ئەو پلانەی لە %٩٩ رێگای دەرچوونی تێدا نییە -٦-

بەر لە ٩ی تشرینی یەکەم دەستیان کرد بە فشارەکانیان. لەگەڵ هەڕەشەکانی تورکیا، ناتۆش هێزێکی سەربازی ئامادە کردبوو و دەستی بە مانۆری سەربازی کردبوو. میسر و ئێران فشاریان بۆ سوریا هێنابوو، سوریاش بە دوای رێگایەکدا دەگەڕا.

بەر لە ٩ی تشرینی یەکەم دەستیان کرد بە فشارەکانیان. لەگەڵ هەڕەشەکانی تورکیا، ناتۆش هێزێکی سەربازی ئامادە کردبوو و دەستی بە مانۆری سەربازی کردبوو. میسر و ئێران فشاریان بۆ سوریا هێنابوو، سوریاش بە دوای رێگایەکدا دەگەڕا. ئۆجالان هەوڵیدا رێگایەک بگرێتەبەر، کە لە%١ی رێگای دەرچوونی هەبوو.

رژێمی ئەنقەرە بەر لە ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨، هەڕەشە و فشارەکانی بۆ سەر شام زیاد کردبوو و لە رێگەی نوێنەرەکانیەوە بۆ هاوکاریکردنی، پەیامێکی ئاشکرای بۆ دەنارد. رێبەری گەلی کورد لە بارەی ئەو هەوڵانەی پلانگێڕەکانەوە دەیوت، "هەوڵی پلانێک کە لە%٩٩ رێگای دەربازبوونی نیە."

لەو رۆژانەدا نەک تەنها ئەنقەرە، لە پایتەختی هەموو وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جموجوڵێکی زۆر هەبوو. هەندێک لە وڵاتان رازیبوونی خۆیان دەربڕیبوو، هەندێکیان ئاشکرایان کردبوو کە ئەگەر شەڕ رووبدات، پشتیوانی لە تورکیا یان لە سوریا دەکەن. بەر لە ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ کرۆنۆلۆژی ئەو رۆژانە بەم شێوەیە بوو.

٣٠ی ئەیلولی ١٩٩٨: بە سەرۆکایەتی سلێمان دەمیرەل سەرۆککۆماری تورکیا دەستەی ئەمنی نشتیمانی (مەگەکە) کۆبووەوە. کۆبوونەوەکە ٦ کاتژمێر ١٠ خولەکی خایاند و تەنها یەک بابەت لەسەر مێزەکە بوو بۆ گۆتوبێژکردن، ئەویش؛ تێکۆشانی دژی ئۆجالان و پەکەکە بوو. هێندەی لە راگەیاندنەکاندا باسی لێوە دەکرا، فشارە دیپلۆماسیەکانی سەر سوریا بێئەنجام بوون و گۆتوبێژ لەسەر رێگا سەربازیەکان کرابوو.

١ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨: مرۆڤ دەتوانێت لە یەکەم قسەی ناو پەرلەمان کە دەمیرەل کردی، لەو بڕیارەی لە دەستەی ئەمنی نشتیمانی(مەگەکە)دا درابوو، تێبگات. دەمیرەل بە ئاشکرا هەڕەشەی لە شام دەکرد و دەیوت، "لەگەڵ هەموو هۆشداری و هەنگاوەکانمان بۆ ئاشتی، بەڵام سوریا واز لە هەڵوێستەکەی ناهێنێت و ئێمە جارێکی تر بە جیهان رادەگەیێنین کە ئیدی وا سەبرمان کۆتایی دێت."

٢ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨: سوپای تورک لەسەر هێڵی ئانتاڵیا، کلیس و دیلۆک لەسەر سنووری سوریا ئامادەکاریە سەربازیەکانی زیاد کرد. حسێن کڤریکوغلو سەرۆئەرکانی تورکیا لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند، لە دژی سوریا جەنگێک لە ئارادایە کە تا ئێستا رانەگەیێنراوە.     

٣ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨: لە سەروبەندی قەیرانی نێوان ئەنقەرە و شامدا کەسێک هاتە ناو گۆڕەپانەکەوە کە کەس چاوەڕوانی ئەوەی نەدەکرد. حوسنی موبارەک سەرۆککۆاری میسر بۆ گۆتوبێژکردنی ئاڵۆزیەکەی نێوان تورکیا و سوریا، چووە سعودیە. موبارەک لەگەڵ مەلیک فەهەد کۆبووەوە و وتی، "دەبێت ئێمە کۆتایی بەم ئاڵۆزیە بهێنین و کۆنتڕڵی بکەین. بۆیە من ئامادەم لە ئەنقەرە و شام چاوپێکەوتن ئەنجام بدەم."

