەیەکی زنجیرەکە ببەستین، ئایا دەستم دەگرت و دەبیتە ئەڵقەیەکی تری ئەم زنجیرە؟

#زنجیری مافی ژیان

سپیدە قلیان

زیندانیکراو لە زیندانی ژنانی ئەوین

١١ ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥".