بایک: دەمانەوێت لە رێگەى هەڵمەتەکەوە تێکۆشانەکەمان سەربخەین – ١ -

جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەری کەجەکە شیکاریی بۆ هەڵمەتی 'گۆشەگیری، فاشیزم و داگیرکەری بەسە، کات کاتی ئازادییە' کرد و وتی، "ئێمە دەمانەوێت لە رێگەى ئەو هەڵمەتەوە تێکۆشانی چەندین ساڵەمان سەربخەین".

جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بەشداریی بەرنامەى تایبەتی کەناڵی ئاسمانیی ستێرک تیڤی بوو و هاوکات لەگەڵ رووداوەکانی کوردستان، تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شیکاریشی بۆ هەڵمەتی کەجەکە بە دروشمی 'گۆشەگیری، فاشیزم و داگیرکەری بەسە، کات کاتی ئازادییە' کرد.

ئێوە هەڵمەتێکتان بە دروشمی 'گۆشەگیری، فاشیزم و داگیرکەری بەسە، کات کاتی ئازادییە' دەستپێکردووە، ئەوە چ واتایەکی هەیە.

پێش ئەوەى وەڵامی پرسیارەکەى ئێوە بدەمەوە، ئەو بانگەوازەی، کە ئێمە کردوومانە و ئەو هەڵمەتەى دەستمان پێکردووە، لە زۆرێک لە بەشەکان، دەرەوەى وڵات، لەلایەن زۆریک لە رێکخستنەکانەوە وەڵامی دراوەتەوە و لێدوان و راگەیاندراویان لە بارەوە بڵاوکردووەتەوە و بەشداریشیان تیادا کردووە. هەندێکیش دەڵێن، 'ئێمەش بەشداریی تیادا دەکەین'، بۆیە من سڵاو لە هەموویان دەکەم و رێزی خۆمیان پێشکەش دەکەم.

رێبەر ئاپۆ هەموو ژیان خۆی خستووەتە خزمەت گەلی کورد و  مرۆڤایەتی. هەرگیز ژیانێکی شەخسیی بۆ خۆی نەویستووە و نییەتی. هەرگیز بیری لە ژیانی شەخسی نەکردوەتەوە و ئەو ژیانەى بۆ خۆی نەگرتووەتەبەر. ئەگەر ژیانێک هەبێت دەبێت لە خزمەت ئازایدیدا بێت. ئەو ژیانێک قبوڵ ناکات، کە خزمەتى ئازادی نەکات. بۆ ئەوەش هەموو ژیانی خۆی لەسەر ئەو بنەمایە و لەو چوارچێوەیەدا خستووەتە خزمەتی گەلی کورد و مرۆڤایەتییەوە. ئەگەر ئەمڕۆ لە کوردستان گەلی کورد زیندوو بووەتەوە و ژیاوەتەوە، هەستاوەتە سەر پێ، جگە لە ئازادی هیچی تر قبوڵ ناکەن، بۆئازادی تێکۆشان دەکەن، ئەگەر گەلی کورد ئەمڕۆ لە جیهاندا ناسراوە، رێز لە کوردان دەگیردرێت، خۆشەویستی بۆ گەلی کورد هەیە، ئەوانە هەمووی بە تێکۆشانی رێبەر ئاپۆ بەدیهاتوون. لێرەدا ئەو تێکۆشانە، کە رێبەر ئاپۆ پێشیخستووە گرنگە و رۆڵێکی زۆر گەورەی گێڕاوە. بۆ ئەوەش ئێمە و هەموو کەس خۆمان بە قەرزرداری رێبەر ئاپۆ دەزانین. دەبێت هەموو کەس ئەو قەرزەی خۆی بداتەوە و کار بۆ دانەوەکەشی بکات. رێبەر ئاپۆ تەنها بۆ گەلی کورد رێبەرایەتی ناکات، بەڵکو بۆ هەموو گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مرۆڤایەتیش رێبەراتی دەکات. کێشەکانی ئەوان بە کێشەى خۆی دەزانێت و ئەو کێشانە لە خۆیدا چارەسەر دەکات، ئەوەشی لە خۆیدا چارەسەری کرد بۆ ئەوانی چارەسەر دەکات. بۆ ئەوەش رێگایان پیشان دەدات تاوەکو بزانن، کە ئەو کێشانە چۆن چارەسەر دەکەن. بۆ ئەوەش هەموو کەسێک قەرزداری ئازادیی رێبەر ئاپۆیە. بۆ ئەوەش