بایک: دەمانەوێت لە رێگەى هەڵمەتەکەوە تێکۆشانەکەمان سەربخەین – ٢ -

جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەری کەجەکە شیکاریی بۆ هەڵمەتی 'گۆشەگیری، فاشیزم و داگیرکەری بەسە، کات کاتی ئازادییە' کرد و وتی، "ئێمە دەمانەوێت لە رێگەى ئەو هەڵمەتەوە تێکۆشانی چەندین ساڵەمان سەربخەین".

جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بەشداریی بەرنامەى تایبەتی کەناڵی ئاسمانیی ستێرک تیڤی بوو و هاوکات لەگەڵ رووداوەکانی کوردستان، تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شیکاریشی بۆ هەڵمەتی کەجەکە بە دروشمی 'گۆشەگیری، فاشیزم و داگیرکەری بەسە، کات کاتی ئازادییە' کرد.

گرنگیی ئەو هەڵمەتە بە تایبەتی بۆ کورد چییە؟

ئێستا وەک ئەوەى من باسمکرد، ئەو قەوارە و پێگەیە، کە کوردی رووبەڕووی پاکتاوکردن و سڕینەوە دەکردەوە لەبەریەک هەڵوەشاوەتەوە. لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی لە ناو عەرەبەکان و لە گۆڕەپانی نێونەتەوەیشدا بۆ کوردان ئومێد و خۆشویستنێکی گەورە دروستبووە. ئەو رەشکردنە، کە دەوڵەتی تورک لە رێگەی ناتۆوە دروستیکردبوو هەمووی پووچ بووەتەوە. هەموو کەس هۆشیار بووەتەوە، کە ئەو هەڵسوکەوت و نزیکایەتییە بەرامبەر بەر کوردان راست نییە. ئەوەیان بینی کورد نوێنەرایەتیی ئازادی و دیموکراسی دەکات. نوێنەرایەتیی بەها مرۆڤایەتییەکان دەکات و کورد نەک تەنها بۆ خۆی، بەڵکو بۆ ئەوانیش تێکۆشان دەکات. ئەوە بووە قازانج و سوودێکی گەورە بۆ کوردان. ئێستاش کورد لەهەموو بەشەکانی کوردستان خۆی رێکخستووە و بۆ خۆی تێکۆشان دەکات. ئەگەر بتوانن ئەو دەرفەت و هەلومەرجە رەخساوە بۆ ئازادیی خۆیان بەکار بهێنن زۆر گونجاوە. بۆ ئەوەش پێویستە کورد بەشداری لەو هەڵمەتەدا بکات. چونکە ئەو هەڵمەتە تەنها یەک بەش لە خۆی ناگرێت، هەموو کورد لە خۆی دەگرێت. چ لە بەشەکاندا بێت چ لە دەرەوەى کورستاندا بێت. واتا و ئامانجێکی گەورە و بەرفراوان و قوڵی هەیە. لەبەر ئەوە ئەو هەڵمەتەى نەتەوەی کورد، رۆح، یەکێتی، ئازادی و دیموکراسیی کورد بەهێز دەکات. ئەو هیوایە بەهێز دەکات، کە لە گەلی کورد چاوەڕێ دەکرێت. ئێستا تاکە کێشەى کورد کە دوژمن سوودی لێوەردەگرێت ئەوەیە، کە کورد هێزەکانی خۆیان یەکگرتوو نەکردووە و یەکیان نەخستوون. سوود لەوە وەردەگرێت. لە پارچە بوون سوود وەردەگرێت. ئەگەر کورد ئەو پارچەبوونە لە ناوخۆیدا نەهێڵێت، رۆح و یەکێتیی نەتەوەیی خۆی بەهێز بکات و بتوانێت خۆی یەکبخات ئەوا هێزێکی گەورە دروست دەکات. لەو کاتەدا هیچ کەس ناتوانێت لە بەرامبەر ئەو هێزەدا بوەستێت. ئەگەریش بیەوێت بوەستێت هێزەکەى بەش