ئەنجوومەنی ژنانی فیدراسیۆنی دیموکراتیکی عەلەوییەکانی ئەوروپا (فەدا – FEDA) هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی ئیستەنبول و کشانەوى تورکیا لەو رێککەوتنە ئیدانە کرد.
لە راگەیاندراوی فەدادا هاتووە، "رێککەوتنی ئیستەنبول هێڵی سوری ئێمەیە" و داوایکردووە بە خێرایی "هاوپەیمانیی ئاکەپە – مەهەپە، ئەرگەنەکۆن، مافیا چەتەکان" کە رێککەوتننامەى ئیستەنبولیان هەڵوەشاندوەتەوە، زوو بە زوو لەو بڕیارەیان دوور بکەونەوە و دەبێت رێککەوتنی ئیستەنبول دیسانەوە بخرێتەوە کار.
فەدا باسی ئەوەشیکردووە، لەو رۆژەوە کە تورکیا لەو رێککەوتنە کشاوەتەوە، ٦ ژن لە تورکیا کوژراون، ژنان بە بەرخودانێکی شکۆمەدانە ئەو رێککەوتنەی ئیستەنبولیان بەدەستهێنا و هەناسەى لە بەر دەدەن، بۆیە هەرگیز دەستبەرداری ئەو رێککەوتنە نابن.
فەدا ئەوەشی وتووە، "رێککەوتنی ئیستەنبول هێڵی سووری ئێمەیە، هیچ کەسێک ناتوانێت لێمان زەوت بکات".
ژ.ت