بایک: بەرخودانی حەفتانین لەسەر هێڵی فەرماندە عەگیدە – ٢ -

بایک رایگەیاند، هەڵمەتی ١٥ی تەباخ بووە هیوای گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وتی "ئەوانەى ئەمڕۆ لە حەفتانین بەرخودان دەکەن لەسەر هێڵی فەرماندە عەگیدن. نوێنەرایەتیی هێڵی گەریلای رێبەر ئاپۆ و فەرماندە عەگید دەکەن".

جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) میوانی 'بەرنامەى تایبەت'ی کەناڵی ئاسمانیی ستێرک تیڤی بوو و لەسەر بارودۆخ و بابەتەکانی رۆژ شیکاریی گرنگی کرد. بایک ناڕەزایەتیی بەرامبەر بە راگەیاندرا و لێدوانی حکومەتى باشووری کوردستان نیشان دا، کە لە هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتى تورک دا پەکەکە تاوانبار دەکەن. بایک سەرنجی خستە سەر ئەو راپۆرتانەش کە لە دژی پەکەکە ئامادە دەکرێن.

بایک داوای لە گەلی کورد کرد، لە دژی سیاسەتەکانی شەڕی چەپەڵی دەوڵەتی تورک ئاگاداری خۆیان و هۆشیار بن و وتی "دەوڵەتى تورک لە کەسایەتیی ژنان، گەنجان و منداڵانی کورددا دەیەوێت ئیرادەی گەلی کورد تێکبشکێنێت و رادەستی خۆی بکات. لەبەر ئەوەش هێرش دەکاتە سەر ژنان، چونکە ژنان لە دژی فاشیزم، داگیرکەری، زوڵم و کۆیلەیەتی نوێنەرایەتیی ئازادی و دیموکراسی دەکەن".

گەنجانی کورد لە سەربازیدا دەکوژرێن، بەڵام دەوڵەتی تورک دەڵێت، "جەڵتەى دڵ لێی دا، کەوتەخوارەوە، روون نییە چی روویداوە".  هەم دەیانکوژێت، هەمیش ئاڵا بە تەرمەکانیاندا دەئاڵێنێت و بەشداری مەراسیمی بەخاکسپاردنیان دەکات. لە دوایین رووداودا بنەماڵەیەک لە سەرحەد ئەوەى قبوڵ نەکرد. دەبێت مرۆڤ لە دژی دوژمن بوەستێتەوە. بە تایبەتی ژنان و گەنجانی کورد دەبێت خۆیان لە ئەفسەر، سەرباز، پۆلیس، میت، چەتە، جەردەوان و نوێنەرانی دەوڵەتی تورک نزیک نەکەنەوە. دەبێت نەبنە عاشقی بکوژەکەى خۆیان، دەبێت لێپرسینەوە لە بکوژەکەیان بکەن".

چاوپێکەوتنەکە لەگەڵ جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەری کەجەکە بەمشێوەیەی خوارەوەیە:

