نێرگز محەمەدی بانگەوازی لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد

نێرگز محەمەدی زیندانیی سیاسیی و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی نامەیەکی ئاراستەی ئەندامان و ئەنجومەنی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک کرد و داوایکرد لەبەرامبەر گوشار و پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ لە بەرانبەر ئێراندا هەنگاوبنێت.

چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ و ژنە زیندانی سیاسی نیرگز محەمەدی پەیوەست بە پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران نامەیەکی ئاڕاستەی دەستەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان کرد.

نێرگز محەمەدی لە نامەکەیدا باسى لەوەکردووە، داوا لە ئەندامانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان دەکەین بەدیهێنانی دیموکراسی و ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە ئێران، مەرجی پێشوەختە بۆ هەر جۆرە دانوستانێک بێت.

دەشڵێت، دەبێت نەتەوە یەکگرتووەکان هەنگاوێکی بە پەلە و یەکلاکەرەوە بگرێتەبەر بۆ ڕاگرتنی ئەو لەسێدارەدانە بەرفراوان و دڕندانەی زیندانیان و هەروەها ئازادکردنی هەموو زیندانیانی سیاسی – ئایینی، وەستاندنی سەرکوتکردنی سیستماتیک و ئامانجدارانەی ژنانی ئێران و تاوانبارکردنی ئاپارتایدی جێندەری، هەروەها ڕاوەستاندندنی سەرکوتکردنی دامەزراوە مەدەنییە سەربەخۆکان.
دەقی نامەکەی محەمەدی بەم شێوەیە:

"بەڕێز گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان

بەڕێز ئەندامانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان

دوو ساڵ بەسەر ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" تێدەپەڕێت کە بزووتنەوەیەک بوو کە هەموو ئێرانی گرتووەتەوە. ئەم بزووتنەوە دیموکراتیکە، داواکارییەکانی دەکاتە دروشمی ژن و ژیان و ئازادی و هاوار بۆ دیموکراسی و یەکسانی دەکات

باجی ئەم ڕاپەڕینە بە کۆمەڵە و هاوپشتی گەل، هاوشێوەی ڕاپەڕین و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی پێشوو، سەرکوتکردنی دڕندانەی گەل بوو، کە بەردەوامە.

جیهان شاهیدی کوشتن و سێدارە و زیندانیکردن و سەرکوتکردنی توندوتیژی و دڕندانەی ژنانە لە شەقام و دەستبەسەرگە و زیندانەکاندا، لەم ڕۆژانەدا نیگەرانین و شاهیدی دەرچوونی سزای لەسێدارەدان بەسەر ژنانی چالاکوان “پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدین”.

نوێنەرانی خۆشەویست

نوێنەرانی ئەم ڕژێمە لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەنێو ئێوەدا دەبن. داواتان لێدەکەم دیموکراسی و ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە ئێران بە جددی و چالاکانە و نەک تەنها بە قسە و ئیرۆنی، مافی مرۆڤ بکەنە مەرجی پێشوەختە بۆ هەر جۆرە دانوستانێک لە هەر ئاستێک و بۆ:

١- ڕاگرتنی لەسێدارەدانی بەربڵاو و دڕندانەی زیندانیانی بێ ماڵ و حاڵ.

٢-ئازادی هەموو زیندانیانی سیاسی و ئایینی.

٣-ڕاگرتنی سەرکوتکردنی سیستماتیکی و ئامانجدەرانەی ژنانی ئێران و بەتاوان کردنی ئاپارتایدی جێندەری.

٤-ڕاگرتنی سەرکوتکردنی دامەزراوە مەدەنییە سەربەخۆکاییەکان ڕێوشوێنی بەپەلە و یەکلاکەرەوە بگرنەبەر."