ئازادیی رێبەر ئاپۆ کێشەی نەتەوەیی، کێشەی مرۆڤایەتی، کێشەی دیموکراسی و ئازادیی و کێشەى ئەخلاقی و ویژدانییە. بۆ ئەوەش کێشەى چارەسەرکردن تەنها کێشە و بابەتی پەکەکە و کورد نییە. ئەوە بابەتی هەموانە. ئەوەى دەڵێت، 'من ئازادی و دیموکراسیم دەوێت' ئەوا چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بۆ خۆی بە بنەما دەزانێت. ئەگەر ئەمڕۆ هەموو کەسێک خاوەنداری لە ئازادیی رێبەر ئاپۆ دەکات و دەڵێن، کاتی ئەوە هاتووە و ئەوە دەدات پێش و ئەوە وەک ئەرکێک بەجێدەهێنێت، ئەوە پەیوەندیی بەو راستییەوە هەیە. کێشەى رێبەر ئاپۆ و گەلی کورد ئاوێتەی یەکتر بوون. هیچ کەس ناتوانێت ئەو کێشانە لە یەکتر دووربخاتەوە، یان جیایان بکاتەوە. ئازادیی رێبەر ئاپۆ ئازادیی گەلی کوردە. ئازادیی گەلی کورد، ئازادیی رێبەر ئاپۆیە. ئێستا لە مێژوودا رێبەرایەتیی گەلێک بە بارمتە بگیرێت، لە ژێر ئەشکەنجەدا بێت، ئەوە ئەو گەلە هەموویان کراون بە بارمتە، ئەو گەلە هەموویان دیلکراون، ئەو گەلە هەموویان لە ژێر ئەشکەنجەدان. ئەوە راستییەکەیە. تاوەکو رێبەرایەتیی ئەو گەلە ئازاد نەبێت، ئەو گەلەش هەرگیز ئازاد نابێت. کەس ئازادیی ئەو گەلەش قبوڵ ناکات. بۆ ئەوەش بە هەقی نازانانێت. بۆ ئەوەش گەلی کورد هەر کات ئازادیی رێبەر ئاپۆی پێشخست، دەتوانێت ئازادیی خۆیشی پێشبخات و بژی، ئەو کاتە ئازادیی خۆی مافدارانە و رەوا دەکات، هەر کەسیش ئەو کاتە ئازادی بە مافی رەوای گەلی کورد ەزانێت. ئێستا ئەوە روون بووەتەوە، ئەو سیاسەتە، کە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، فاشیستی پاکتاوکار لەسەر رێبەر ئاپۆ بەڕێوەی دەبات، ئەو سیاسەتەیە، کە بەرامبەر بە گەلی کورد لە تورکیا و هێزە دیموکراسییەکان و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە دژی گەل و کولتورەکان و بەرامبەر بە مرۆڤایەتی بەڕێوەی دەبات. لەبەر ئەوەش ئەو سیاسەتە زۆر چەپەڵ و قێزەونە نەک تەنها لە دژی رێبەر ئاپۆ، بەڵکو لە کەسایەتیی رێبەر ئاپۆدا لە دژی هەموو گەلان و لە دژی مرۆڤایەتی بەکار دەهێنرێت. لە دژی دیموکراسی، ئازادی و دادپەروەرەییە. بۆ ئەوەش ئیدی ئەو سیاسەتە هیچ رەوابونێکی نەماوە. هیچ مانایەکی نەماوە. بۆ ئەوەش کەس ناتوانێت خاوەنداری لەو سیاسەتە بکات. ئەوانەى ساڵەهای ساڵە ئەو سیاسەتە لە کەسایەتیی رێبەر ئاپۆدا لە دژی گەلی کورد و مرۆڤایەتی بەکار دەهێنا ئیدی ئێستا ناتوانن خاوەنداریی لێ بکەن. بۆ نمونە کۆمیتەى جیهانیی دژ بە ئەشکەنجە (سی پی تی). ئێمە ساڵەهای ساڵ بە سی پی تی-مان دەوێت لەسەر رێبەر ئاپۆ ئەشکەنجە هەیە، ئەشکەنجەیەکى بێسنووری بەرامبەر ئەنجام دەدرێت، بەڵام بێدەنگ دەبوو و دەنگی لێوەنەدەهات، بەڵام لەو دواییانەدا بۆ خۆی قبوڵی کرد و وتی، لەسەر رێبەر ئاپۆ ئەشکەنجە هەیە. گۆشەگیری ئەشکەنجەیە. سی پی تی بۆ خۆی وتی؛ گۆشەگیری بەسەر رێبەر ئاپۆدا سەپێنراوە. ناچار