ژنە زیندانییەکی سیاسی لە ئێران: شایەتی دەدەم لەسەر دەستدرێژی بۆ سەر ژنانی زیندانی

ژنە زیندانی سیاسی ئێرانی نێرگس محەمەدی وتەکانی وەیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لەبارەی نەبوونی ئەشکەنجە و دەستدرێژی بۆسەر ژنانی زیندانی رەتدەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، ئامادەیە لەو بارەوە شایەتی بدات.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا حسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ پەیامنێری كەناڵی سی ئێن ئێن بە پێچەوانەی بەڵگەكان، جەختیكردەوە، هیچ یەك لە خۆپیشاندەران بە گولـلەی هێزەكانی پۆلیسی ئێران نەكوژراون، هەروەها بانگەشەی ئازادبوونی ژنانی لە وڵاتەكەی كرد، هاوكات ڕاپۆڕتی كەناڵی سی ئێن ئێنی لەبارەی دەستدرێژی كردنە سەر ژنێكی دەستبەسەركراو ڕەتكردەوە.

لە كاردانەوەیەكدا بەرامبەر بە وتەكانی ئەمیرعەبدوڵاهیان نێرگس محەمەدی، چالاكوانی مەدەنی و یەكێك لە زیندانیانی سیاسی ئێران لە پەیامێكی كورتدا، كە لە هەژماری خۆی لە ئینستاگرام بڵاویكردووەتەوە، ڕایگەیاندووە، قسەكانی ئەمیرعەبدوڵاهیان دورە لە ڕاستییەوە و ئامادەم لەسەر ئەشكەنجە و دەستدرێژی و گێچەڵی سێكسی بۆ سەر دەستگیركراوان شایەتی بدەم.

نێرگس محەمەدی ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، لە سێدارەدان، ئەشكەنجەدان، دەستبەسەركردن و سەپاندنی سزای قورس بەسەر زیندانیان لەبەرچاوی جیهاندا ڕوویداوە، بەڵام دەوڵەتی ئێران تەنانەت لە بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكانیش بێباكانە درۆ دەكات و ڕایگشتی جیهانی فریوو دەدات.

محەمەدی جارێكی دیكە دژایەتی خۆی بەرامبەر دەسەڵاتی دەوڵەتی ئێران دووپاتكردەوە و وتی: ئەو سیستمە لەسەر بنەمای سەركوت درۆ و فێڵ بنیات نراوە، كە دۆخی كۆمەڵگای دژوار و بەرەو داڕمان بردووە.

جێی ئاماژەیە، وەزیری دەروەی ئێران لە كاتێكدا توندوتیژی سێكسی بەرامبەر بە دەستگیركراوانی خۆپیشاندانەكانی ئەم دواییەیی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران ڕەتدەکاتەوە، كە بە گوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بڵاوكراونەتەوە، دەیسەلمێنێت هێزەكانی سەر بە دەسەڵات گێچەڵی سێكسی بەرامبەر ژنانی گەنج دەكەن.

هـ . ب