ژنان نوێنەرایەتیی ئازادی دەکەن

لەبەر ئەوە ویژدان، ئەخلاق، مرۆڤایەتی لە ناو کورددا بەهێزە. پەیوەستە بە کولتور و بەهاکانی خۆیەوە. لەبەر ئەوە (دوژمنان و داگیرکەران) ناتوانن زوو بە زوو ئەنجام بەدەست بهێنن. بۆ ئەوەى ئەنجام بەدەست بهێنن هێرش دەکەنە سەریان  تاوەکو بتوانن کۆمەڵگەى کورد لە گۆمەڵگەبوون دووربخەنەوە، کۆمەڵگەى کورد لە هێزی ئەو کۆمەڵگەبوونە داببڕن و لاوازی بکەن، ئیرادە و ورەی تێکبشکێنن. دەیانەوێت لەو رێگەیەوە رادەستی خۆیانی بکەن، بیکەن بە کۆیلەی خۆیان تاوەکو خاکی کوردستانیش بکەن بە خاکی خۆیان. سیاسەتێکی لەو شێوەیە بەڕێوەدەبەن. لەو چوارچێوەیەدا هێرش دەکەنە سەر ژنان، هێرش دەکەنە سەر منداڵانی کورد، هێرش دەکەنە سەر گەنجانی کورد، هێرش دەکەنە سەر جۆگرافیای کوردستان، هێرش دەکەنە سەر رێکخستن و رێکخراوە سیاسییەکانیان، هێرش دەکەنە سەر شارەوانییەکانیان. خاکی کوردستان بە ناوی دروستکردنی بەنداوەوە دەکەن بە ژێر ئاوەوە و کوردان کۆچبەر و ئاوارە دەکەن. هەموو چیاکانیان دەسوتێنن، هەر شتێک بە ناوی کورد و کوردستانەوە بێت هێرشی دەکەنە سەر. گۆڕستانەکانیان دەسوتێنن، تاڵانی دەکەن. یانی هەر چییەک بە ناوی کورد و کوردستانەوە بێت دەیانەوێت لە ناوی ببەن و بیسڕنەوە. لێرەشدا زیاتر هێرش دەکەنە سەر ژنان، گەنجان و منداڵان. بۆ؟ چونکە ژنان راستیی ئەوان ئاشکرا دەکەن. بۆ هەموانی روون دەکەنەوە و تێیان دەگەیەنن. ژن بووەتە بزوێنەر و ماتۆڕی پێشەنگی ئازادی و ئازادی پێشدەخات، دیموکراتیکبوون پێشدەخات. ئەوانیش لە دژی ئازادی و دیموکراسین. لەبەر ئەوەیە لە دژی ژنانن. لەبەر ئەوەیە هێرش دەکەنە سەر ژنان، دەستدرێژییان دەکەنە سەر و دەیانکوژن. هەروەها هەندێک ئەفسەری پسپۆڕیان کافتریا لە هەندێک شوێن دەکەنەوە و کچانی کورد دەبەن بۆ ئەو شوێنانە و گوایە پێیان دەڵێن، عاشقیان بوون و دەیانەوێت لەگەڵیاندا بژین. لەو رێگەیەوە دەیانەوێت هەموو کچانی کورد تووشی لەشفرۆشی بکەن، بێ کەسایەتییان بکەن، ئیرادەیان تێکبشکێنن، تاوەکو بیانکەن بە سیخوڕی خۆیان و بۆ خۆیان بەکاریان بهێنن. دەیانەوێت لە کەسایەتیی ژنان و کچانی کورد و منداڵانی کورددا ئیرادەی گەلی کورد تێکبشکێنن. بێ ئیرادەیان بکەن تاوەکو نەتوانن لە دژیان بوەستنەوە، رادەستیان ببن، تاوەکو خۆیان بتوانن کوردستان بە ئاسانی بخەنە ژێر دەستی خۆیان و بیکەن بە وڵاتی خۆیان. ئەگەر هێرش دەکەنە سەر ژنان هێرشەکان بۆ ئەوەیە، چونکە ژن کارەکتەری خۆی هەیە، لە دژی زوڵم، لە دژی فاشیزم و لە دژی دەسەڵاتە، لە دژی کۆیلەیەتییە و نوێنەرایەتیی ئازادی و دیموکراسی دەکات، نوێنەرایەتیی ژیان دەکات. دەوڵەتی تورکیش بە دەسەڵاتیی ئاکەپە – مەهەپە لە دژی