بوو ئەوە بڵێت. ئەوە بە تێکۆشانی گەلەکەمان قبوڵ کرا و بەدیهات. ئەگەر گەلەکەمان تێکۆشانی نەکردایە ئەوا دیسانەو سی پی تی هیچی قبوڵ نەدەکرد. لەبەر ئەوەى ئەو تێکۆشانەى ئێمە پێشمانخست، گەلەکەمان پێشیخست لە هەموو روویەکەوە راستیی دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپەی خستەڕوو. هەموانی تێگەیاند، کە ئەو دەسەڵاتە بەڵایەکی گەورەیە بۆ سەر مرۆڤایەتی. ئەگەر سی پی تی ئەمڕۆ دەڵێت، ئەشکەنجە لەسەر رێبەر ئاپۆ هەیە هۆکارەکەى بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە. هەموو دۆستانی گەلی کورد و ئەوانەى ئامانجیان دیموکراسی و ئازادییە هەموویان دەڵێن، دەبێت ئیدی رێبەر ئاپۆ بە جەستە ئازاد بکرێت. ئێمە قبوڵی ناکەین لەو باردۆخەدا بمێنێتەوە. کات تێدەپەڕێت، بۆ ئەوەش دەبێت رۆژێک زووتر رێبەر ئاپۆ ئازاد بکرێت. ئەوە داوای هەموو گەلی کورد و هەموو هێزە دیموکراسییەکانە لە تورکیا و هەموو ئەوانەیە، کە لە جیهاندا بۆ ئازادی – دیموکراسی تێدەکۆشن، داوای ئەوانەیە کە بۆ دادپەروەری تێدەکۆشن. ئەوەیان کردووەتە بابەتی رۆژ و لەو چوارچێوەیەدا کار دەکەن. بۆ ئەوەش ئەوانەى ئەوەیان بۆ خۆیان کردووە بە رۆژەڤ، ئەوانەى دەڵێن، کاتی ئازادیی رێبەر ئاپۆ هاتووە، من سڵاو لە هەمویان دەکەم و رێزی خۆمیان پێشکەش دەکەم.

دەستەى بەڕێوبەریی کەجەکە کۆبوونەوەیەکى بەهێز و بەرفراوانی رێکخست، پێش ئەوەش کۆمیتەى بەڕێوەبەریی پەکەکە کۆبوونەوەى خۆی ئەنجامدا، دوای ئەوانەش  ناوەندی پاراستنی گەل کۆبوویەوە و لە ئەنجامدا بڕیاری ئەو هەڵمەتە درا. لە ناو ئەو شەڕە قورسەدا ئەو کۆبوونەوە گەورە و بەهێزیانە چ مانایەک دەبەخشن؟

راستە، ماوەیەکە رێکخراوەکان و دامەزراوەکانمان و هەموو هاوڕێکانمان لە گفتوگۆیەکی چڕوپڕدا بوون و کۆبوونەوەى گەورە و بەهێزیان رێکخست. لە ئەنجامی ئەو کۆبوونەوانە و گفتوگۆکاندا بڕیارماندا ئەو هەڵمەتە پێشبخەین، چونکا هەموو دام و دەزگاکانمان و هاوڕێیانمان، گەل و دۆستانمان دەیانخواست هەڵمەتێکى لەو جۆرە پێشبخرێت. بۆ ئەوەش ئێمە داواکاری و پێشنیاز و گفتوگۆکانمان لێکدایەوە و لە ئەنجامدا بڕیارماندا کە ئەو هەڵمەتە پێشبخەین. ئێمە، هەموانیش بەشداری ئەو هەڵمەتە دەکەین، چونکە ئێمە ئەوەمان بینی، کە ئەوە داوای هەموانە. مادام هەموو کەسێک ئەوەى دەوێت، کەواتە دەبێت هەموو کەسیش بەشداری لە هەڵمەتەکەدا بکات. لەو کاتەدا ئەو داوایە، ئەو پێشنیازە و ئەو بڕیارە بەدی دێت. ئێمە پێشمانخست، ئەوە تەنها پەیوەست نییە بەو هۆکارەوە، بەڵکو هۆکاری تریش لە گۆڕێدایە. ئێمە هەموو ئەوانەمان لە بەرچاو گرت و بەو شێوەیە هەڵمەتەکە دەستیپێکرد. لەبەر ئەوەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا شەڕی جیهانیی سێیەم هەیە و شەڕێکی زۆر دژوار و قورسە و هیچ کەس لە دەرەوەى ئەو شەڕەدا نییە و ئەو شەڕە کاریگەری لەسەر هەموو