٤ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨: دواتر موبارەک سەردانی شامی کرد و بۆ ماوەی دوو کاتژمێر لەگەڵ حافز ئەسەد سەرۆککۆماری سوریا کۆبووەوە و بە بێ ئەوەی هیچ لێدوانێک بدات بە دەزگاکانی راگەیاندن، لە سوریا دەرچوو. ئەمیر موسا وەزیری دەرەوەی میسر لە سوریا مایەوە و وتی، "بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، ئێمە هەوڵ دەدەین رێگای دیالۆگ بگیرێتەبەر."

٥ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨: موبارەک کە دەیویست لەو ئاڵۆزیەدا رۆڵی نێوەندگیری ببینێت، چوو بۆ ئەنقەرە. موبارەک هێشتا لە ئەنقەرە دانەبەزیبوو، مەسعود یلماز سەرۆکوەزیرانی تورکیا وتی، "بۆ ئەوەی دادگایی بکرێن، داواکارین لە سوریا، عەبدولا ئۆجالان و تیرۆرستانی ترمان رادەست بکەن." بەرەو ئێوارە هەر یەک لە مەسعود یلماز و ئەجەویتی جێگری سەرۆکوەزیران و عیسمائیل جەم وەزیری دەرەوە بۆ گوتوبێژکردنی بارودۆخەکە کۆبوونەوە.

٦ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨: دەمیرەل و موبارەک کۆبوونەوە. دەمیرەل دۆسیەی 'سوریا دەبێت چیبکات'ی رادەستی موربارەک کرد و وتی،" ئەگەر چاوەڕوانیەکانمان نەگەن بە ئەنجام، هەرچیەک پێویست بێت دەیکەین. ئێوە خۆتان باشتر دەزانن کە ئەوەی پێویستە بکرێت، چیە." موبارەک هەمان رۆژ بۆ تەلەفیزیۆنی میسر قسەی کرد و وتی، "بۆ ئەوەی سوریا و تورکیا کێشەکانی نێوان خۆیان چارەسەر بکەن و رێگەی دیالۆگ بگرنەبەر، چەند پێشنیازێکمان پێشکەش بەوان کردووە."

٧ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨: کەشتیەکی ئەمریکی کە هەڵگری مووشەکی توماهاوکی بوو، گەیشتنە کەناراوەکانی دەریای سپی. هەمان رۆژ چەندین فڕۆکەی جەنگی و سەربازی لە بارەگای ئەمریکا لە ئەنجەرلیک نیشتنەوە.

٨ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨: نۆرەی ئێران بوو بۆ ناوەنگیریی نێوان ئەنقەرە و شام. کەمال خەرازی وەزیری دەرەوەی ئێران یەکەم جار چووو بۆ شام و دواتریش چوو بۆ ئەنقەرە. بە پێی راگەیاندنەکانی تورکیا، دەمیرەل بە خەرازی وتووە، "پشتیوانی لە سوریا نەکەن، ئەگەر نا ئێوەش زەرەر دەکەن."

ئامادەکاری سەربازی و مانۆری سەربازیی ناتۆ

لەو سەروبەندەدا، لە نێوان ئەنقەرە و شام ئەم شتانە روویاندا، لە دەریای سپیش رووداوێکی سەرنجڕاکێش روویدا. لە ٣ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨، ١١ وڵاتی ئەندام لە ناتۆدا لە ژێر ناوی ‘Dynamîc Mix 98’ نزیک لە سنووری سوریا لە ئەسکەندەرون دەستی بە مانۆرێکی سەربازی کرد. ٢٥٠٠ سەربازی هێزی دەریایی و زەمینیی ئەمریکا لە ئەسکەندەرون جێگیر کرابوون. بە پێی وتەی چەندین چاودێر، لە سوریا شەڕێک دەستی پێدەکرد و ناتۆش لەناو ئەو شەڕەدا جێی دەگرت. عەبدولا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لەو جموجوڵە تێگەیشت و لە ٩ی تشرینی یەکەمدا لە سوریا دەردەچوو. سەیر لەوەدا بوو کە ئەو مانۆرە لە ١٥ی تشرینی یەکەمدا کۆتایی پێدەهات و سەربازەکانی ئەمریکاش لە ئەسکەندەرون دەکشانەوە.