ژیانی کوردن. لە دژی ئازادی و دیموکراسی و ویژدان و ئەخلاقن. بە ناوی ئیسلامیەتی و بە ناوی تورکەوە هێرش دەکەنە سەر ئەم گەلە، دەیانەوێت ئیرادەى ئەم گەلە لە کەسایەتیی ژنان و گەنجاندا تێکبشکێنن. ئەگەر هێرش دەکات هۆکارەکەی بۆ ئەوانە دەگەڕێتەوە، یانی ئەوە سیاسەتی دەوڵەتی قڕکەرە و هەم ئەو سیاسەتەیە کە دەوڵەت بە رێکخستن و دامەزراوەیی کردووە. کاتێک مرۆڤ سەیر بکات کە کێ ئەو سیاسەتە لە هەموو شارەکان و گوندەکانی کوردستان بەڕێوەدەبات؟ ئەوە دەبینێت ئەو سیاسەتە لەلایەن پۆلیس، سەرباز، ئەفسەرەکان، جاش و جەردەوانەکان، پارێزگارەکانیان، هەندێک لەوانەى کە گوایە بە ناوی ئایینەوە کار دەکەن، هەموویان ئەو سیاسەتە بە رێکخستنکراوە بە ئەنقەست و ئاگاییەوە بەڕێوەدەبەن. تاوەکو بتوانن لەو قڕکردن و سڕینەوەیەدا ئەنجامێک بەدەست بهێنن. لەبەر ئەوەى ژن بە تایبەتی لە دژی قڕکردن و سڕینەوە دەوەستێتەوە و نوێنەرایەتیی یەکێتیی نەتەوەیی دەکات. نەک تەنها یەکێتی ژنان، بەڵکو نوێنەرایەتیی یەکێتیی نەتەوەیش دەکەن. نوێنەرایەتیی ئازادی و دیموکراسی دەکەن. گورزێکى گەورە لە فاشیزم دەدەن، راستیی ئاکەپە – مەهەپە بۆ هەموو گەلان روون دەکەنەوە. بۆ ئەوەیە دوژمنایەتی لە کەسایەتیی ژنان و گەنجاندا پێشدەخەن. گەلەکەشمان دەبێت بە بەهێزی لە دژی ئەو سیاسەتە بوەستێتەوە. گەنجان لە شرنەخ لە دژی ئەو سیاسەتە راپەڕین و بۆ ئەوەش پیرۆزبایی لە گەنجان دەکەن. دەبوایە لە هەموو شارەکانی تریشدا راپەرین هەبوایە. لە مێژوودا کاتێک دەست بۆ ژنێک براوە، ئەوە بووەتە هۆی ئەوە کە راپەڕین رووبدات. پێویستە خاوەنداری لە مێژووی خۆتان بکەن، خاوەنداری لە ئیرادە، لە بەها و نرخی خۆتان بکەن. خاوەنداری لە ئەخلاق، شەرەف و کەرامەتی خۆتان بکەن. دەوڵەتێک دەیەوێت لە کەسایەتیی ژن دا پاکتاوکاری ئەنجام بدات. گەورەترین ناموس بۆ هەموو کەسێک ئەوەیە، کە تۆ وڵاتی خۆت، خاکی خۆت بپارێزیت و کاتێک ئەوانەت پاراست دەشتوانی خۆت بپارێزێت. بەو شێوەیە نەبێت تۆ ناتوانیت خۆت بپارێزیت.  پێویستە گەلی کورد لەگەڵ ئەو دەوڵەتە، لەگەڵ ئەو حکومەتە و لەگەڵ ئەو دام و دەزگایانەدا نەژی. ئەو دەوڵەتە، ئەو حکومەتە، دام و دەزگاکانی سەربازی، پۆلیس، میت، جاش و جەردەوانی، پارێزگار و قائیمقام هەموویان دەیانەوێت کورد بسڕنەوە و لە ناوی ببەن. کورد چۆن ئەوە قبوڵ دەکات. کورد چۆن ئەو دەوڵەتە، ئەو حکومەتە و ئەو دام و دەزگایانە بە هی خۆی بزانێت؟ پێویستە لەگەڵیاندا نەژی، ئەوانە رتبکاتەوە، لە دژیان بوەستێتەوە، لەگەڵ گەلی تورکیادا تێکۆشانی خۆیان بەهێز بکەن. ئەگەر تێکۆشان گەورە بکەن، ئەو دەسەڵاتەی ئاکەپە – مەهەپە کە خۆی لە خۆیدا تەنگاو و لاواز بووە، دەڕوخێت.