کەسێکش دروست دەکات. لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هاوسەنگییەکان تێکدەشکێن و پێگە و قەوارە و کیانەکانی پێشوو لەبەر یەک هەڵدەوەشێنەوە. هاوسەنگیی نوێ دروستبوون، پێگە و قەوارەی نوێ دروستبوون. بۆ ئەوەش هەموو کەس بەرژەوەندیی خۆی بە بنەما گرتووە، هەڵمەت لەسەر هەڵمەت ئەنجام دەدەن؛ کە چۆن بەرژەوەندیی خۆیان بەهێز بکەن. بۆ ئەوەش کێشەى زۆر روودەدەن و لە کوردستانیش ئەو کێشانە هەیە. لە ناوچە عەرەبییەکان کێشە هەیە. لە نێوان ئێسرائیل و عەرەبەکاندا کێشە هەیە. لە عێراق، سوریا و ئێران کێشە هەیە. ئەوانە تەنها کێشەى سەربازی نین. کێشەى کۆمەڵگە، رێکخستن، کولتور و زۆر کێشەى تر لە گۆڕێدان. لە ناو ئەو کێشانەدا گەلی کوردیش کێشەى گەورەی هەیە. لەبەر ئەوەش شەڕی جیهانیی سێیەم لە بنەڕەتدا لە کوردستان بەڕێوەدەچێت. ناوەندی ئەو شەڕە کوردستانە. چارەنووسی کوردان و چارەنووسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش پەیوەستە بەو شەڕانەوە، کە دەکرێن. بە تایبەتی ئەو شەڕە کە لە کوردستان بەڕێوەدەچێت. چونکا ئەنجامی ئەو شەڕە دەریدەخات، کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر چ بنەماو و چوارچێوەیەک رێکدەخرێتەوە و هاوسەنگی و پێگە و کیان لەسەر چ بنەمایەک دروست دەبن، ئەوەش هاوسەنگیی بنەڕەتیی جیهانە. یانی ئەو شەڕە تەنها کاریگەریی خۆی لەسەر کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست ناکات، بەڵکو کاریگەریی خۆی لەسەر جیهان دروست دەکات. ئێمە لەسەر هەموو ئەوانە گفتوگۆمان کرد، چونکە ئەوانە لە نزیکەوە پەیوەندییان بە ئێمەوە هەیە. چۆن لە نزیکەوە پەیوەندیی بە هەموو کەسەوە هەیە، بەو شێوەیەش لە هەموو کەس زیاتر پەیوەندیی بە ئێمەى کوردەوە هەیە. دەوڵەتی فاشیستی داگیرکەر و پاکتاوکار ئەوەى بۆ دەرکەوت، کە شەڕی جیهانیی سێیەم لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا روودەدات و ئەو شەڕە پێگە و قەوارە و هاوسەنگییەکانی پێشتر لەبەر یەک هەڵدەوەشێنێتەوە. لەوەش زیاتر لە هەموو کەسێک کورد سوودمەند دەبێت. بۆ ئەوەى کورد سوودی پێنەگات دەبێت لەم شەڕەدا سوودمەند نەبێت، لەبەر ئەوەی شەڕێکی ئەوەندە گەورە چۆن بۆ هەموو کەس دەرفەت دەڕەخسێنێت و مەترسیش دروست دەکات، بۆ دەوڵەتی تورکیش دەرفەت و مەترسی دروست دەکات. مەترسیی گەورە چی بوو، کورد بوو، چونکا ئەو قەوارە و پێگەیانە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە دژی کوردان دروستکرابوون و هەموو رۆژێک کوردیان بەرەو مردن دەبرد، ئەو پێگە و قەوارانە لەبەر یەک هەڵدەوەشن. کوردیش وەک پێشتر نییە و خاوەنداری لە خۆیان دەکەن و خۆیان بە رێکخستن کردووە و هێزی خۆیان دروستکردووە و تێکۆشان دەکەن. دەتوانن لەو شەڕەدا بۆ خۆیان پێگە و کیان دروست بکەن. لە هاوسەنگییە نوێکاندا جێ و پێگەی هەبێت. ئەوەش بۆ تورکیا مردنە.

