بۆ گرنگە برادۆست بناسین و بزانین چۆن کراوەتە دیارى بۆ تورکیا؟

سەید رەزا گارزان فەرماندەى گەریلا باسى مێژوو، پێکهاتەکان، بەرخۆدان و خیانەتى لە ناوچەى برادۆست کرد، کە ئێستا دەوڵەتى تورکیا هەوڵ دەدات بە هاوکاریى پارتى دیموکراتى کوردستانى عێراق (PDK) داگیری بکات.

سەید رەزا گارزان فەرماندەى گەریلا باسى مێژوو، پێکهاتەکان، بەرخۆدان و خیانەتى لە ناوچەى برادۆست کرد، کە ئێستا دەوڵەتى تورکیا هەوڵ دەدات بە هاوکاریى پارتى دیموکراتى کوردستانى عێراق (PDK) داگیری بکات.

سەید رەزا گارزان یەکێک لە فەرماندەکانى گەریلا باس لە مێژووى ناوچەى برادۆست دەکات، کە ئێستا سوپاى تورکیا دەیەوێت بە هاوکاریى (PDK) داگیرى بکات.

مێژووى برادۆست

گارزان لەبارەى مێژووى برادۆستەوە وتى "گەل و ناوچەى برادۆست بۆ هورییەکان دەگەڕێتەوە. ئەم ناوچەیە لە گەلانى هوری، گوتی، کاسیت و مەهیریان پێکدێت. برادۆست خۆى لە گەلی لوری و هورییە. ناوی چەمى لۆلانیش لە لورییەکانەوە هاتووە. بوونى خۆیان بە تەواوەتى پاراستووە. تاوەکو سەردەمی ساسانییەکان بە تەواوەتى بە ئازادى و لەسەر کولتور و نەریتەکانى خۆیان ژیاون. لە دواى ساسانییەکان و لە دواى ئەوەى عەرەب کوردستانى داگیرکرد، گوشاریان خستە سەر باوەڕی زەردەشتى و مەسیحی لە ناوچەى برادۆست. ئێستاش لە ناوچەى برادۆست شوێنى جیاجیای پەرستن هەیە. لەبەر ئەوەى ئەمەوییەکان و عەباسییەکان تاوەکو سەردەمى سەلجوقی نەیانتوانیبوو کورد کۆنترۆڵ بکەن، بە دامەزراندنى میرایەتى هەوڵیاندا کورد بخەنە ژێر کۆنترۆڵى خۆیان. چەند کەس لەو میرانەش، میرەکانى فارقین، ساسۆن، هەربورگ و زەرزان بوون. لە برادۆستیش سیستمى میرایەتیان دروستکرد. کاتێک میرایەتیى برادۆست دامەزرا، ٢٢ خێڵ و ١٢ عەشیرەى لە خۆ گرت.

برادۆست ناوی یەک عەشیرە نییە و ناوی ناوچەیەکە. سنوورەکەى لە دۆڵى (گەلیی) عەلی بەگ تاوەکو چۆمان، لەوێیەوە تاوەکو رۆژهەڵاتى کوردستان و شنۆ و مەرگەوەر و سۆما و سەڵماس لە خۆ دەگرێت، لەوێشەوە و لە هێڵى شەهیدان تاوەکو شەمزینان و بارزان لە خۆ دەگرێت. دیاناش دەکەوێتە سنوورى ناوچەى برادۆست. ناوى دیانا ناوى ژنێکى برادۆستییە. شکاکەکانى رۆژهەڵاتى کوردستانیش برادۆستن. عەشیرەکانى، زەرزان، سوچی، زراری، هەرکی، خەیلانی، شەرڤانی و مەری لە فیدراسیۆنى برادۆستدا بوون. ئێستاش هەر چەند لە یەکتر دوورن، بەڵام هەر پەیوەندیى عەشیرەییان بە یەکەوە هەیە. ئەوانەى کە ئێستاش خۆیان بە برادۆستى دەزانن بریتین لە، خواکورکی، شێخ زادەیى، مێگ زادەیى، راڤاندۆکی، پیناسینی و شەکیفی. مێگ زادەیى لە قەڵاى دمدمەوە هاتوون. میرکیش برادۆستییە".

زۆر هێز هەوڵیاندا داگیرى بکەن، بەڵام پێیان نەکرا

سەید رەزا گارزان فەرماندەى گەریلا رایگەیاند، پێش سەردەمى ئەمەوی و عەباسى ناوى برادۆست بۆ ئەم ناوچەیە بەکارهاتووە. لەبەر ئەوەى ئایینى جیاجیاى تێدا بووە و پێکەوە ژیاون ئەو ناوەیان بۆ ناوچەکە داناوە.

گارزان وتى "داگیرکەران هەموو کات هەوڵیانداوە برادۆست داگیربکەن، بەڵام بەهۆى دۆخى جوگرافیى ناوچەکەوە نەیانتوانیوە داگیرى بکەن. نە ئێران و فارس، نە تورک و عوسمانى، نە ئەسکەندەریش نەیانتوانیوە بەسەر ئەم جوگرافیایەدا سەر بکەون. هەوڵیاندا داگیرى بکەن، زیانیشیان بە ناوچەکە گەیاند، بەڵام لە دوایدا ناچار بوون ناوچەى برادۆست بەجێبهێڵن".

