پۆلیسی تورک هێرشی کردە سەر ژنان: لانیکەم ٥ ژن دەستگیرکران

پۆلیسی تورک هێرشی کردە سەر ژنانی کەجەدپە و ئەنجومەنی ژنان کە لە ئەنقەرە بە دروشمی ' حکومەت دەست لەکاربکێشەرەوە' چالاکیان ئەنجامدابوو.

پلاتفۆرمی ئێمە کوشتنی ژنان بوەستێنین (کەجەدەپە) و ئەنجومەنی ژنان لە کۆڵانی ساکاریای ئەنقەرە کۆبونەوە و پانکارتی ' گیان لەدەستدان لە بومەلەرزەدا و کوشتنی ژنان رادەوەستێنین' بەرز کردەوە. ژنان کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیان ئەنجامدا و دروشمی ' مردن لە بومەلەرزەدا قەدەر نییە و حکومەت دەست لەکار بکێشەرەوەیان' وتەوە. پۆلیسی تورک هێرشی کردە سەر ژنان و لانیکەم ٥ ژن دەستگیرکران.

ئەندامی پلاتفۆرمەکە سەهەیلا ئۆغوز رایگەیاند کە دەسەڵاتی سیاسی لەگەڵ ئەوەی باڵەخانەی بەتاڵ هەبوو، بەڵام بەشە ناوخۆییەکان خوێندکارانی چۆڵ کرد و رێگری لە پەروەردەش کرد و وتی، "  کاتێک لایەنگرانی دەسەڵات باڵەخانە رزیوەکان دروست دەکەن، دەسەڵاتیش سیستمی پەروەردەی زریو دروست دەکات. ئێمە ئەو کەسانە تێکدەشکێنین کە رێگری لە پەروەردە دەکەن."

توئانا گەنجەر ئەندامی پلاتفۆرمەکەش ئاماژەی بەوەکرد، ئەو دروشمانەی کە لە گۆڕەپانەکان بەرز دەکرێنەوە لە خۆیەوە نییە و وتی، " ئەو دروشمانە دەنگی ئەو کەسانەیە کە دەیانەوێت کەسوکاریان رزگار بکەن کە لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکاندابوون. لە ٦ی شوباتەوە مێشکمان لە شوێنی بومەلەرزەکانە. لەوێ گەل لەژێر باڵەخانە رووخاوەکاندا چاوەڕێی مردن دەکات. گەل داوای هاوکاری کرد، بەڵام کەس نەچوو بەهانایانەوە و گیانیان لەدەستدا."

دوای ئەوەی کۆنفڕانسی رۆژنامەنووسی کۆتایی هات، چالاکوانان دروشمی ' حکومەت دەستلەکاربکێشەرەوە'یان وتەوە. پۆلیسیش هێرشی کردە سەر ژنان. لە کاتی دەستگیرکردنی ژناندا، پۆلیس رێگری لە ڕۆماڵی رۆژنامەنووسانیش کرد . بەگوێرەی زانیاریەکان، لانیکەم ٥ ژن دەستگیرکراون.

ف.ق