بە دیمەن

وۆرک شۆپی ڕاوێژکاریی ژنان بە ڕاگەیاندراوێکی هاوبەش کۆتایی هات

وۆرک شۆپی ڕاوێژکاریی ژنان بە ڕاگەیاندراوێکی هاوبەش کۆتایی هات و گوترا: "وەک ژنان دەسپێشخەریی دەکەین و بۆ سوریایەکی ئازاد و دیموکراتیک تێکۆشانی هاوبەش دەکەین".

کۆنگرەی ستار بۆ یەکلاکردنەوەی ئایندەی ژنان لەنێو دەستوور و یاسایی نوێی سوریادا، بە بەشداری ٥٠٠ نوێنەر لە شاری حەسەکە وۆرک شۆپی ڕاوێژکاریی ژنانی ئەنجامدا، ژنان لە ناوخۆ و دەرەوەی سوریا بەشداربوون. وۆرک شۆپەکە بە ڕاگەیاندراوێکی هاوبەش کۆتایی هات.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا جەختکراوەتەوە لە ساڵی ٢٠١١ ـەوە ژنان زۆرترین قوربانیان داوە، دەستدرێژییان کرایەسەر و لە بازاڕەکان فرۆشران، گوتراوە: "لەسایەی تێکۆشان و بەرخۆدان و فیداکاری ئارین میرکان و ئاڤێستا خابور و ڕێڤان کۆبانێ و ژیان توڵهەڵدان و سۆسەن بیرهات و سەعادە و هیند و قەمەر و شامرام خابوور و ویداد یونان و ئەلەریا یاقوب و ئەو ژنانەی هێشتاش لە تونێلەکانی شەڕ بەرخۆدان دەکەن، داعش و هێزە داگیرکەرەکان تێک شکێندران".

"دەسکەوتەکانی ژنان لەڕێگەی هاوپەیمانێتی کۆمەڵایەتییەوە مسۆگەرکراوە"

هەروەها جەختکراوەتەوە لەسایەی قوربانیدانەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا سیستەمێکی نوێ لەسەر بناغەی نەتەوەی دیموکراتیک ئافرێندرا، ژنان چەندین دەسکەوتی مەزنیان مسۆگەر کردووە، ئەم سیستەمە بووەتە مایەی هێز و ئیلهام بۆ ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهان، گوتراوە: "ژنان لەڕێگەی هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریاوە مسۆگەر کرد. ئێستەش وەک ژنان کاردەکەین بۆ هاوپەیمانی کۆمەڵایەتیی ژنان، ئەمەش هەنگاوێکە بۆ مسۆگەرکردنی سیستەمی ژنان و ئازادیی ژنان، بەمەش دەمانەوێت دەسکەوتەکان زیاتر بکەین".

پێویستە خەباتی کاریگەر بکرێت

هەروەها جەختکرایەوە سەرەڕای هێرش و هەڕەشەکان دیدگای نەتەوەی دیموکراتیک لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەردەوامە، پێویستە کاربکرێت تاوەکو ئەم سیستەمە بە تەاوی سوریادا بڵاوببێتەوە، ئاماژە بەوە کراوە هەوڵ دەدرێت دیسانەوە دەوڵەتێکی تاکڕەنگ و مەرکەزی دابمەزرێنرێت، بۆیە مافی ژنان و گەلان و باوەڕ و کەلتوورەکان لەژێر هەڕەشەدایە، ئەمەش ئەگەری ئاڵۆزیی زیاتری لێ دەکەوێتەوە، بۆیە دەبێت تەواوی گەلان و بەتایبەت ژنان خەباتی کاریگەرتر بکەن و چالاکتر لە پرۆسەکەدا ڕۆڵ بگێڕن.

پێویستە ژنان دەسپێشخەریی بکەن بۆ سوریایەکی ئازاد

هەروەها دووپاتکرایەوە، بەهاری گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بە ئازادیی ژنان دێتەدی، بانگەوازکرا: "پێویستە وەک ژنان دەسپێشخەریی بکەین و بۆ سوریایەکی ئازاد و دیموکراتیک تێبکۆشین. دژی سیاسەتی قڕکەر و شەڕی پیاوسالاری، خۆمان بپارێزین و بە دەستی ژنان، سوریایەکی نوێ بنیات بنێین".

بڕیارەکان بەم جۆرەن:

"١- پێویستە بەشێوەیەکی چالاک کاربکرێت بۆ بەدیهێنانی ئەو نەخشەڕێگایەی لەلایەن ئەنجوومەنی ژنانی سوریاوە ڕاگەیاندرا.

٢_ خەباتی کاریگەر بکرێت بۆ مسۆگەرکردنی ماف و ئازادییەکانی ژنان تاوەکو ئەو هاوپەیمانە کۆمەڵایەتییەی لە هەرێمی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا مسۆگەرکراوە، بکرێتە بناغەی دەستووری نوێی سوریا.

٣-هەموو هەرێمە داگیرکراوەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بگەڕێنرێنەوە و کۆچبەرانی ئەو شوێنانە بگەڕێندرێنەوە شوێنی خۆیان.

٤- لە ماوەیەکی کورتدا هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا تەواو بکرێت و ڕابگەیەنرێت.

٥- بە بەشداری ٥٠٪ی ژنان و بە نوێنەرایەتی ژنان و هەموو گەلان و بیروباوەڕ و کولتوورەکانی سوریا، کۆنگرەی نیشتیمانی بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی نوێ لە سوریا بەڕێوە بچێت.

٦-بەشداری پێکردنی ژنان لە حکومەتی کاتی بۆ نوێنەرایەتیکردنی ئیرادەی ژنان.

٧- ژنان لە لیژنەی نووسینی دەستووردا جێگەیان هەبێت.

٨- لە بابەتی مافی ژناندا ڕێگە بە هیچ سنووردارکردنێک نەدرێت.

٩- دەستوەردان لە کارکردن و پەروەردە و مافی گەشت و شێوەی ژیان و جل‌پۆشینی ژنان نەکرێت، تاوەکو بتوانن بە ئیرادەی خۆیانەوە بژین.

١٠_ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا وەک گەرەنتی ئازادیی ژنان ببینرێت".