ژنانی عەفرین و شەهبا بۆ ٨ی مارس ڕێپێوانیان ئەنجامدا

هەزاران ژنی عەفرین و شەهبا لە ناوچەی شەهبا بەبۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژنانی زەحمەتکێشەوە ڕێپێوانێکیان ڕێکخست.

لە هەرێمی شەهبا بە بۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژنانی زەحمەتکێش ڕێپێوانێک بە بەشدارییان هەزارانی ژنی عەفرین و شەهبا  بە دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی، بەرەو شۆڕشی ژنان' رێکخرا. ژنان بە دەنگ و ڕەنگی خۆیان ڕژانە سەر شەقامەکان و دەستیان بە رێپێوانکرد. لە ڕێپێوانەکەدا ئاڵاکانی کۆنگرەی ستار، وێنەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ئاڵاکانی پەکەکە بەرزکرابوونەوە. لە ڕێپێوانەکەدا ژنان بە بەردەوامی دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' یان دەوتەوە.

 ڕێپێوانەکە لە گوندی تل قراە دەستیپێکرد و تا گوندی تل سۆسن بەردەوام بوو. لەبەردەم شارەوانیی گوندی تل سۆسن دا دوای خولەکێک ڕێزگرتن بۆ گیانی پاکی شەهیدان، ئەندامانی ڕێکخراوەکان، دەزگاکان و ئەنجوومەکان وتەیان پێشکەش کرد. هەروەها وتە  لەلایەن نەسرین عەفرین ئەندامی کۆنگرە ستار، ئەمینە مەلا حەسەن بەڕێوبەری دەستەی ژنان و خەدیجە ئیبۆ ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان پێشکەشکرا.

لە وتەکاندا یادی شەهیدان کرایەوە و ڕۆژی ٨ی مارس لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و شەهیدانی دۆزی ئازادی و هەموو ژنانی جیهان پیرۆزکرا. لە وتەکاندا ئەوەش خرایە ڕوو، لەبەر ئەوەی ژنانی وەک شەهید ساکینە و هەموو شەهیدان هاوڕێی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانن، بە دڵنیاییەوە هیچ هێزێک ناتوانێت ئیرادەی ژنان و ئەو تێکۆشانەی ژنان بەڕێوەی دەبەن، تێکبشکێنێت.

ژنان ئاماژەیان بۆ ئەوەشکرد، ئەو سیاسەتەی بەرامبەر بە ژنان بەڕێوەدەچێت ئامانجی تێکشکاندنی ئیرادەی ژنان و ژنانە لە سەرتاسەری کوردستان، بەڵام دەبێت هەمووان پێەوە یەکبگرن و سەربکەوین.

ژ.ت