ساڵیادی هەڵمەتی مێژوویی ١٥ی تەباخە، ٣٦ ساڵە فەرماندە عەگید و شەڕڤانانەکانی شەڕ دەکەن. کاتێک ئێوە ئەمڕۆ سەیری دەکەن، چۆن شیکاری و شرۆڤە بۆ ١٥ی تەباخ دەکەن؟

من لە کەسایەتیی عەگیدی پێشەنگ، عەگیدی فەرماندەی ١٥ی تەباخ دا هەموو شەهیدانی ئازادی و هاوکات ئەنگین سینجار و سینانی سوور، بەدرانی گوندکێ رەمۆ یادیان بەرز رادەگرم و رێزی خۆمیان پێشکەش دەکەم و لە بەرامبەریاندا سەری خۆم دادەنەوێنم. ئێمە بەڵێن و پەیمانێکى گەورەمان بە شەهیدەکانمان داوە. ئێمە لەسەر ئەو بەڵێن و پەیمانە رێدەکەین. ئەمڕۆش لە حەفتانین ئەوانەى داستان تۆمار دەکەن لەسەر ئەو بەڵێن و پەیمانەن کە بە شەهیدانیان داوە. قارەمانانی کورد، عەگیدی کورد بۆ خۆیان دەکەنە بنەما. ئەو هێڵە کە رێبەر ئاپۆ لەسەر دەستی هەڤاڵ عەگید پێشیخست، گەریلا نوێنەرایەتیی ئەو هێڵە دەکات. ئەو هێڵە ئەمڕۆش بەردەوامە و رێدەکات. بۆ ئەوەیە داستان تۆمار دەکەن. راستییەکە ئەوەیە. ئەگەر گەلی کورد شتێکى بەدەستهێنابێت بە هەڵمەتی مێژوویی ١٥ی تەباخ (ئاب) بە دەستیهێناوە. هیچ شتێک لە دەرەوەى ئەو هەڵمەتدا نییە. لە بناغەى هەموو هەڵمەت و دەستکەوتەکاندا پێشەنگە مێژووییەکان هەن. بەو هەڵمەتە چەندین هەڵمەتی تر پێشخران. شۆڕش لە ناو شۆڕش دا پێشخرا. شۆڕشی کۆمەڵایەتی، دیموکراتیک، کولتوری، ژنان، نەتەوەیی و گەلەک شۆڕش پێشخران. لە ناو کۆمەڵگەى کورددا و لە ناو مرۆڤی کورددا گۆڕانکارییەکى گەورەی دروستکردووە. ئەو شتەى لە دونیادا گەلانی تر بە سەدان ساڵ دروستیان کردووە، لە ماوەیەکى کەمدا ئافراندی. ئەو گۆڕانکارییە کە لە کۆمەڵگەى کورددا دروستبوو زۆر گەورە بوو. عەقڵییەت و هۆشمەندییەکى گەورەی دروستکرد. پەیوەست بەوانەوە کەسایەتییەکی دروستکرد، کۆمەڵگەیەکی دروستکرد، ژیانێکى دروستکرد. ١٢ی ئەیلول بە تایبەتی دەیخواست لە کوردستاندا تاریکایی و رەشاییەک دروست بکات تاوەکو هەموو کەسێک بکات بە کۆیلە، بەڵام ١٥ی تەباخ رێگای بەوە نەدا. ئەو کەنعان ئەڤرەنە، کە دەیخواست ئەو رەشاییە لە کوردستان دروست بکات، ١٥ی تەباخ ئەوی پچڕاند. ئەوە بەو مانایە نییە کە تەنها ئەوی لە کوردستاندا پچڕاندووە، بەڵکو لە هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پچڕاندنی، چونکە بەرەنگاربوونەوە و وەستانەوە لە