ماناى ناوى برادۆست

گارزان ئاماژەى بەوەکرد، مەسیحی، ئێزدی و باوەڕدارانى ئیسلام پێکەوە لە ناوچەکەدا ژیاون و لەوبارەیەوە وتیشى "بەهۆى برایەتیى مسوڵمان و دۆستایەتیى ئێزدی و مەسیحییەکانەوە ناوى برادۆست بۆ ئەم ناوچەیە بەکارهاتووە. ئێستاش ئێزدییەکان لە دیانا و برادۆست دەژین. تاوەکو کاتى رێککەوتنى قەسرى شیرین (رێککەوتنى زەهاو لە ١٦٣٩) برادۆست یەکپارچە بووە، بەڵام بەهۆى ئەو رێککەوتننامەیەوە کرا بە دوو بەشەوە. لە ساڵى ١٨١٦دا لەگەڵ عوسمانییەکان بوون بە یەک و هەموو ئێزدییەکانیان کۆمەڵکوژکرد. لە دواى ئەو کۆمەڵکوژییە فیدراسیۆنى برادۆست تێکچوو. گەنجینەکانى ناوچەکەیان برد بۆ کۆشکى کۆر پاشا لە تۆپ قاپی و رادەستى عوسمانییەکانیان کرد. دواتر برادۆست بە پێشەنگایەتیى شێخ رەشید درێژەى بە مانەوەى خۆى دا".

شەڕی برادۆستییەکان و بارزانییەکان

لەبارەى شەڕ و ناکۆکیى نێوان برادۆست و بارزان، سەید رەزا گارزان وتیشى "شێخ رەشید رایگەیاندبوو، بارزانییەکان مسوڵمان نین و ئەوە دروست نییە بڵێن، شێخن. بەو شێوەیە بۆ رەنگاریى شێخ ئەحمەد ڕاپەڕی. ئەو لە برادۆست قبوڵی نەکرد و بەو شێوەیە شەڕ لە نێوان برادۆست و بارزانییەکاندا ڕوویدا. بەهۆى ئەو شەڕەوە هەزار و ٥٠٠ کەس کوژران.

لە دواى ساڵى ١٩٥٨ەوە و بە سەرکردایەتیى مەلا مستەفا و کاتێک کە شەڕ لەگەڵ عێراق دەستیپێکرد، شێخ رەشید نەچووە پاڵ بارزانی. دواتر هەموو سەرکردە عەشایرییەکانى برادۆست، کە لە دژى مەلا مستەفا راپەڕیبوون، یەک بە یەک کوژران. ئەوەشی رزگارى بوو دایە پاڵ بارزانى".

بارزانییەکان ناوچەى برادۆستیان کردە دیاری بۆ تورکەکان

لەبارەى هۆکارى هەوڵەکانى دەوڵەتى تورکیا بۆ داگیرکردنى ناوچەى برادۆست، گارزان ئەوەى خستەڕوو "برادۆست پەکەکەى خۆش دەوێت، بەڵام لەبەر پارتى دیموکراتى کوردستانى عێراق (PDK) و دەوڵەتى تورکیا بە ئاشکرا خۆیان لە پەکەکە نزیک ناکەنەوە. چونکا دەزانن، ئێستا هەوڵ دەدرێت ناوچەکەیان داگیربکرێت. گەلی برادۆست بە شێوەیەکى بێدەنگ لە دژى ئەو داگیرکارییە خۆڕاگری دەکات. بارزانى ناوچەى برادۆستى کردووەتە دیاری بۆ دەوڵەتى تورکیا و چاوپۆشى لەو داگیرکاریییەى تورکیا دەکات".

جەردەوانەکانى گەردی پێشڕەوى بۆ ئۆپراسیۆنە داگیرکەرییەکە دەکەن

گارزان ئەوەشى خستەڕوو، جەردەوانەکانى گەردی، پێشڕەوى بۆ ئەو هێرشە داگیرکەرییە دەکەن و لەو بارەیشەوە وتى "لە باکوور لە دژمان جەردەوانى دەکەن، لێرەش وەک پێشمەرگەى پارتی دیموکراتى کوردستانى عێراق لە دژمان شەڕی تایبەت بەڕێوەدەبەن. ئەو کەسانە هەر ئەو کەسانەن کە لە باکوور جەردەوانى لە دژى ئێمە دەکەن. لە باکوور وەکو جەردەوانى وڵاتى تورکیا شەر لە دژى ئێمە دەکەن. لێرەش دەبنە پێشمەرگەى پارتى دیموکراتى کوردستانى عێراق و هاووڵاتیى عێراق. دەڕۆن لە دیانا مووچەکەیان وەردەگرن. نزیکەى ٣٥ هەزار دەنگدەریان هەیە. لە ناوچەى برادۆست یاریى ناشیرینى لەو شێوەیە دەکەن. گرنگ ئەوەیە گەلەکەمان و راى گشتی لە بەرامبەر ئەو یاریانەدا هۆشیار بێت".

بانگەواز بۆ گەلی برادۆست

گارزان لە کۆتایى وتەکانیدا سەرنجی خستە سەر بەرخۆدان لە برادۆست و وتى "گەریلا بۆ گەلی برادۆست هەموو جۆرە فیداکارییەک دەکات. گرنگە گەلی ئەم ناوچەیە ترسی بارزانى و تورکەکان لەسەر خۆیان فڕێ بدەن. دەبێت لەبارەى مێژووى خۆیانەوە هۆشیارییان هەبێت و ئەو مێژووە لە  بیر نەکەن. بنەماڵەى کەریم خان دەتوانێت پێشەنگایەتیى ئەو بەرخۆدانە بکات".

ر.م