ناکات و ئەوەش ئەستەمە. لەبەر ئەوەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕستدا دەبێتە هێزێکی گەورە وهیوای هەموو گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی بە دەستهێناوە. ئەوە تاکە رێگایە، کە دەتوانێت لەم سەردەمەدا بۆ مرۆڤایەتی داستان تۆمار بکات. ئەو کاتە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و داگیرکەرانی تریش ناتوانن لەدژی کورد سیاسەتی داگیرکەری و پاکتاوکردن بەڕێوەببەن. ئەگەر پێداگری لەو سیاسەتەیان دەکەن، هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، لە ناو کورددا و لە ناوگەلدا کە یەکێتی دروستبووە، بەڵام لەناو سیاسەتەکەیدا دروست نەبووە. هەندێک کورد هەیە، کە لەگەڵ داگیرکەراندا لە پەیوەندیدان. هەروەها نەک تەنها پەیوەندیی هەیە، بەڵکو لە هەموو روویەکەوە یارمەتیی سیاسەتەکانی ئەوان دەدات. هەموو رۆژێک هەڵدەستن و دادەنیش هەر سەری زمان و بنی زمانیان ئەوەیە، کە دەڵێن، تورکیا باشە و ئەو سیاسەتەى بەڕێوەی دەبات باشە، بەڵام ئەو سیاسەتەی، کە تورکیا بەڕێوەی دەبات لە بەرچاوی هەمواندایە و هەموو کەس دەیبینێت، لە باکوور، رۆژئاوا و باشوور پاکتاوکردنی کوردان ئەنجام دەدات. بۆ ئەوەش داگیرکەری، ئەخلاق، گۆڕینی دیموگرافیا و تواندنەوە و سڕینەوە پێشدەخات. هەر چییەک بە ناوی کوردەوە هەبێت لە ناوی دەبات. داگیری دەکات، دەکوژێت، گۆڕستانەکان تێکدەدات، دار و بەرد دەسوتێنێت، چیاکانی کوردستان بۆردومان دەکات، سەدان گوندی خاپوورکردووە، دەرفەتی ژیانیان لێ زەوت دەکات، بێ ئەخەلاقی، لەشفرۆشی و ماددە هۆشبەرەکان بڵاودەکاتەوە، سیخوڕیی پێشدەخات، واتە بۆ ئەوەى کورد بسڕێتەوە هەر چییەک پێویست بێت ئەنجامی دەدات. هەموو یاسا و پێوەرە نێونەتەوەییەکان پێشێل دەکات. هیچ نەماوە، کە لە دژی کورد ئەنجامی نەدات. هەمووکەس دەزانێت لە عەفرین، سەرێکانی و گرێ سپی چیی کردووە. ئەوەى لە باشوور ئەنجامی دەدات بۆ هەموان روونە. جا چۆن دەبێت کوردێک هەستێت و بڵێت ئەو دەسەڵاتەی ئاکەپە و مەهەپە بۆ کورد باشە. ئەوە چ مانایەکی هەیە؟ یانی ئەوەى ئەو دەسەڵاتە لە دژی کورد دەیکات کارێکی راستە. ئەوە چۆن خزمەتى گەلی کورد دەکات؟ بە تەواوەتی لە دژی کوردانە. ئێمە دەمانەوێت بەو هەڵمەتە ئەو یەکێتییەى لە ناو گەلی کورددا هەیە، ئەو رۆح و ئیرادەیەى دروستبووە، ئێمە لە سیاسەتیشدا بیبینین تاوەکو لاوازیی کوردان لە گۆڕێدا نەمێنێت. هەموو کەس لە دژی داگیرکەری و پاکتاوکاری تێبکۆشێت، لەبەرچاوە، کە دەوڵەتی تورک نەک تەنها بۆ باکووری کوردستان، بەڵکو بۆ هەموو پارچەکانی کوردستانیش و بۆ هەموو گەلی کورد، دەوڵەتێکی