چونکە دەوڵەتی تورک بە تەواوەتی لەسەر سڕینەوە و نکۆڵیکردنی کورد دروستبووە و ئەو سیاسەتە بەڕێوەدەبات. لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کورد لە شەڕی جیهانیی سێیەمدا دەبێتە هێزێک، کە قەوارە و کیان بە دەست دەهێنێت و کۆتایی بەو سیاسەتە دەهێنێت. دەوڵەتی تورک ئیدی ناتوانێت سیاسەتی پاکتاوکردن لە دژی کورد بەڕێوەببات. بۆ خۆی ئەوەی بە مەترسیی بینی، ئەی چۆن رێ لەو مەترسییە بگرێت، ئەوەى بۆ خۆی بە کارێکی بنەڕەتی زانی کە دەرفەت بۆ خۆی بڕەخسێنێت تاوەکو بتوانێت لە شەڕی جیهانیی سێیەمدا ئەو ناوچانە، کە پێشتر لە دەستی دابوون جارێکیتر بخاتەوە دەستی خۆی، تاوەکو بەوە بتوانێت ئیمپراتۆریی نوێی عوسمانی دروست بکاتەوە. ئیمپراتۆریی عوسمانیش، کە بەو شێوەیە سەرقاڵی پاکتاوکردنی گەلان بوو، داگیرکەریی دەکرد، چەوساندنەوەى ئەنجامدەدا. لە رووی ئابووریی بە تاڵانکردنی ئەو وڵاتانە خۆی پێشدەخات. ئەگەر وا نەبوایە لە رووی کولتور و زمانەوە بەو رادە چڕە پاکتاوکردن و سڕینەوەى گەلانی نەدەکردە بنەمای کارەکانی خۆی، بەڵام دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە لە تورکیا ئەو خەونە عوسمانییە بەڕێوەدەبن و لەسەر نەتەوە – دەوڵەتیش بەڕێوەی دەبەن. لەسەر پاکتاکردنی گەلان بەڕێوەی دەبەن. لە بەردەم ئەوەشدا گەورەترین لەمپەر، گەورترین مەترسی گەلی کوردە.  بۆ گەلی کوردیش دەرفەتێکی مێژوویی بۆ رەخساووە، ئەگەر رێگری و لەمپەر بۆ ئەو دەرفەتە دروست نەکەن، پاکتاوکردن پێشنەخەن ئەوا ناتوانن ئامانجەکەى خۆیان بەدی بهێنن. ئەو سیاسەتەى کە تاوەکو ئێستا لەسەر پاکتاوکردنی گەلان بەڕێوەبیان دەبرد، ئیدی کۆتایی پێدێت. بۆ ئەوەش نەژادپەرەستییان پێشخست و ئایینیشیان خستە خزمەت ئەو نەژادپەرەستییە تاوەکو بتوانن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئامانجەکەى خۆیان بەدی بهێنن. لەسەر ئەو بنەمایە و لەو چوارچێوەیەدا دەستیان بە هێرشکرد. داگیرکەری و پاکتاوکردنیان پێشخست. ئەو سیاسەتەی تورکیا،هەم تورکیای لە ناوخۆ زۆر تەنگاو کردووە و هەم لە دەرەوەش تەنگاوی کردووە. لەبەر ئەوەی هەموو کەس راستییەکەى بۆ دەرکەوت، بۆ ئەوەش ئێمە بینیمان، کە ئەو سیاسەتە، کە دەوڵەتی تورک بەڕێوەی دەبات هەم لەناوخۆ و هەم لە دەرەوە تەنگاوی دەکات، ئیمە لەسەر ئەوەش گفتوگۆمان کرد. لەسەر ئەو بنەمایانە ئێمە بە پێویستمان زانی ئەو هەڵمەتە پێشبخەین.