دژی دەوڵەتى تورکیا تێکۆشانێکى ئاسان و ئاسایی نەبوو. نەک تەنها لە دژی دەوڵەتێک وەستاونەتەوە، بەڵکو هاوکات تێکۆشانێکیشە. ئەو دەوڵەتە دەوڵەتی ناتۆیە. ناتۆ لە پشت ئەو دەوڵەتەیە. سیستمێک هەیە، بە هاوکاریی و پشتیوانیی ئەوان قڕکردن و سڕینەوە بەسەر کورددا بەڕێوەدەبات. وەستانەوەیە لە دژی دەوڵەتێکی لەو جۆرە، لەبەر ئەوە هەڵمەتی ١٥ی تەباخ هەڵمەتێکى مێژووییە، لە دایکبوونێکە بۆ گەلی کورد. گەلی کورد بەو هەڵمەتە خۆی پاکککردەوە، خۆی جوانکرد و بووە گەلێک فیداکاری بۆ مرۆڤایەتی بکات. گەلێکى لەو جۆرەی دروستکرد. ئەمڕۆ ئەگەر کورد لە دونیا دەناسرێت، ئەگەر رێزگرتنێک لە گەلی کورد دروستبوووە، لە ژێرەوەیدا هەڵمەتی ١٥ی تەباخ هەیە. ئەگەر ئەو هەڵمەتە نەبوایە کورد ئەمڕۆ لە ئاستی دونیادا بەم ئاستەى ئێستای نەدەگەیشت. ئەگەر لە هەموو بەشەکانی کوردستان تێکۆشان هەیە، یەکێتییەکی نەتەوەیی لە نێوان کورداندا پێشکەوتووە، ئەوەش لە سەر ئەو بنەمایە پێشکەوتووە، چونکە بنەما و بناغەیەکى گەورەیە. بەو جۆرە نییە، کە تەنها بناغەیەک و تەنها هەڵمەتێکە بۆ باکوور، بەڵکو بۆ بەشەکانی تریشە. بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و بۆ مرۆڤایەتییە. بۆ ئەوە ئەمڕۆ کوردیش، ریبەر ئاپۆش، پەکەکەش بوونەتە هیوا بۆ مرۆڤایەتی بە تایبەتی بۆ هێزە ئازادی و دیموکراسییەکان. ئەوە بەو هەڵمەتە دروستبووە. ئەو هەڵمەتە هەروا بە ئاسانی پێشنەکەوت. رەنگە هەندێک کەس بەو شێوەیە لێی تێبگەن، بەڵام زۆر بە قورسی و دژواری پێشکەوت، بە رەنجێکى گەورە پێشکەوت. کاتێک ئەم هەنگاوە پێشکەوت کەس بڕوای نەدەکرد هەڵمەتیکى لەو جۆرە پێشبکەوێت. کاتێک هەڵمەتەکە پێشکەوت کەس بڕوای نەدەکرد کە ئەو هەڵمەتە بەردەوامی و درێژەی پێبدرێت، شۆڕش لە ناو شۆڕش دا پێکبێنێت، گۆڕانکارییەکى زۆر گەورە دروستبکات. کوردان بکاتە هیوای مرۆڤایەتی و بۆ دیموکراسی و ئازادی تێبکۆشێت. هەموو کەس دەیوت، هەڵمەتێکى لەو جۆرە روونادات، کاتێکیش رووبدات تەمەنی ٢٤ کاتژمێر دەبێت، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ بەردەوامیی پێدرا. بە ئاستێکى ئەوەندە بەرزیش گەیشتووە، کە ئەو مرۆڤایەتییەی بۆ بەها مرۆڤایەتییەکان تێدەکۆشێت بۆ خۆیان بە هیوا و ئومێدی دەزانن. گەیشتووەتە ئەو ئاستە.