وەهایە، کە سیاسەتی پاکتاوکردن بەڕێوەدەبات. لە کەسایەتیی گەلی کورددا، بەسەر هەموو گەلاندا بەڕێوەی دەبات. نەک تەنها دوژمنایەتیی گەلی کورد دەکات، بەڵکو دوژمنایەتی دیموکراسی، ئازادی، گەلان، ئایینەکان، کولتورەکان، ژنان و گەنجان دەکات. ئەوەى خزمەتی ئاکەپە و مەهەپە نەکات وەک دوژمن سەیری دەکەن، دەبێت هەموو کەس ببێت بە تورک و خزمەتی تورکان بکات. دەڵێت، دەبێت هەموو کەس نکۆڵی لە خۆی بکات، ئەگەر نکۆڵی لە خۆی نەکات، مافی ژیانی نییە، ئەوە تەنها بە قسە ناڵێت، بەڵکو بە کردەوەش ئەنجامی دەدات. لەبەر ئەوەش ئەو دەسەڵاتەی ئاکەپە و مەهەپە نەک تەنها دوژمنی پەکەکە و باکووری کوردستان، بەڵکو دوژمنی هەموو کوردانە، دوژمنی مرۆڤایەتییە. لەبەر ئەوەش دەبێت هەموو کەس بەشداری لە هەڵمەتەکەدا بکات. ئامانجی هەڵمەتەکەش تێکشکاندنی داگیرکەری، پاکتاوکردن و فاشیزمی تورکیایە. کاتێک تێکۆشان بکرێت، دەتوانرێت ئەو سیاسەت و پاکتاوکردنە تێکبشکێنرێت، لەو کاتەدا کورد دەتوانێت لە هەموو بەشەکاندا بە ئارامی بژین و دەتوانن ئازادی بەدەست بهێنن. کاتێک مرۆڤ هەلومەرجی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەرچاو بگرێت، هیچ بەشێکی کوردستان ناتوانێت بە تەنها خۆی ئەنجامێک بە دەست بهێنێت، چونکە کێشەى کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تێکەڵی یەکتر بووە. کێشەی کورد بووەتە بەشێک لە کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە هەموو بەشەکانی کوردستان بەو شێوەیەیە. لەبەر ئەوەش ئەوانەى دەیانەوێت کێشەکان چارەسەر بکن، بەو شێوەیە لە کێشەکە نزیک دەبنەوە. نەک تەنها بەشێک بۆ خۆیان بە بنەما بگرن، نەک تەنها کوردستان بە بنەما بگرن. هەموو کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەرییان لەسەر یەکترە و ئەوان بۆ خۆت بکەرە بنەما، بەو شێوەیە دەتوانیت تێکۆشان بەڕێوەببەت و ئەنجام بەدەست بهێنیت. تاوەکو دەچێت گەلی کورد و گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بەو شێوەیە لە کێشەکە تێدەگەن. ئێمە دەبینین، کە کێشە تەنها خۆی چارەسەر نابێت، بەڵکو پەیوەندیی بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەیە. لەو چوارچێوەیەدا ئەو هەڵمەتە، کە ئێمە پێشمانخستووە کاریگەری دروست دەکات. لەبەر ئەوەش کەسانی دەرەوەی کوردیش دەڵێن، ئەو هەڵمەتە هەڵمەتێکی لە جێدایە و لەکاتی خۆیدا دەستیپێکردووە، ئەو هەڵمەتە نەک تەنها بۆ کوردان، بەڵکو بۆ هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بۆ هەموو هێزە ئازادی و دیموکراسییەکانە، ئێمە دەمانەوێت لەو هەڵمەتەدا بەشدار ببن و ئەو هەڵمەتە سەر بکەوێت.