بەڕێز باییک پیشتریش هەنگاوی بەم شێوەیەتان ڕاگەیاندووە، هەنگاوی سەرکەوتوو و گرنگ بوون، جیاوازی ئەم هەنگاوە و هەنگاوەکانی تر چین؟

لە ڕاستیدا لە مێژووی خۆماندا هەنگاوی زۆرمان ڕاگەیاندبووە، لە هەنگاوەکانیشدا ئەنجاممان بەدەستهێناوە. بەڵام هەنگاوەکانی ڕابردوومان بۆ ئەوەی تەڤگەرەکە بەرەوە پێشەوە بەرین بۆیە ڕامانگەیاندن. هەنگاوەکە زیاتر لایەنەک بوو و بەرێوەدەبرا. بەڵام ئەم هەنگاوە نوێیەمان لە هەنگاوەکانی پێشووتر جیاوازە. جیاوازیەکەی لەچی دایە، مێژوویەی تێکۆشانمان کە بە باجی زۆر گەورە بەرەو پێشەوە چووە، دەمانەوێت بە ئەنجامی بگەیەنین، نەک وەک پێشوو تەڤگەرەکە بەرەو پێشەوە ببەین. لەبارەی هەنگاوەکەمان کە بەهامان خوڵقاندووە، دەمانەوێت بە ئامانج بگەین. ئامانجەکانمان بۆ ئازادی و دیموکراسی گەلەکەمان و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بۆ مرۆڤایەتی بە ئەنجام بگەیەنین. جیاوازیەکەی لەوانەی پێشووتر لیرەدایە. لەبەرئەوەی ئەو دۆخەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبینرێت، پێویستی بەم هەنگاوە هەیە. لەبەرئەوەی شەڕێکی زۆر گەورە هەیە. ستاتو، هاوسەنگی و هەموو شتێک تێکچووە، هەر کەسێک بەدوای بەرژەوەندی خۆیدا دەگەڕێت و لە هەموو کەسێک زیاتر پێویستە کورد هەوڵ بۆ بەرژەوەندیەکانی بدات. هەموو کەسێک هەنگاو دەنێت، پێویستە لە هەموو کەسێک زیاتر کورد هەنگاو بنێت. لەبەرئەوەی دەرفەتێکی مێژوویی بۆ کورد هاتووەتە پیشەوە، هەرچەندە مەترسیداریش بێت، مەترسیەکەش لەبەرئەوەیە کە دەرفەتێکی گەورە هاتووەتە پێشەوە. دەرفەتێکی زۆر گەورە هەیە، سیاسەتکردن لەسەر پێگەی ڕەتکردنەوە و لەناوبردن تێکچووە، هاوسەنگی سەر ئەو سیاسەتە تێکچووە و لە هەموو لایەنەک زیاتر لە خزمەتی گەلی کورددایە. ئەگەر کورد ئەم دەرفەتە بۆ خۆیان بەکاربهێنن، لە هەموو کەسێک زیاتر دەتوانن سوود وەربگرن. خۆی لە هەموو کەسێکیش زیاتر ئەوە مافی گەلی کوردە. کورد بە تێکۆشانی خۆی هەوڵی بۆ مافەکانی داوە. ئیستاش هەموو کەسێک چاوەڕێی گەلی کوردە، دەڵێن کورد دەتوانێت بۆ ئێمە هەنگاو بنێت، لەبەرئەوەی سوود لە تەڤگەری گەلی کورد وەردەگرن، هێزەکانیان زیندوو دەکەنەوە. لەبەرئەوەش پێویستە لە هەموو کەسێک زیاتر کورد هەنگاو بنێت. بۆیەش ئەم هەنگاوەمان ڕاگەیاند، بۆئەوەی گەلی کورد سوودی دەست بکەوێت و لەگەڵ ئەوەشدا مرۆڤایەتیش قازانج دەکات. بەڵام لەم جۆرە هەنگاوانەدا ئەگەر لە دەرەوەی کورد هەنگاو بنرێت، جارێکیتر لەسەر رەتکردنەوە و لەناوبردنی کورد پێگەی تر دروست دەکرێن، هاوسەنگی دروست دەکرێن، کورد گورزێکی گەورەتری بەردەکەوێت. تا ئێستا کورد زۆر گورزی بەرکەوتووە بەڵام دەستی لە تێکۆشان هەڵنەگرتووە، بەڵام ئەگەر لەم دەرفەتەش سوود وەرنەگرن، ئەگەر هەنگاو لەسەر هەنگاو نەنێت دەرفەتەکە لە دەست دەچێت، سیاسەتی ڕەتکردنەوە و لەناوبردن بەردەوام دەبێت، تورکیا دەیەوێت لەم دەرفەتەدا دەست بە قڕکردنی کورد بکات. ئەوەش نەک تەنها قڕکردنی کوردە، بەڵکو قڕکردنی هەموو گەل و کەلتورەکانە، ئەو کاتە نەک تەنها گەلی کورد، هەموو کەسێک دەدۆڕێت، لەبەرئەوەی شتێکی بەو شێوەیە دروست نەبێت، پێویستە کورد لەم دۆخەدا هەنگاو بنێت، بۆئەوەی بتوانێت ئەنجام بەدەست بهێنێت.