پێویستە گەلەکەمان ڕەنجی ڕێبەر ئاپۆ و فەرماندە عەگید لەبیرنەکات

لێرەدا ڕێبەر ئاپۆ رەنجێکی زۆری کێشاوە. هەموو کەسێک پێویستە لەوە تێبگات. ڕێبەر ئاپۆ لەناو بارودۆخێکی زۆر سەختدا لەناو بیدەرفەتیدا ئەو هەنگاوەی لە هەموو ڕوویەکەوە ئامادە کرد. لەسەر ئەو ئامادەکاری و ڕەنجە هەنگاوەکە نرا. لەم هەنگاوەدا ڕۆڵی هەڤاڵ عەگیدیش زۆر گەورەیە و ڕەنجێکی زۆری کێشاوە. لەبەرئەوەی لە ڕووی پراکتیکیەوە هەڤاڵ عەگید هەنگاوەکەی هاویشت. بۆیە رەنجێکی گەورەی کێشاوە. بۆیەش گەلەکەمان پێویستە ڕەنجی ڕێبەر ئاپۆ و هەڤاڵ عەگید و هەڤاڵانی عەگید کە شەهید بوو لەم هەنگاوەدا لەبیرنەکات. بۆچی ئەمە دەڵێم؟ گەریلا نە تەنها بۆ گەلی کورد، بەڵکو بۆ مرۆڤایەتی بناغەیەکی میلادی دانا. کاتێک دەستی پێکرد لەناو سەختیەکی زۆر و بێدەرفەتیەکی گەورەدا هەنگاوی هاویشت. ئەوانەی دەستیان پێکرد دەیانزانی شەهید دەبن، بەڵام دەیانزانی بە شەهیدبوونیان گەلی کورد لە خەوی مردن هەڵدەستێت. گەلی کورد دەکەنە ناو مێژووە و مێژوو دەنووسنەوە. بۆیەش شەهیدبوونیان لەبەرچاو گرت. هەموو سەختیەکانیان لەبەرچاو گرت کە بتوانن مێژوو بنووسنەوە و کورد بخەنە سەر قاچیان و توانیشیان ئەو کارە بکەن. لەو کاتەوە و تا ئێستا گەریلا قاڕەمانێتی دەکات، داستان دەنووسێتەوە، داستان لەسەر داستان تۆمار دەکات. بۆیەش بووەتە هیوای مرۆڤایەتی. ئەم تێکۆشانەی گەریلا، شەهادەتەکان هیچ کاتێک بە فێرۆ نەچوون، بە ئامانجیان گەیشتن. کەس ناتوانن نکۆڵی لەمە بکات. کێ نکۆڵی بکات پێویستە گۆمان لە مرۆڤایەتی ئەو کەسە بکرێت. ئەو قاڕەمانانە هیچ شتێکیان بۆ خۆیان نەویست، بۆخۆیان هیچیان دروست نەکرد. هەموو شتێکیان خستە خزمەتی گەلی کورد و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مرۆڤایەتی. گیانیان بەخت کرد. بەو شێوەیە گۆڕانکاری ڕوویدا، ئەم بەهایانە دروست بوون، گەلی کورد بووە خاوەن ڕێز و ئەمڕۆ بووەتە هیوایەک. ئەمەش نیشانەی چییە؟ گەلی کورد قازانجی کرد، گەریلا لە ڕێگەی گەریلاکانەوە قازانجی کرد، ئەمڕۆش لە حەفتانین گەریلا هەمان کار دەکات، ئەم فیداکاریە، ئەم قاڕەمانێتیە بۆ گەلی کورد، بۆ گەلی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بۆ مرۆڤایەتیە. بۆیەش گەریلا سەرکەوتووە، کەس ناتوانێت ڕێگری لە جموجووڵی گەریلا بکات. ئەوانەی دەڵێن ڕێگریان لێدەکەین، خەیال دەبینن. پێشتریش زۆر قسەی وایان کرد، تەواویان دەکەین، بەڵام هەرچەند ئەو قسانەیان کرد گەریلا بەهێزتر بوو. پەکەکە بەهێزتر بوو، بووە هیوای مرۆڤایەتی، ڕۆژ بە ڕۆژیش ئەو هیوایە گەورە دەبێت.

گەنجانی کورد لە ئەوروپا، باکووری کوردستان و ئەو دەڤەرانەی کە خۆیان ڕێکخستووە، کەمپینێکیان بەناوی 'دەست بە جووڵە بکە'یان دەستپێکرد. گەنجانی کورد و تورک لە هەموو جێگایەک بەرخۆدان دەکەین. ئێوە ئەو هەوڵ و بەرخۆدانەی گەنجان چۆن دەبینن؟

سەرەتا سڵاوی خۆم ئاڕاستەی ئەندامانی (نەبەدەهە) و (یەپەسە) دەکەم. بە ڕاستی ئەرکی خۆیان بەرانبەر کۆمەلگای کورد و تورکیا بەجێ دەهێنن. دەیانەوێت زیاتر ئەرکەکەیان جێبەجێ بکەن. پێویستە فراوانتری بکەن. ئەو شتەی کە دەیکەن کەم نییە، لەناو فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپەدا. لەبەرئەوەی فاشیزم ڕێگا نادات دوو کەس کۆببنەوە. لەناو ئەو دۆخەدا چالاکی دەکەن. بۆیەش واتایەکی هەیە. پێویستە هەموو کەسێک ڕێزیان لێبگرێت. ئەوەی لەدژی فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە دەوەستێتەوە، پێویستە چالاکاکیەکانیان وەک بناغە وەربگرن. ئەو هەنگاوەی یەپەسە و نەبەدەهە کە لەدژی فاشیزم دەیکەن پێویستە زیاتر بەهێز ببێت. بڕواشم وایە کە زیاتر بەهێز و فراوان دەبێت.

لە ئێستادا بزووتنەوەی پەکەکە بزووتنەوەی گەنجانە.ڕێبەر ئاپۆ وتی، 'بە گەنجی دەستمان پێکرد، ب گەنجێتی بەردەوام دەبین و بە گەنجێتی کۆتایی پێدەهێنن.' واتە پەکەکە تەڤگەری گەنجانە. گەریلا ڕێکخستنی گەنجانە. بە تەواوەتی گەنجان لەناو هەپەگەدا جێی خۆیان دەگرن، لەناو گەریلادا جێی خۆیان دەگرن. قاڕەمانێتی دەکەن. بۆیەش بە هەزاران شەهیدیان هەیە. بەم بۆنەیەوە سڵاوی خۆم پێشکەش بە گەنجانی کورد دەکەن.