رەنگە پەدەکە قبوڵی نەکات، یان نەێڵێت، بەڵام ئێمە بە ناو گەل دا دەگەڕێین، گەل بە داگیرکەرییەکى لەسەر باشوور دەبینێت. هۆکاری تایبەتی ئەوەى، کە ئێوە لە هەڵمەتەکەتاندا راتانگەیاندووە، داگیرکەری لەسەر باشوور و رۆژئاوا چییە؟

ئێستا بەهۆی ئەوەى دەوڵەتی تورک دوژمنی گەلی کوردە، دوژمنایەتیش بەرامبەر بە باشوور و رۆژئاواش دەکات. ئەگەر تەنها دوژمنایەتیی باکووریان بکردایە، داگیرکەریی لەسەر رۆژئاوا و باشوور پێش نەدەخست. ئەو شوێنانەشی کە داگیری کردوون کوردی تیادا سڕیوەتەوە. لە عەفرین، سەرێکانی، گرێ سپی و حەفتانین ئەو کارە دەکات، لە خواکورک ئەو کارە دەکات. ئەوە چی روون دەکاتەوە؟ دەوڵەتی تورک هەموو کورد بە دوژمنی خۆی دەزانێت. لە جەنگی جیهانیی سێیەم سوود وەردەگرێت و دەیەوێت کورد پاکتاو بکات. شەڕە گەورەکان لە جیهان هەم دەرفەت و هەمیش مەترسیی زۆر گەورە دروست دەکەن. دەوڵەتی تورک هەم مەترسی و هەمیش دەرفەتەکەى بینیوە. ئەوەى لە بنەڕەتدا دەبێت لەوە تێبگات، گەلی کوردە. دەوڵەتی تورک بۆ ئەوەى رۆژئاوا و باشوور بلکێنێت بە خاکەکەى خۆیەوە سیاسەتێک بەڕێودەبات و دەبێت بە باشی لەوە تێبگەین. دەبێت ئەو مەترسی و دەرفەتە، کە دروستبووە بیبینین. مادام تۆ ئەو بەشانە داگیردەکەیت و دەیلکێنیت بە خۆتەوە، دەبێت لە دژی ئەوە وەستانەوەش هەبێت بۆ ئەوەى رابوەستێنرێت. کاتێک رانەوەستێنرێت ئەوا تورکیا داگیرکەرییەکەى بەرفراوانتر دەکات و پێشی دەخات. لە رۆژئاوا و باشوور هەندێک شوێنی تر داگیر دەکات و دەیخاتە سەر تورکیا، چونکە تورکیا دەڵێت، لۆزان خیانەتە، ئەردۆغان چەند جار ئەوەى وتوە. مادام لۆزان خیانەتە ئەو سەرزەمینانەى بەهۆی لۆزانەوە لە دەستیانچووە، دەبیت دیسانەوە بە دەستی بهێننەوە. لە مێژوودا بەهۆی رێککەوتنی زەهاو (قەسری شیرین) بەشێک لە کوردستان لە دەستی ئێراندا مایەوە، بەشەکانی تریش لە ژێر دەستی عوسمانییەکاندا مانەوە. ئەردۆغان و باخچەلی دەیانەوێت بەشەکانی عێراق و سوریا بخەنەوە ژێر دەستی خۆیان. بۆ ئەوەش دەڵێن، لۆزان خیانەتە. نەک تەنها بە قسە ئەوە دەڵێن، بەڵکو لەو چوارچێوەدا هەنگاویش دەنێن. ئێستا تورکیا ئەو سنوورانە، کە بەهۆی لۆزانەوە دروستبوون قبوڵ ناکات و دەیەوێت لایان ببات. ئێستاش بۆ خۆی سنووری نوێ دروست دەکات. ئەو خاکەى لە قەسری شیرینەوە لە دەستیان دەرچووە، دەبێت دیسانەوە بە دەستی بهێننەوە. ئەوە بە ئاشکرا دەڵێن. دەبێت گەلەکەمان لە باشوور و رۆژئاوا بە باشی لەوە تێبگەن. لەبەر ئەوەى پەکەکە دەزانێت دەوڵەتی تورک پاکتاوکردن و سڕینەوە لە دژی هەموو کورد بەڕێوەدەبات، لە دژی ئەو سیاسەتەش قوربانیی گەورەش دەدات و تێکدەکۆشێت. بە دڵنیاییەوە تێکۆشانی پەکەکە لە دژی دەوڵەتی تەنها بۆ پەکەکە و باکوور نییە. بۆ باشوور و رۆژئاوایە، نەک تەنها بۆ کوردان، بەڵکو بۆ هەموو گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، لەبەر ئەوەى، ئەو رژێمەى ئاکەپە و مەهەپە پێشیانخستووە، رژێمێکی فاشیستە، داگیرکەرە، پاکتاوکەرە، لە دەرەوەى تورکەکان هیچ کەسێکی تر قبوڵ ناکات. لە هەموو شوێنێکدا نادادی و زوڵمێکی گەورەی پێشخستووە، گروپە چەتەکان دروست دەکات، گوشاری گەورە دەخاتە سەر هەموو کەسێک. پەکەکە لە دژی ئەوە دەوەستێتەوە و هەمیش قوربانیی گەورەی بۆ دەدات، ئەوەش بە هۆشیاری و حەماسەت و ورەبەرزییەوە پێشدەخات. دەبێت هەموو کەس ئەو تێکۆشانە بە تێکۆشانی خۆی بزانێت، شەهیدەکانی بە شەهیدی خۆی بزانێت. لە دژی داگیرکەری تێبکۆشێت و رەوایی بە داگیرکەری نەدات. بە تایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) هەر هەڵدەستێت و دادەنیشت دەڵێت 'تورکیا بەهۆی پەکەکەوە لە رۆژئاوا، باشوور و باکوور ئەو هێرشانە ئەنجام دەدات'. پەکەکە تاوانبار دەکات و پاکانە بۆ دەوڵەتی تورک دەهێنێتەوە و تاوانباری ناکات. ئەوانەى دەوڵەتی تورک تاوانبار ناکەن، ئەوە خۆی لە خۆیدا هەر سیاسەت و پاکتاوکاریی دەوڵەتی تورک بە رەوا دەزانن. کورد ناتوانێت ئەوە قبوڵ بکات، مرۆڤایەتی ئەوە قبوڵ ناکات. پەکەکە لە دژی ئەو سیاسەتە تێدەکۆشێت.

