سلێمانی، کۆنفرانسی ژنانی ئایین و پێکهاتە جیاوازەکان دەستیپێکرد
لە شاری سلێمانی کۆنفرانسی "ژنانی سەربە ئایین و پێکهاتە جیاوازەکان، لەیادی کۆمەڵکوژی شەنگال" دەستیپێکرد و تیایدا جەخت لە پاراستنی پێکهاتە جیاوازەکان کرایەوە.
لە شاری سلێمانی کۆنفرانسی "ژنانی سەربە ئایین و پێکهاتە جیاوازەکان، لەیادی کۆمەڵکوژی شەنگال" دەستیپێکرد و تیایدا جەخت لە پاراستنی پێکهاتە جیاوازەکان کرایەوە.
بەیانی ئەمڕۆ لە هۆڵی ئوتێل داوا لە شاری سلێمانی، لە ٩یەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی شەنگال، کۆنفرانسی "ژنانی ئایین و پێکهاتە جیاوازەکان، بەبۆنەی ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژی شەنگال" بە دروشمی "تێکۆشانی هاوبەشی ژنانی پێکهاتە و باوەڕییەکان، زامنی کۆتایی هێنانی کۆمەڵکوژییەکانە، هەنگاونانە بەرەو بونیادنانی سیستمێکی دیموکرات"، دەستیپێکرد.
سەرەتای کۆنفرانسەکە بە لاوانەوەیەکی دایە شەمێ بۆ کۆمەڵکوژی شەنگال و ژنانی دیلکراوی دەستی داعش دەستی پێکرد.
دوای خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکڕەوانان، وتاری دەستپێکی کۆنفرانس لەلایەن ڕیهام حەجۆ، وتەبێژی تەڤگەری ئازادی ژنان ئێزدی-تاژێ پێشکەشکرا و ئاماژەی بەوەدا، ٩ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان تێدەپەڕێت و تا ئێستا برینی ئیزدییەکان ساڕێژ نەبووە، هەزاران ژن ڕفێندران و کۆمەڵکوژکران، ئەو هێزانەی لە شەنگال بوون پێش کۆمەڵکوژییەکە، شەنگالیان بە تەنها بەجێهێشت، ٣٥٠٠ ژن کەوتنە دەستی داعش و لە بازاڕی کۆیلایەتیدا فرۆشران، تا ئیستاش ١٣٠٤ ژنی دیلکراو لە دەستی داعشدا ماونەتەوە، بە داخەوە لەلایەن عێراقەوە تا ئێستا کۆمەڵکوژییەکە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بە جینۆساید نەناسێنراوە و داعش و هاوکارەکانی دادگایی نەکراون، ئەمەش مایەی شەرمەزارییە.
لە درێژەی وتارەکەیدا، ڕیهام حەجۆ وتی: "بۆ ئەوەی کۆمەڵکوژییەکەی دیکەی سەر ژنانی شەنگال بەردەوام نەبێت، ژنان لەدوای فەرمان خۆیان بە ڕێکخستن کرد و هێزی پاراستنی جەوهەری خۆیان بە ناوی هێزەکانی ژنانی شەنگال-یەژەشەیان دامەزراند و لە چوارچێوەیەدا تێکۆشانیان کرد، چونکە بە ئامانجکردنی ژنان و کۆمەڵکوژکردنیان لە هەر شوێنێک بێت هاوشێوەیە، لە باشووری کوردستان ئەنفال بە هەزاران ژنی کۆمەڵکوژ کرد، جگە لە شەنگال هەموو پێکهاتەکانی وەک، کاکەییەکان، زەردەشتییەکان و هەموو باوەڕییەکانی دیکە ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی بوونەتەوە، بۆ ئەوەی هیچ ئاین و باوەڕیی و پێکهاتەیەکی دیکە ڕووبەڕووی زوڵم و لەناوبردن نەبنەوە، تێکۆشانی بنچینەیی بۆ ژیانێکی ئازاد و دیموکراتیک دەبێتە کاری لە پێشینە و بە هیواین ئەم کۆنفرانسە ببێتە هەوێنی گەشکردنی تێکۆشانی ژنان".
وتاری لایەنەکان خوێندرایەوە
لە درێژەی کۆنفرانسەکەدا لایەنە بەشداربووەکانی کۆنفرانسەکە وتاریان پێشکەشکرد، ئەوانیش، ئەڤین سوێد، نوێنەری خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە باشووری کوردستان، شادی سەمەد، ڕیکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، ڕۆزەرین کەمانگەر، نوێنەری کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان، نورتەن چەلەبی، کۆمیتەی ژنانی باکووری کوردستان.
کۆنفرانسەکە بە دوو پانێل بەردەوام دەبێت
کۆنفرانسەکە بە دوو پانێڵ بەردەوام دەبێت، پانێڵی یەکەم بە ناونیشانی "ڕۆڵی ژنان لەناو گەل و پێکهاتە و باوەڕیە دێرینەکان" کە لەلایەن شەهێن محەمەد بەڕێوە دەبرێت و هەریەک لە سوهام شەنگالی، وتەبێژی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی تاژی، ئەسرا محەمەد، ڕێکخراوی کوردی فەیلی بۆ مافی مرۆڤ، د. نازدار قودرەت، چالاکوانیی کاکەیی، بابەتی تایبەت پێشکەش دەکەن.
پانێڵی دووەم بە ناونیشانی "چۆن ژنان لە خۆڵەمێش خۆیانب و گەلان بنیاد دەنێنەوە، ئەرکی ژنان لە پاراستن و بونیادنانی سیستمێکی دیموکراتیک و هاوچەرخ" لەلایەن ئاوات حیسامەدین، نوێنەری زەردەشتییەکان بەڕێوەدەبرێت و هەریەک لە زەینەب موراد، هاوسەرۆکی کەنەکە، ڤەژین شەنگالی، ئەندامی یەکینەکانی ژنانی شەنگال، فەلەکناس ئوجە، ئەندام پەرلەمانی پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە، بەباتی تایبەت پێشکەش دەکەن.
بڕیارە لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا ئەنجامنامەی کۆنفرانس لەلایەن ئەڤین ئەمین، سوهام شەنگالی بخوێنرێتەوە.
هـ . ب