لە ڕاگەیاندنەکاندا باسی کاتەکەش کرا، بۆچی لەم کاتەدا؟ گرنگی و تایبەتمەندی ئەم کارە چییە و ئەوەی کاتی هاتووە چییە؟

ئیستا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەناو شەڕێکی گەورەدایە، پێگەکان و هاوسەنگیەکانی پێشوو تێکچوون، ئێستاش پێگە و هاوسەنگی نوێ کە هێشتا دروست نەکراون، دروست دەکرێن، پێدەچێت لە ئێستادا دروست نەکرێن، بەڵام بەرەو ئەوەوە هەنگاو دەنێت، ئەوەی کە دەبینرێت بەم شێوەیەیە. وەک وتم لەم کاتەدا کە هاوسەنگیەکان نەماون دەرفەتێکی گرنگ بۆکورد دروست بووە، پێویستە کورد سوود لەم دەرفەتە وەربگرێت، بۆیەش کات زۆر گرنگە، واتە هەموو شتێک لە کاتی خۆیدا ئەنجام بەدەست دەهێنێت. ئەو شتەی لە کاتی خۆیدا ئەنجام نەدرێت، ئەنجام بەدەست ناهێنێت. تا چ ڕادەیەک کێشەکان گەورەبن ، کێشە نییە، بەهێز بن کێشە نییە، ئەگەر لە کاتی خۆیدا هەنگاو نەنرێت، هەنگاوی ڕاست نەنرێت، هیچ کاتێک بزووتنەوەیەک لە هەنگاوەکانیدا ئەنجام بەدەست ناهێنێت و دەدۆڕێنێت. خۆی مێژوو لەسەر کات و شوێن دروست بووە. ئەگەر کورد بۆ خۆی بۆ گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ مرۆڤایەتی مێژوویی شکۆمەند، مێژووی ئازادی و دیموکراسی تۆمار بکات، ئەگەر لە کات و شوێنی گونجاودا هەنگاو بنرێت، دەتوانن ئەنجام بەدەست بهێنن. وەک تر دەتوانن بۆ خۆیان و بۆ گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مرۆڤایەتی مێژوویەکی شکۆمەندانە بنوووسنەوە. ئەگەر لە دەرەوەی کورد مێژوو بنووسرێتەوە، لە مێژوودا ون دەبن، زۆر جاریش لە مێژوودا ون بوون. لەبەرئەوەش مەترسیەکی گەورەش بۆ کورد هەیە و لە لایەکی تریش دەرفەتی ئازادیەکی گەورەش هەیە. ئەوە دەمێنێتەوە بۆ کورد، ئەگەر کورد سوود وەربگرێت، لە کاتی خۆیدا هەنگاو بنێت، ئەنجام و سوودی گەورە بەدەست دەهێنێت. بەو شێوەیە مەترسی سەر گەلی کورد و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵدەگرن. بۆئەش ئەم کاتە بۆ گەلی کورد و هەموو گەلان زۆر زۆر گرنگە. ئەگەر لە کاتی خۆیدا هەنگاو نەنێن ، سوود لە دەرفەتەکان وەرنەەگرن ، دەرفەتەکە لە دەستیان دەچێت. دواتر ئەگەر داواش بکەن ناتوانن ئەنجام بەدەست بهێنن. گورزیان بەردەکەوێت. ئەگەر دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دۆخی کورد بەراورد بکەین کاتی ئەوە هاتوو کە گەلی کورد هەنگاوێکی مێژوویی بنێت و ئەنجام بەدەست بهێنێت. ڕێگری لە مەترسیەکان دەکات و نایانهێلێت. لەبەرئەوەی ئەو ستاتویەی کە کوردی ڕەتدەکردەوە و هەوڵی لەناوبردنی دەدا هەڵوەشاوەتەوە و دەرفەتێکی گەورە بۆ کورد هاتووەتە پێشەوە. ئەو تێکۆشانەی کورد بەرەو پێشەوەی بردووە، بە تایبەتی دژی داعش کاریگەریەکی زۆری لەسەر جیهان، مرۆڤایەتی، هێزەکانی ئازادی و دیموکراسی و سۆسیالیست