ژنان لە شەنگال بۆ ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕێپێوانیان ئەنجام دا

ژنان لە گوندی بارێ-ی شەنگال بۆ ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕێپێوانیان ئەنجام دا.

بە پێشەنگایەتی بزووتنەوەی ئازادی ژنانی ئێزدی (تاژێ)، سەدان ژنی ئێزدی و عەرەب لە گوندی خەلەف لە شەنگال بۆ ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کۆبوونەوە و بەرەو گوندی بارێ بەڕێکەوتن. ژنان لە ڕێپێوانەکەدا وێنەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ئاڵای تاژێ-یان بەرزکردبووە.

لە ڕێپێوانەکەدا ژنان بەردەوام دروشمەکانی "ئێمە کۆتایی بە گۆشەگیری دەهێنین، فاشیزم دەڕوخێنین، لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا بە ئازادی دەژین"، "بە گیان، بەخوێن، ئێمە لەگەڵتین ئۆجالان" و "بێ سەرۆک ژیان نابێت"یان دەوتەوە.

دوای گەیشتنی ڕێپێوانەکەی ژنان بۆ گوندی بارێ، ڕیهام هچۆ، ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەری تاژێ، بەناوی جەماوەرییەکەوە  بەیاننامەکەی خوێندەوە هچۆ رایگەیاند، گۆشەگیرییەکی توند لە دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجام دەدرێت و وتی: "لە ئیمرالی نادادی و زوڵمێکی گەورە هەیە. ئەم نادادییە پێچەوانەی هەموو یاسا نێونەتەوەییەکانە. ئامانجی تورکیا و هێزە نێونەتەوەییەکان ئەوەیە، بیر و ڕامانەکانی رێبەر ئاپۆ بە گەل نەگات، چونکا گەل بە بیر و ڕامانەکانی ڕێبەر ئاپۆ ژیانێکی ئازاد بۆ خۆی بنیاد دەنێت".

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، هچۆ ڕایگەیاند، ژنانی ئێزدی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی ژنانی عێراق، لە ڕێگەی بیر و ڕامانەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە ڕزگاربون و وتی: "ئێمە لە سایەتی بیر و ڕامانەکانی ڕێبەر ئاپۆوە خۆمان رێکخست. بۆیە ئەرکی ئێمەیە بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ تێبکۆشن. ئێمە بەڵێن دەدەین، هەتا گۆشەگیری و فەرمانەکان تێکنەشکێنرێن بەردەوام دەبین لە تێکۆشانمان".

چالاکییەکە بە وتنەوەی دروشم کۆتایی پێهات.

ژ.ت