لەگەڵ ئەوەی گەریلا شەڕێکی قوڕس بەڕێوە دەبات، لێدوانێکی بڵاو کردەوە و رایگەیاند کە پێشەنگایەتی ئەم هەنگاوە دەکات. گرنگیی ئەمە چیە؟

سڵاوم هەیە بۆ گەریلاکان، رێز و حورمەتیان بۆ دەنێرم، یادی شەهیدانی ئازادی و دیمۆکراسی دەکەمەوە. گەریلا لە باکور و حەفتانین و خواکورک، لە هەموو شوێنێک بە قارەمانانە داستان تۆمار دەکەن. لە ناو هەڵومەرجێکی سەخت و دژواردا ئەمە دەکەن. گەریلا چەندین ساڵە، زیاتر لە چل ساڵە لە دژی سیاسەتی قڕکردن تێدەکۆشێت. بۆ ئەمەش قوربانی زۆری داوە. ئەگەر گەریلا لە دژی سیاسەتی قڕکردن و داگیرکەری تێنەکۆشابا، ئەمڕۆ کورد بوونیان نەبوو. هیچ کەس نەیدەتوانی هەناسە بدات. ئەگەر ئەمڕۆ کورد بوونی هەیە، لە جیهان کورد خاوەنی رێزە، مرۆڤایەتی کورد بۆ خۆیان وەکو هیوایەک دەبینێت، ئەمانە ئەنجامی تێکۆشانی گەریلاکانە. ئەگەر ئەمڕۆ هەندێک کەس قسە دەکەن، ئەوا لە سایەی تێکۆشان و خۆڕاگریی گەریلاکاندایە. ئەگەر گەریلاکان نەبوونایا، هەندێک کەس دەرفەتی قسەکردنیان نەدەبوو. بۆیە هەموو کەسێک قەرزداری گەریلایە، گەریلا بۆ گەلی کورد هێزی ئازادی و پاراستنی گەلی کوردە. ئەمە راستیی گەریلاکانە.

گەریلا بۆ گەلی کورد پێشەنگایەتی دەکات، لە دژی سیاسەتی قڕکردن و داگیرکەری، خاوەنداری لە گەل کردووە. خاوەنداری لە ئازادی و ئەخلاقی گەل کردووە. بۆ ئەمەش قوربانی گەورە دەدات. دوای ئەوەی هەنگاوەکە راگەیێنرا، هێزی گەریلا رایگەیاند کە ئەوان لەم هەنگاوەدا جێدەگرن. لە راستیدا خۆیان لە ناو ئەو هەنگاوەکەدا بوون، هەنگاوەکەیان بەڕێوە دەبرد. لە حەفتانین بە هێزەوە، پێشەنگایەتیان بۆ هەنگاوەکە کرد. ئەمە کاریگەری خۆی لەسەر دەوڵەتی تورکیش دروست کرد، دەوڵەتی تورک پلانەکانی تێک چوون. کاریگەریەکی بەهێزی لەسەر گەلی کوردیش دروست کرد، چاونەترسی و مۆڕالی بەخشی بە گەلی کورد. مرۆڤ ئەوە دەبینێت کە لە کوردستان، گەریلا هەمیشە رۆڵی بینیوە. گەلی کوردیان لە لێواری مەرگەوە، گەڕاندەوە بۆ ژیان. لێرەدا رەنجی رێبەر ئاپۆ زۆر گەورەیە. رێبەر ئاپۆ ئەمەی بە رێگەی گەریلاوە پەرەی پێدا و بە جیهانی ناساند. ئەمانە هەموویان بە قوربانیدان و شەهید و تێکۆشان بەدی هاتن. گەریلا وابەستەی شەهیدانە، وابەستەی هێڵی رێبەر ئاپۆیە. بڕیارگا وتی، ئێمە لەم هەنگاوەدا جێدەگرین، من لەو بڕوایەدام هێزی گەریلا ئەم هەنگاوە بە شێوەیەکی بەهێز، بەڕێوە ببات.

بەڕێز بایک، بزوتنەوەکەتان، بە زۆری هێز و توانای خۆی لە بزوتنەوەی ژنان و بزوتنەوەی گەنجان وەردەگرێت. بزوتنەوەی ژنان و گەنجانیش لەم بارەیەوە هەڵوێستی خۆیان خستەروو و لێدوانیاندا. ئەمە بە چی واتەیەک دێت؟

ئێستا هەم ژنان و هەم گەنجان، پێشەنگن لە بزوتنەوەکەماندا. وەکو چۆن گەریلا پێشەنگە، ئەوانیش پێشەنگن. چونکە رۆحی ئازادی لە ناخی ئەواندایە. پەکەکەش چونکە بزوتنەوەیەکی ئازادیخوازە، رۆح و ژیان و کارەکتەری رێبەر ئاپۆش ئازادیە، بۆیە پێشەنگایەتی ژیان و گەنجانی بۆ خۆی وەکو بنەما وەرگرت. چونکە ئامانجی هەر کەسێک ئازادی بێت و بتوانێت پەرە بەم تێکۆشانە بدات و بگەیێنێتە ئامانج، پێویستە ژنان و گەنجان بە بنەما وەربگرێت. چونکە رۆح و هەستی ئازادی لەناخی ئەواندایە. خاوەنی تایبەتمەندی ئازادین. بۆیە رێبەر ئاپۆ وتی، پەکەکە بزوتنەوەی ژنانە. پەکەکە ئازادی بۆ خۆی بە بنەما وەردەگریت و ئازادیش بە ئازادبوونی ژنان بەدی دێت. لە کوردستان ژنانی کورد خۆیان بەرێکخستن کرد و کۆمەلگاش بە رێکخستن دەکەن. پێشەنگایەتی کۆمەڵگا دەکەن. لە ناو کۆمەڵگای کوردیدا گۆڕانکاریەکی گەورە روویدا.

