تەژەئا: بۆ شکاندنی گۆشەگیری، ١٣ ی تشرینی یەکەم لە گۆڕەپانەکان دەبین!

چالاکوانانی تەژەئا لە ئامەد کۆبوونەوە، بانگەوازیان کرد بۆ بەشداربوون لە "گردبوونەوەی ئازادی" لە ١٣ ی تشرینی یەکەم و گوتیان "بۆ شکاندنی گۆشەگیری دەچینە گۆڕەپانی وێستگە".

لە ئامەد بانگەوازکرا بۆ گردبوونەوەی ئازادی

تەڤگەری ژنانی ئازادی (تەژەئا) لە چوارچێوەی خەباتی ڕێکخراوەیی خۆی لە بینای پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە)ـی ئامەد کۆبوونەوە. ڕۆژێک لەسەر پرسەکان کۆبوونەوە، پاشان بانگەوازیان کرد بۆ بەشداربوون لە "گردبوونەوەی ئازادی" کە ١٣ ی تشرینی یەکەم لە ئامەد ئەنجام دەدرێت.

پەرلەمانتاری دەم پارتی ئامەد، عەدالەت کایا ڕایگەیاند هەموو کێشەکان پەیوەستن بە سیاسەتی شەڕەوە، گوتی: "دەبێت لە گردبوونەوەی ١٣ ی تشرینی یەکەم لە ئامەد، دەنگ و ناڕەزایەتی خۆمان دژی شەڕ و گۆشەگیری هەڵبڕین. لە ١٣ ی تشرینی یەکەم لە ئامەد، پێویستە دژی شەڕ پارێزگاری لە ئاشتی بکەین، دژی پیلانگێڕییەکان پارێزگاری لە ئازادی بکەین. دژی گۆشەگیری، ئازادی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان دەپارێزین. ئازادی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان، واتای چارەسەری پرسی کوردە".

عەدالەت کایا ڕایگەیاند توندوتیژیی سیستەماتیکی ئیمراڵی کاریگەری دەکاتەسەر تەواوی کۆمەڵگە، بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری و ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بانگەوازی کرد هەمووان بچنە گۆڕەپانی وێستگە.

"بانگەواز لە هەمووان دەکەین بچنە گۆڕەپانی وێستگە"

چالاکوانی تەژەئا هاڤا جان، گوتی: "لە کەسێتی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان، تەواوی گەلی کورد گۆشەگیر کراوە. بۆ شکاندنی ئەم گۆشەگیرییە، وەک ژنانی کورد بە ڕەنگ و هەلهەلە و جۆشی خۆمانەوە ڕوودەکەینە گۆڕەپانی وێستگە".

چالاکوانی تەژەئا عادلە فیدان گوتی: "بانگەواز لە هەمووان دەکەین ١٣ ی تشرینی یەکەم بە فەلسەفەی ژن ژیان ئازادی لە گۆڕەپانی وێستگە دەنگی خۆیان هەڵبڕن".