بانگەوازی، 'تاوانی کوشتنی پالمە ئاشکرا بکەن'

عەبدولا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بە رێگای ئاسمانی لە شام دەرچوو و بۆ ماوەی هەفتەیەک هیچ زانیاریەک لەبارەیەوە نەبوو. ئۆجالان لە ١٥ی تشرینی یەکەمدا بە تەلەفۆن بەشداری لە بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنی مەد دا کرد. عەبدولا ئۆجالان لە سەرەتای قسەکانیدا وتی، "بەر لە هەموو شتێک، بۆ گەلەکەمان و هەموو وڵاتانی موسلمان و مرۆڤایەتی پێشکەوتووخواز، لە کەسایەتی ئێمەدا، لەسەر گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پلانگێریەک سەپێنرابوو. ئەم پلانگێریە کە نیوەچڵە مایەوە، سەرکەوتوو نەبوو." عەبدولا ئۆجالان دواتر ئاشکرای دەکرد کە ئامانج لەمە چیە.

رێبەری گەلی کورد پلانگێریی ٩ی تشرینی یەکەمی دەبەستەوە بەو پلانەی دژی بزوتنەوەی ئازادی کورد بەڕێوە چوو کە دوای ساڵی ١٩٨٦ کاتێک ئۆلف پالمە سەرۆکوەزیرانی سوێد کوژرابوو، ئەمەشی ئاشکرا دەکرد، "ئەم تاوانە کە بە مەبەست کرابوو، دواتریش رەشکردن و ناشرینکردنی هەموو کورد، کاری گلادیۆ بوو. بۆ نمونە وتیان 'بڕیارەکە لە لای ئاپۆوە هاتووە' من زۆر حەزم دەکرد بزانم ئەو فەرمانە لەکوێوە هاتووە. هەروەک چۆن لەم رۆژانەشدا رۆژنامەی حوریەت ئەم مانشێتەی دانابوو، 'سبەینێ ئەم فەرمانە ئاشکرا دەکەین' بەڵام ئاشکرا نەکرا. ئەگەر ئاشکرا کرابا ماسکەکان لادەچوون و رووی ناوخۆیی پلانگێریەکەش ئاشکرا دەبوو. داواکارم لە بینەران و گەل و رۆژنامەنووسان و رۆشنبیران، بە هۆشیارانە رووداوەکەی پالمە براورد بکەن. هەمان پلانگێری ئێستا لەدژی ئێمە بەڕێوە دەچێت. پلانی لەناوبردنی پالمە رووداوێکی گرنگە و تا ئێستا ئاشکرا نەبووە، هێندە کە ئاشکرا ناکرێت."

ئەو شوێنەی منی لێم، بوردومان دەکرا

دوای چەندین ساڵ ئاشکرا دەبوو کە تاوانی کوشتن پالمە، کە رێبەری گەلی کورد داوای کردبوو ئاشکرا بکرێت، هیچ پەیوەندیەکی بە پەکەکەوە نیە. بڕیار بوو لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٠ دا داواکاری گشتی سوید رایبگەیێنێت کە ستیگ ئەنگسترۆن تاوانباری کوشتنی پالمە لە ساڵی ٢٠٠٠دا مردووە و لە بارەی ئەو پرسەی 'پەکەکە هیچ پەیوەندیەکی بەو رووداوەوە نیە' دەیوت، "دروستکردنی پەیوەندیەکی بەم شێوەیە شتێکی بێبنەمایە."

عەبدولا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە قسەکانیدا بەم شێوەیە باسی لە وردەکاری ئەو شتانە دەکرد کە لە ٩ی تشرینی یەکەمیدا روویانداوە:" ئەو رۆژەی تەلەفیزیۆنی مەد سڕایەوە، ئێمە لە ئاسمان بووین. بۆ دەستپێکردنی ئەم شەڕە، فڕۆکە جەنگیەکان و ئامادەکردنی کەشتی و موشەکەکانی ناو کەشتیەکانی ناو دەریای سپی، هەموویان بۆ من بوون. دەبێت ئەوەیان ئاشکرا کردبا کە من لە چی کاتێکدا لە کوێم.