لە زیهنیەت و ژیانی ئەو کۆمەڵگایەدا گۆڕانکاری دروست بوو. ئەمە لە لایەن ژنانەوە روویدا. ژنانی کورد لە کوردستان نەک تەنها لە ژیان و کۆمەڵگا و کەسایەتدا گۆڕانکاری دروست کرد، بەڵکو کۆمەڵگا و کەسایەتی کوردی بەهێز کرد و کردی بە عاشقی ئازادی، هاوکات کاریگەریەکی گەورەشی لەسەر جیهان دروست کرد. ئەگەر ئەمڕۆ لە جیهان کورد دەناسرێن، کوردیان خۆش دەوێت، گەلی کورد بۆ خۆیان وەکو هیوایەک دەبینن، ئەوا لێرەدا ژنان رۆڵێکی بنچینەییان بینیوە. چونکە ژنانی کورد لە کوردستان تێکۆشانی دیمۆکراسی و ئازادی بەڕێوە دەبەن و پێشەنگایەتی بۆ دەکەن. گۆڕانکاری دروست دەکەن و ئەمەش کاریگەری لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان دروست دەکات. بۆیە لەم هەنگاوەشدا ئەگەر مرۆڤ سەرنجی بداتێ، ئەوانەی لە هەموو شوێنێک بەشداری لە هەنگاوەکەدا دەکەن، ئەوانەی پێشەنگایەتی بۆ هەنگاوەکە دەکەن، ژنانن. ئەوانەی خاوەنداری لە رێبەر ئاپۆ، پەکەکە و کۆمەڵگای کوردی دەکەن، ئەوانەی خاوەنداری لە پیرۆزیەکانی مرۆڤ و ئازادی و دیمۆکراسی و یەکسانی دەکەن، ژنانن.

بۆیە ئێمە لەو بڕوایەداین کە ژنان ئەم هەنگاوە بە شێوەیەکی بەهێز بەڕێوە دەبن. ژنان ئەوە دەبینن کە ئەم هەنگاوە، هەنگاوی ئەوانە، لە هەموو کەسێک زیاتر هەنگاوی ئەوانە. چونکە هەنگاوی ئازادیە. لە هەموو کەسێک زیاتر، ئازادی مافی ژنە، چونکە بەو تێکۆشانەی بەڕێوەیان برد، ئەمەیان حەق کردووە. دەیانەوێت تێکۆشانیان بەهێز بکەن. ئەم هەنگاوەش بە پلەی یەکەم خزمەت بە ئامانجەکانی ژنان دەکات. بۆیە ژنانیش ئەم هەنگاوە، وەکو هەنگاوی خۆیان دەبینن و لە هەموو شوێنێک بەر لە هەموو کەسێک بەشداریان لەم هەنگاوەدا کرد و پێشەنگایەتی بۆ دەکەن. بۆیە من پیرۆزبایی لە ژنانی کورد دەکەم و رێز و حورمەتم بۆیان دەنێرم. وەکو وتم، ئەم بزوتنەوەیە بە گەنجی دەستی پێکرد و بە گەنجی بەردەوامە و بە گەنجیش بەردەوام دەبێت. چونکە بزوتنەوەیەکە کە ئازادی و دیمۆکراسی و یەکسانی بە بنەما دەگرێت، دەبێت ئەمانە بە بنەما وەربگرن. ئەو کاتە ئەگەر ئەم بزوتنەوەیە لەسەر ئەم بنەمایە بەڕێوە بچێت، دەتوانێت هیواکانی گەلەکەی و مرۆڤایەتیش بەدی بهێنێت.

