سلێمانی.. بە دەستپێشخەری کژار سێمیناری ژن، ژیان، ئازادی بەڕێوەدەچێت

لە سەروبەندی یەکەم ساڵیادی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی بە دەستپێشخەری کۆمەڵگای ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کژار) سێمینارێک لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت.

بڕیارە رۆژی چوارشەممە ١٣ی ئەیلولی ٢٠٢٣ کاتژمێر ٠٢:٣٠ پاشنیوەڕۆ لە هۆڵی ئازادبوون، بەرامبەر بە هۆڵی خاک لە سلێمانی سێمیناری ژن، ژیان، ئازادی بەڕێوەبچێت.

سێمینارەکە بە دەستپێشخەری کژار و بە بەشداری ژنای باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان بە بۆنەی تێپەڕبوونی یەک ساڵ بەسەر سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ساز دەکرێت و تیایدا دەستکەوتەکانی ژنان لەم سەرهەڵدانە و یەکگرتوویی و یەکڕیزی ژنان بۆ درێژەدان بە سەرهەڵدانەکە تاوتوێ دەکرێت.

لە سێمینارەکەدا هەریەک لە رۆزەرین کەمانگەر وتەبێژی کۆمیتەی دیپلۆماسی کژار، کانی کەرەم پور، ئەندامی کۆمەڵە-رێکخراوی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران و چیمەن جەوانروودی، ئەندامی رێکخراوی ئاسۆی ژن پانێلێک پێشکەش دەکەن.

سێمیناری ژن ژیان ئازادی بە دەستپێشخەری کژار لە سلێمانی بەڕێوە دەچێت.

رۆژی ١٦ی ئەیلولی ٢٠٢٢ دوای ئەوەی ژینا ئەمینی کچە کوردی خەڵکی شاری سەقز لە شاری تاران بە بیانووی حیجابەوە لەلایەن هێزەکانی بەناو پۆلیسی ئەخلاق کوژرا، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە سەرتاسەری رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستیپێکرد، کە بە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی ناسراوە.

ئەو سەرهەڵدانە کە بە پێشەنگایەتی ژنان و گەنجان بووە درێژخایەنترین و گەورەترین ناڕەزایەتی دەربڕینی تەمەنی کۆماری ئیسلامی ئێران، تائێستاش بە شێوەی جیاجیا بەردەوامە و لە سەروبەندی یەکساڵەی سەرهەڵدانەکەدا ئامادەکاری دەکرێت، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە گوڕی پێبدرێتەوە.

هـ . ب