ته‌ژه‌كه‌-فه‌ بانگه‌وازی بۆ چالاكی له‌پێناو ژینا ئه‌مینی راگه‌یاند

له‌ فه‌ره‌نسا ژنان له‌ چه‌ند شارێك به‌ پێشه‌نگایه‌تی ژنانی كورد به‌مه‌به‌ستی شه‌رمه‌زاركردن كوشتنی ژینا ئه‌مینی له‌ لایه‌ن "پۆلیسی ئه‌خلاق"ی ئێرانه‌وه‌، چالاكی ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

بزوتنه‌وه‌ی ژنانی كوردی فه‌ره‌نسا (ته‌ژه‌كه‌-فه‌) له‌پێناو ژینا ئه‌مینی كه‌ هه‌فته‌ی رابردوو له‌ ئێران به‌ هۆی ئه‌وه‌ی به‌شێك له‌ قژی به‌ده‌ره‌وه‌ بوو به‌ ئه‌شكه‌نجه‌ له‌ لایه‌ن "پۆلیسی ئه‌خلاق"ه‌وه‌ كوژرا، له‌ ٢٤ی ئه‌یلول رۆژی شه‌ممه‌ له‌ چه‌ند شاری فه‌ره‌نسا چالاكی شه‌رمه‌زاكردن ساز ده‌كات.

ته‌ژه‌كه‌-فه‌ داوای له‌ هه‌موو ژنان، رێكخراوه‌كانی مافه‌كانی مرۆڤ، هێزه‌ دیموكراسی و ئازادیخوازه‌كان كرد كه‌ به‌شداری له‌ چالاكی ئه‌مڕۆ له‌ ره‌مسه‌ و رۆژی شه‌ممه‌ له‌ پاریس، بۆردۆ، مارسیلیا و ستراسبورگ بكه‌ن.

ته‌ژه‌كه‌-فه‌ رایگه‌یاند، "ژینا (مه‌هسا) ئه‌مینی كه‌ خه‌ڵكی شاری سه‌قزی رۆژهه‌ڵاته‌ له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌كه‌ی سه‌ردانی تارانی كردبوو، له‌لایه‌ن پۆلیسی ئه‌خلاقی ده‌وڵه‌تی ئێرانه‌وه‌ به‌ پاساوی ئه‌وه‌ی به‌ گوێره‌ی رێساكان سه‌رپۆشی نه‌كردووه‌، به‌ ئه‌شكه‌نجه‌ ده‌ستبه‌سه‌ركرا و كوژرا. ته‌ژه‌كه‌-فه‌ باسی له‌وه‌كرد كه‌ ده‌وڵه‌تی ئێران له‌ دژی چالاكوانانی ژن كه‌ ناڕه‌زایه‌تیان دژی ئه‌و تاوانه‌ ده‌ربڕیوه‌ ئه‌شكه‌نجه‌ی به‌كارهێناوه‌ و به‌م جۆره‌ رایگه‌یاند، "ئێران بۆ كپكردن به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ كۆمه‌ڵكوژی".

ته‌ژه‌كه‌-فه‌ داوای له‌ ژنان كرد كه‌ به‌رخودانی باڵا له‌ ئێران له‌ هه‌موو شوێنێك په‌یڕه‌و بكه‌ن و له‌ كه‌سایه‌تی ژینا ئه‌مینیدا ببنه‌ ده‌نگی ژنانی ئێران. ته‌ژه‌كه‌-فه‌ بانگه‌وازیشی ئاراسته‌ی رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ و رای گشتی نێونه‌ته‌وه‌ییش كرد.

ته‌ژه‌كه‌-فه‌ جارێكیتر رایگه‌یاند، كوشتنی ژینا ئه‌مینی به‌و په‌ڕی رق و توڕه‌ییه‌وه‌ شه‌رمه‌زار ده‌كه‌ن و ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، "ئێمه‌ سڵاو له‌ سه‌رهه‌ڵدانی ژنان له‌ دژی ئه‌و دڕنده‌ییه‌ له‌ ئێران و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌كه‌ین. داوا له‌ هه‌موو بزوتنه‌وه‌كانی ژنان، رێكخراوه‌ شۆڕشگێڕ و دیموكراتیكه‌كان، به‌ تایبه‌تی ژنانی كورد ده‌كه‌ین كه‌ به‌شداری له‌ چالاكیه‌كانی رۆژی شه‌ممه‌ له‌ سه‌رتاسه‌ری فه‌ره‌نسا بكه‌ن".

به‌رنامه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی چالاكییه‌كان كه‌ له‌لایه‌ن ته‌ژه‌كه‌- فه‌وه‌ رێكراون:

بۆردۆ:

Place de la comêdie

شه‌ممه‌ كاتژمێر ١٤:٠٠

مارسیلیا:

Place Canabier

شه‌ممه‌ كاتژمێر ١٤:٠٠

پاریس

Châtelet Les Halles

شه‌ممه‌ كاتژمێر: ١٩:٠٠

ستراسبورگ

شه‌ممه‌

رێمس

پێنج شه‌ممه‌

هـ . ب