ئێستا با سەرنج بدەین، دەڵێن 'ئاپۆ لە کوێیە' و لەمە زیاتر هیچ قسەیەکی تریان لەدەم نایەتە دەرەوە. رۆژنامەنووسان لە مانشێتەکاندا وتیان، 'یان ئاپۆ یان شەڕ'. ئەمە راست بوو. هەموو شتێک لە من ئاسی ببوو. شەڕەکە دەستی پێدەکرد، بەڵام ئەو پیاوە لە کوێ بوو؟ سووریەکان شڵەژاون، دەڵێن "ئێمەش نازانین لە کوێن' پێیان دەڵێن 'نا، دەبێت بیدۆزیتەوە' سوریا دەڵێت 'کاتمان بدەرێ'، دەڵێت 'نا، کاتت پێنادەین'. کۆتایی بە کاتەکە هات. ئیدی چەقۆ گەیشتە سەر ئێسقان. گومان لە بڕیاردانی شەڕدا نیە، بەڵام زۆر گرنگە کە من لە کوێم.

لە ٩ی تشرینی یەکەمدا بوردومان دەکرا. بۆ ئەوەی ئەم بڕیارەش جێبەجێ بکرێت، پێویستی بە شوێن و کات هەیە. سەرنج بخەنە سەر هەوڵەکانی ئەو رۆژە. مەسعود یلماز وتی، 'کۆتایی پێهات، ئەمە دوایین هۆشداری بوو'. بڕیاری شەڕ دراوە، هەموو کەسێک ئەمە دەزانێت.  لە پەرلەمانیش بە یەکدەنگی ئەم بڕیارەیان قبوڵ کرد. بەڵام بە رێکەوت، بۆ دەستنیشانکردنی ئەو کات و شوێنەی ئێمەی لێدەبین، بە بڕوای من لە ماوەی سێ رۆژدا کارێک هەبوو کە دەبێت بیکەن. ئەمە پێویستی بە روونکردنەوە هەیە. بەڕاستی بە هەندێک لە دۆستەکانمان وتبوو، لەم کاتژمێرەدا لە فلان شوێن دەبین. من ناتوانم بڵێم گومانیان لێدەکەم، بەڵام لێکۆڵینەوەی لێدەکەین، دەبوایا لەو کاتژمێرەدا بەڵێنێکیان جێبەجێ کردبا. ئەو بەڵێنەیان جێبەجێ نەکرد و وتیان، 'ئێوە بۆچی دەڵێن لەو کاتژمێرەدا ئەو شتە جێبەجێ بکرێت؟ لێرەدا بۆنی پلانگێری دێت' و من قبوڵم نەکرد. ئەم بارودۆخە رێگای بۆ گوتوبێژێکی دوو کاتژمێری کردەوە. لە %١٠٠ چاوەڕوانیەکی بەم شێوەیە لە ئارادا نەبوو. ئەو شتانە ساڵی پاریش هاتنە سەر رێگامان. لە گوتوبێژێکی بەم شێوەیەدا، ئێمەش شڵژاین. وتمان 'ئەگەر وایە ئێوەش ئاگاتان لە یاریەکە هەیە'. ئێوە بۆچی کاتمان بەسەردا دەسەپێنن؟ لەگەڵیشیدا شتێک کە پێچەوانەیە دەسەپێنن. هەم کاتەکەی هەم پێچەوانەکەی. ئەمە بێگومان پلانگێریەکە لە دژی ئێمە. لەم گوتوبێژەدا، کە دەمانوت قبوڵمان نیە، ئێمەش شوێن و کاتەکانمان بەو پێیەی خۆمان لێی تێدەگەین و چاوەڕیی دەکەین، جێبەجێمان کرد. ئەمە شانس یان رێکەوت یانیش هەڵبژاردەیەک بوو.