دروست کردووە. ئەو بۆچوونەی کە ناتۆ و تورکیا دروستیان کردووە، لەناوچووە. بۆچوونێکی نوێ دروست بوو. خۆشەویستی بۆ کورد دروست بووە. لە خۆشەویستی بەولاوە، کوردیان وەک هیوایەک بینی. ئەوەش هێزێکی زۆری بە کورد بەخشی. چۆن ستاتۆ تێکچوو و بۆ کورد دەرفەتێکی گرنگ ڕەخسا، تێکۆشانی کوردیش لەسەر مرۆڤایەتی کاریگەریەکی زۆری دروست کرد. مرۆڤایەتی هیوای بە کورد بەست. ئەوەش بۆ کورد بووەتە هێزێکی گەورە. بۆیەش دەوڵەتی فاشیت، داگیرکەر و قڕکەری تورک و سیاسەتەکەی لەبەرانبەر کورد لە هەموو لایەکەوە گەمارۆدرا و کەوتە ژێر فشارێکی زۆرەوە و تەشهیر بوو. هەم لەناو کورد و هەم لەنو گەلانی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مرۆڤایەتی تەشهیر بوو. ئەمڕۆ سەیری بکەین، ئەوانەی پێشتر هیوایان بە دەوڵەتی تورک هەبوو، هیچ هیوایەکیان نەماوە. پەیوەندیەکانیشیان لەگەڵ تورکیا نەماوە. لە ئێستادا تورکیا بە تەنها پەیوەندی لەگەڵ قەتەر و پەدەکە لە باشووری کوردستان ماوە. لە دەرەوەی ئەوان ناکۆکیان لەگەڵ هەموو لایەک هەیە. هەموو کەسێک دەسەڵاتی تورک بۆ خۆی و بۆ مرۆڤایەتی وەک بەڵایەکی گەورە دەبینێت. هەموو کەسێک حسابی ئەوە دەکات کە چۆن خۆی لە بەڵاکە ڕزگار بکات. دەبینن کە پەکەکە و کورد لەدژی ئەم دەسەڵاتە فاشیست و قڕکەرە دەوەستنەوە، بۆیەش هیوا و خۆشەویستیان بۆ پەکەکە و کورد گەورەتر دەبێت. واتە مرۆڤ لە کام لاوە سەیری بکات، هەموو بارودۆخەکە لە خزمەتی گەلی کورددایە. لە مێژوودا هیچ کاتێک دەرفەتێکی بەم شێوەیە بۆ کورد دروست نەبووە. ئەگەر بە باشی ئەم دەرفەتە بۆ ئازادی خۆی بەکارنەهێنێت، هیچ کاتێک ناتوانێت ئازادی بەدەست بهێنێت. با سەیری بکەین، هیچ دراوسێیەک لە تورکیا ڕازی نییە. وڵاتە عەرەبیەکان ناڕازین، کورد لە باشووری کوردستان جگە ئەوانەی وابەستەی پەدەکەن ناڕازین، هیچ پارچەیەکی کوردستان لەو سیاسەت و دەسەڵاتە ڕازی نییە و لەدژی دەوەستنەوە. لەبەرئەوەی دەیەوێت کورد لەناو ببات. نەک تەنها کورد گەلان لەناو دەبات. بە تەنها تورک وەک بناغە دەبینێت. بەتەنها بۆ تورک دەڵێت دادپەروەری هەیە. جگە لە تورکەکان بۆ هیچ کەسێکی تر دادپەروەری، ئازادی، دیموکراسی و مافی ژیان قبوڵ ناکات. بۆیەش بەم شێوەیە تەشهیر و گۆشەگیر بووە. لەبەر ئەم هۆکارانە، بۆئەوەی مرۆڤ بتوانێت خۆی لەم دەسەڵاتە ڕزگار بکات و خۆی لە سیاسەتی قڕکردن ڕزگار بکات، بۆ ئەوەی ئازادی بەدەست بهێنێت، دەرفەتێکی گەورە دروست بووە. بۆیەش کە ئێمە دەڵێین کاتی هاتووە و لەم کاتەدا پێویستە ئێمە هەنگاوەکە بنێین. ئازادی ڕێبەر ئاپۆ، دەبێتە ئازادی گەلی کورد، گەلانی تورکیا، گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مرۆڤایەتی. بۆیەش لەم کاتەدا جموجووڵکردن زۆر زۆر گرنگە.

ژ.ت / ف. ق