ئێستا بزوتنەوەی پەکەکە و گشت گەریلاکان، بزوتنەوەیەکی گەنجانە. بە تەواوەتی لەسەر تایبەتمەندیەکانی گەنجان پەرەی پێدەدرێت. چونکە هەر چیەک دەکات ناتوانێت ئەنجامێک بەدەست بهێنێت. چونکە گەنجێتی بە هیچ رازی نیە، بەردەوام ئەوەی روودەدات، بە کەم دەیبینێت. کامە باش و نوێیە ئەوە بە بنەما وەردەگرێت. بۆیە بەردەوام خۆی زیندوو دێڵێتەوە، خۆی نوێ دەکاتەوە، لەگەڵ نوێبوونەوەدا دەژیت، ناهێڵێت ناخی بمەیەت. بۆیە رێبەر ئاپۆ ئەو تایبەتمەندیەی کرد بە تایبەتمەندی پەکەکە، پەکەکە لەسەر بنەمای ئەم تایبەتمەندیە بەڕیوە دەچیت. بۆیە هیچ کات هێزی چارەسەری کۆتایی پێنایەت، هەمیشە دەبێت بە هێزی چارەسەری. ئەگەر ئەمڕۆ هەموو کەسێک ئەم بزوتنەوەیە بۆ خۆی وەکو هیوایەک دەبینێت، بە هۆی ئەم تایبەتمەندیەوەیە. چونکە بەردەوام چارەسەری تێدا دەبینن. پێویستە گەنجان لە هەموو روویەکەوە ئەم هەنگاوە بەهێز بکەن، بەشداربوون، بە بنەما وەربگرن، بەم شێوەیە ببن بە وڵام بۆ هەنگاوەکە. ئەگەر بەم شێوەیە وڵامیان دایەوە، وڵامیان راست دەبێت. من لەو بڕوایەدام کە گەنجان لە هەموو شوێنێک و لە هەموو روویەکەوە رۆڵی خۆیان لەم هەنگاوەدا دەبیننەوە، بەشداربوونیش بە بنەما وەردەگرن و بەهێزی دەکەن.

وشەی گۆشەگیری، فاشیزم، داگیرکەری و کاتی ئازادیە، تەنها تایبەت نیە بە گەلی کوردەوە. جگە لە کورد و کوردستان، بۆ گەلانی تر و بۆ بەشەکانی تری کۆمەڵگا، ئەمە چی واتایەکی هەیە؟

دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە دەسەڵاتێکی فاشیستە و قڕکردن و داگیرکەری بۆ خۆی بە بنەما وەردەگرێت. بۆیە لە تورکیا شتێک نیە کە تێکی نەدابێت. هەموو شتێکی خراپ کردووە و تێکی داوە. هەموو شتێکی بۆگەن کردووە. واتە هیچ شتێکی لەدەستی گەلی تورکیادا نەهێشتووەتەوە. تورکیای فرۆشت، شتێک نەماوە نەیفرۆشبێت و خراپی نەکردبێت. تەنها کورد نەبوون کە قڕکردنی بەسەردا سەپاند، هێزە دیمۆکرات و ئازادیخوازەکانی تورکیاش رووبەرووی ئەو قڕکردنە بوونەوە. قڕکردنی بەسەر پارچەکانی تری کوردستانیشدا سەپاند کە تا ئێستاش بەردەوامە. لە دژی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بەڕێوەی دەبات. بەم هەنگاوە، ئێمە هەوڵ دەدەن ئەم دەسەڵاتە تێک بشکێنین و لەناوی بەرین. هەموو گەلان لەم دەسەڵاتە رزگار بکەین.

ئەو خراپەیەی کردیان، ئەو ناهەقیەی کردیان، لەناوی دەبەین بۆ ئەوەی لە تورکیا کۆمارێکی دیمۆکراتیک بونیاد بنرێت، بۆ ئەوەی دیمۆکراسی بونیاد بنرێت، بۆ ئەوەی گەلانی تورکیا، گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مرۆڤایەتی هەناسەیەک بدەن و دیمۆکراسی و ئازادی و یەکسانی بەدی بێت. ئێمە ئەم هەنگاوەمان بۆ ئەم مەبەستە دەست پێکردووە. بۆیە ئەم هەنگاوە تەنها هەنگاوی کورد نیە، تەنها هەنگاوی کوردی باکور نیە. هەرچەندێک هەنگاوی ئەوان بێت، هێندەش هەنگاوی گەلی تورکیایە، هێندە هەنگاوی هێزە دیمۆکرات و ئازادیخوازانی تورکیاشە. ئەم هەنگاوە تەنها هەنگاوی هەپەگە، یان هەنگاوی ژنان و گەنجان نیە. بەڵکو هەنگاوی (HBDH)شە. چونکە HBDH لە دژی فاشیزمە، لە دژی گۆشەگری و داگیرکەری و قڕکردنە. بۆ ئازادی و دیمۆکراسی گەلان تێدەکۆشێت. بۆیە ئەم هەنگاوە هاوکات هەنگاوی ئەوانیشە. هەنگاوی هەموو ئەو هێزانەیە کە لە دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە ناڕاحەتن.