گەنجانی کوردستان لەدژی دەوڵەتی تورک هەرچیەکیان بیەوێت دەتوانن بیکەن

گەنجانی کوردستان نابێت خۆیان وەک گەنجانی وڵاتانی تر ببینن، ئەوان گەنجانی کوردستان نین. واتە لەسەر کوردستان سیاسەتێکی قڕکردن بەڕێوەدەبرێت. ئەو سیاسەتەی لەسەر گەلی کورد بەڕێوەدەبرێت، لە مێژوودا لەوانەیە لەسەر هیچ گەلێکی تر بەرێوەنەبرابێت. لە وڵاتێکی بەم شێوەیەدا گەنجێتی دەکەن. پێویستە هیچ کاتێک ئەمە لەبیر نەکەن. ئەگەر لەبیری بکەن، خۆیان وەک گەنجانی وڵاتانی تر ببینن، واتە هەڵەیەکی گەورە دەکەن. ئەو کاتە ناتوانن ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن. ئەرکیان لەناو کۆمەڵگادا پێشەنگایەتیە. ئەرکیان پاراستنی کۆمەڵگایە لە هەموو لایەکەوە. ئەوان پارێزەری کۆمەڵگای کوردستان و گەلی کوردن. بۆیەش پێویستە لەدژی داگیرکەری و قڕکەری فاشیستی تورک بووەستنەوە کە دەوڵەت سیاسەتی شەڕی تایبەتی دەروونی لەسەر گەلی کورد بەڕێوەدەبات. بە تایبەتی لەسەر ژنانی کورد، گەنجانی کورد و منداڵانی کورد. کاری نائەخلاوی و مادەی هوشبەر زیاد دەکەن. کاری نائەخلاقی و سیخووڕی بەرەو پێشەوە دەبەن. دەستی بە کوشتن، گرتن و ئەشکەنجەکردن کردووە.