ئەو کات و ساتەی کە بە نیاز بوون بە مووشەک هێرش بکەن وەکو ئەوان دەرنەچوو، شوێنیش ئەو شوێنە نەبوو کە چاوەڕێ بوون. ئەوان دوو شوێنیان هەڵبژاردبوو، کاتێک ئەو دوو شوێنە نەبوو، ئەو شوێنەی ئێمە بۆی دەڕۆین، پلانەکەیان بەڕێوە نەچوو. دەتوانم بە ئاشکرا ئەمە بڵێم کە ئەگەر کات و ساتەکە بە پێی دڵخوازی ئەوان بوایا، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شەڕێکی نوێی ناوچەیی دەستی پێدەکرد. وەکو پەرتوکی Glancyی 'ئەو چالاکیانەی رێگا بۆ شەڕ دەکەنەوە' ئەو شوێنەی ئێمەی لێبووین، ئەوان دەیانوت، گوایا سوریایە، ئەو شوێنەیان بوردومان دەکرد. بۆ بوردومانکردنی ئامانجە ئابوریەکان، لە رۆژنامەکاندا زۆر شتیان نووسیبوو. دەڵێم گوایە بە پێی ئەم نووسینانەیان، هەموو ئامانجە ئابوریەکانی سوریا و کۆشکی سەرۆکوەزیرانیش بوردومان دەکرا. ئۆپڕاسیۆنێکی نیوەچڵە، شووریان لێهەڵکێشاوە و نایانەوێت شمشێرەکەیان دابنێن." 

پلانی (بی)ی پلانگێریەکە ئینتەرپول بوو

عەبدولا ئۆجالان رایدەگەیاند، بەهۆی ئەوەی شوێنەکەی ئاشکرا نەکرابوو، مووشەکیان نەهاوێشت و لە قسەکانیدا دەیوت، "ئێستا دیسان تاقی دەکەنەوە، بڕیاریان داوە." ئەو هێزانەی لە ٩ی تشرینی یەکەمدا پلانگێریەکەیان ئامادە کردبوو، بیریان لە چوونە دەرەوە لە سوریا کردبوو و لە بارەی رێبەری گەلی کوردەوە بە شێوەی 'بەپەلە' لە ناو ئینتەرپولدا بڕیاری گرتنیان دابوو. ١٠ رۆژ دوای دەستپێکردنی پلانگێریەکەوە لە ١٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ عەبدولا ئۆجالان بە رێگای تەلەفۆن بەشداری بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنی مەد بوو و وتی:"بۆچی لە ٩ی تشرینی یەکەمدا بڕیاری گرتنی 'بەپەلە' درابوو؟ بۆچی رۆژێکی تر نەبوو؟ ئەمە دەیسەلمێنێت کە پلانگێریەکە نێودەوڵەتیە. ئەمە لە هەموو شوێنێک بڵاو کراوەتەوە، 'ئەو کەسە بچێتە هەر وڵاتێک، رادەگیرێت'. ئەو پلانەی من پێی دەڵێم لە%٩٩ رێگای دەرچوونی نیە، ئەمەیە.

لە دەریای سپیەوە تا سنوورەکانی سوریا، مووشەک جێگیر کران. ١٠ هەزار سەرباز لە زاخۆ جێگر کران. خایینەکانی پەدەکە، لە هەرێمی گارە دەستیان بە هێرش کرد. رێوشوێنێکی وەهایان گرتەبەر، ئەمانە هەموویان بەڵگەن. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی راگەیاندنێکی سووریان بڵاو کردەوە، گوایا ئێمە بچین بۆ هەر وڵاتێک، لەو وڵاتە دەستگیرمان دەکەن. باشە، دەتوانین بچین بۆ کوێی دونیا؟ بۆ رزگاربوون لەوان، مرۆڤ دەبێت بچێت بۆ بۆشایی ئاسمان. پلانگێریەکە بە شێوازێک داڕێژراوە کە مرۆڤ ناتوانێت لێی رزگار ببێت."

عەبدولا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە قسەکانیدا باس لە رزگاربوونیشی دەکات و دەڵێت، "بێگومان هەموو شتەکانیش وەکو پلانەکانیان نیە. هەرچەند تەکنیکیان بەهێز بێت، بەڵام ئەگەر مرۆڤ ئاگادار بێت و واز لە گرتنەبەری رێوشوێن نەهێنێت، رێگایەکی رزگاربوونی دەبێت. ئەو شتەی من لێرە دەتوانم بڵێم، ئەوەیە کە، ئێمە لە ژیانداین و تێکۆشانمان بە شێوەیەکی بەهێز بەردەوام دەکەین. گوایا بە نیازن هەموو بودجەکەیان بەکار بهێنن و دەستگیرم بکەن. گەلانی تورکیایان رازی کردووە و تا ئێستاش بە دوای مندا دەگەڕێن. ئەمە نە لە بنەماکانی عەشیرەتەکان و نە لە کاتی یامیامانەکاندا بوونیان نەبووە."

سبەینێ: لە ٩ی تشرینی یەکەمدا پەردەی دووهەم: هێڵی ئەسینا و موسکۆ...

ز.ش