ئەوانەی لە دژی فاشیزم و داگیرکەری و گۆشەگیرین. ئەوانە داوای ئازادی و دیمۆکراسی و یەکسانی دەکەن. ئەم هەنگاوە هەنگاوی هەموو ئەوانەیە. بۆیە دەبێت هەموو کەسێک بەشداری لەم هەنگاوەدا بکات. لە پارچەکانی تری کوردستان، لەسێدارەدان هەیە، دەبێت مرۆڤ لە دژی ئەم لەسێدارەدانە بوەستێتەوە، مرۆڤ دەبێت پەرە بە برایەتی و دیمۆکراسی بدات. داگیرکەری لە ئارادایە، لە باشوری کوردستان دەستکەوتەکانی گەلەکەمان لە مەترسیدان. دەبێت لە دژی داگیرکەری بوەستینەوە و دەستکەوتەکانی خۆمان بپارێزین. لە رۆژئاوای کوردستان داگیرکەری لە ئارادایە، شۆڕش لە مەترسیدایە. دەبێت خاوەنداری لە شۆڕشەکەیان، شکۆمەندیەکانیان و شەهیدەکانیان بکەن. لە دژی داگیرکەری بوەستنەوە. گەلەکەمان لە ئەوروپا چەندین ساڵ نوێنەرایەتی کوردستانی کرد. ئەمڕۆ بەرپرسیاریەکی گەورەتریان گرتووەتە ئەستۆیان. ئێستا لە ئەوروپا کوردی هەموو پارچەکانی کوردستان بوونیان هەیە. بووە بە کوردستانێکی بچوک، نوێنەرایەتی یەکێتی نەتەوەیی دەکەن، دەکرێت ئەمە لە هەموو پارچەکان پەرەی پێبدرێت. ئەرکێکی مێژوویان لە ئەستۆدایە. لە ئەوروپا نوێنەرایەتی گەلی کورد دەکەن، دەنگی گەلی کورد دەگەیێنن بە جیهان. خاوەنی ئەرکێکی بەم شێوەیەن. لە مێژوودا ئەم ئەرکەیان بە شکۆمەندانە جێبەجێ کرد و لە ئێستاش بە دواوە بە شێوەیەکی بەهێز ئەم ئەرکە جێبەجێ دەکەن.

بۆ ئەم هەنگاوە لە ئێستاوە کوردانی ئەوروپا جێی خۆیان تێیدا گرتووە. من لەو بڕوایەدام کە ئەوروپا ئەم هەنگاوە بۆ خۆی دەکات بە هەنگاوێکی بنچینەیی. وەک چۆن پارچەکانی تری کوردستان ئەم هەنگاوە وەکو هەنگاوێکی بنچینەیی دەبینن، وەک چۆن هەپەگە و HBDH ئەم هەنگاوە وەکو هەنگاوی خۆیان دەبینن و ژنان و گەنجان و هەموو گەلانی تریش، وەکو هەنگاوی خۆیان دەیبینن، کوردانی ئەوروپاش ئەم هەنگاوە بە هەنگاوی خۆیان دەبینن. لەسەر ئەم بنەمایە بانگەوازی من بۆ هەموو کوردێک و هەموو کەسێک کە لە دژی فاشیزم و داگیرکەری و قرکەریەکانی دەوڵەتی تورک دەوەستنەوە، بۆ هەموو ئەوانەی بۆ ئازادی و دیمۆکراسی تێدەکۆشن، بۆ گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بۆ دۆستانی کورد ئەوەیە کە، هەموویان لەم هەنگاوەدا بە شێوەیەکی بەهێز جێی بگرن و بۆ سەرخستنی ئەم هەنگاوە ئەرکەکەیان جێبەجێ بکەن. چونکە ئەم هەنگاوە، هەنگاوی هەموو کەسێکە. دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە بووە بە بەڵا، زۆر لاوازە و لە قۆناغی لەناوچووندایە. دەبێت لە دژی ئەم دەسەڵاتە بوەستینەوە، ئەم هەنگاوە بگەیێنین بە ئامانج بۆ ئەوەی لەم بەڵایە رزگارمان ببێت و بتوانین بە ئازادانە و لە ژێر سایەی دیمۆکراسیدا بژین. ئەم هەنگاوە، رابوونە لە دژی فاشیزم، گۆشەگیری، داگیرکەری، هەنگاوی ئازادیە. لەسەر ئەم بنەمایە هیوای سەرکەوتن بۆ هەموو کەسێک دەخوازم.

ژ.ت - ز.ش