لە کەسایەتی ژن، منداڵ و گەنجاندا دەیانەوێت گورزێکی گەورە لە کۆمەڵگای کوردی بدەن. یاری بە ئەخلاق و ویژدان دەکەن و شتێک نەماوە کە یاری پێنەکەن. ئامانجەکەشیان لەناوبردنی گەلی کوردە. کاپیتالیزم لەدژی کۆمەڵگایە، ئەویش لەدژی کۆمەڵگایە. بۆیەش کاپیتالیزم پشتگیری لە ئەردۆغان و مەهەپە دەکات. هەرچیەک دەکەن قسە ناکەن. لەبەرئەوەی خۆیان دەیکەن، ئەو شتانەیە کە کاپیتالیزم دەیەوێت. خۆیان لە دەسەڵاتی ئەواندا دەبینێت. بەرژەوەندی خۆی دەبینێت. بۆیەش هاوکاری و پشتگیری دەکەن. بۆیەش پێویستە هەموو کۆمەڵگاکەمان بزانێت، هەم خانەوادەکانمان پێویستە ئەمە بزانن و هەم گەنجەکانمان چ کوڕ و چ کچ پێویستە باش تێبگەن. خاوەنداری لە خۆیان بکەن. خاوەنداری لە کۆمەڵگا بکەن. کۆمەڵگا بپارێزن. ئەو کاتە دەبنە گەنجی کوردستان و دەبنە پیشەنگی گەل. ئەو کاتە گەل ڕێزیان لێدەگرێت. ئەگەر خۆیان وەک پێشەنگ دەبینن، بە تەنها ئەم خاڵە پێویستە وەک ئەرک لەبەرانبەر کۆمەڵگا ببینن. ئەگەر خۆیان وەک بەرپرسیاری کۆمەڵگاکەیان نەبینن، بۆ کۆمەڵگا ئەرکی پاراستن جێبەجێ نەکەن. لەدژی داگیرکەری و قڕکردنی تورک لە هەموو ڕوویەکەوە نەوەستنەوە، ئەو کاتە نابنە گەنجی کورد. بە خۆشیان بڵێن گەنج، نابێت. مێژووەکەیان پێچەوانە دەکەنەوە. پێچەوانەی ڕێبەر ئاپۆ، پەکەکە و شەهید و گەل دەبنەوە. لەبەرئەوەی ڕێبەر ئاپۆ بە ئێمەی وت،'کاتێک وتمان گەنجی کوردستان، شەهید و گەلی کورد و بەرخۆدان وەبیرمان دێتەوە.' بۆیەش پێویستە لەدژی مێژوومان نەبین. نوێنەرایەتی مێژووی خۆمان بکەن، بەهێزتر ببین. ئەم داواکاریە لەوان هەیە. لە هەموو جێگایەک دەتوانن کۆببنەوە، دوو بە دوو، سێ بە سێ، چوار بە چوار، گەنجان بەم شێوەیە خۆیان ڕێکبخەنەوە. دەتوانن چی بکەن، درێغی نەکەن. ئەوە ئەرک و مافی ئەوانە. هەرچیەکیان لەدەست دێت لەدژی داگیرکاری و قڕکردنی تورک بکەن. بۆئەوەی بتوانن بیکەن، پێویستە خۆیان ڕێکبخەنەوە. لە هەموو جێگایەک دەتوانن خۆیان ڕێکبخەن. ئەوانەی یەکتری دەناسن و ئەوانەی متمانەیان بە یەکتری هەیە، خۆیان ڕێکبخەن و لەدژی دوژمن ئەوەی دەتوانن بیکەن. دەتوانن رێگری لە هەموو ئەو شتانەی دەوڵەتی تورک بکەن کە لەبەرانبەر گەل، ژنان و گەنجان دەیکات و تۆڵە بکەنەوە. بە زوترین کات وڵام بدەنەوە. ئەمە ئەرکی ئەوانە. چۆن لە شڕنەخ لەدژی دەستدرێژی وەستانەوە، پێویستە لە هەموو جێگایەک هەستنە سەرپێ. لەهەموو جێگایەک کە کۆمەڵکوژی ڕوویدا، ببێتە هۆی ڕاپەڕین. گەنجانی کورد لە سەربازی دەکوژرێن، دەوڵەتی تورک دەڵێت، جەڵتەی دڵ لێیداوە، چۆن ڕوویدا، هەم دەیانکوژن و هەم ئاڵای خۆیان لە لاشەیان دەپێچنەوە و داوای مەراسیمی سەربازیش دەکەن. خانەوادەکە ئەمەی قبوڵ نەکرد، سڵاوی خۆم پێشکەش بەوان دەکەن. پێویستە مرۆڤ لەدژی دوژمن بەم شێوەیە بووەستێتەوە. گەنجانی کورد بە تایبەتی ژنی گەنجی کورد پێویستە بەم شێوەیە لەدژی پۆلیسی تورک، سەربازانی تورک و ئەفسەر و میت و چەتەکانیان بووەستنەوە و ڕێگا نەدەن ئەوانەی لە دەزگاکانی دەوڵەتدا کار دەکەن و نوێنەری دەوڵەتن و ئەندامی ئاکەپەن نزیکیان ببنەوە. مرۆڤ ناتوانێت ببێتە ئەوینداری جەلادی خۆی. مرۆڤ حساب لە جەلادەکەی دەپرسێت، پێویستە خانەوادەکان ئاگاداری منداڵەکانیان بن و هەموو مرۆڤێک، هەموو گەنجێکی کورد پێویستە خاوەنداری لە کوردبوون، کەلتوری خۆیان و داهاتووی خۆیان بکەن. هیچ شتێکی دەوڵەتی تورک قبوڵ نەکەن. لەگەڵ ئەوەدا پەیوەندیەکانیان لەگەڵ گەنجانی شۆرشگیری و سۆسیالیست و دیموکراتەکانی تورکیا کە لەدژی فاشیزم و نەژادپەرستی دەوەستنەوە بەهێز بکەن. پێکەوە دەزگاکان بەهێز بکەن. دەتوانن لە زانکۆکان، لەگەڵ گەنجە نەخوێندەوارەکان خۆیان ڕێکبخەن. دەتوانن پێکەوە لەدژی فاشیزم لە تورکیا چالاکی بکەن.ئەرکی ئەوان بەم شێوەیەیە.

ف.ق / ژ.ت