دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ٢٥ شوێنەواری مێژوویى برادۆستى خاپوور کردووە

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە بۆردومانەکان و تۆپبارانەکانیدا شوێنەوارە مێژوویەکانى هەرێمى برادۆستیش دەکاتە ئامانج و تاوەکو ئێستا ٢٥ شوێنەواری مێژوویى برادۆستى خاپوور کردووە.

ھەرێمی برادۆست لەرووی کارگێڕییەوە سەنتەری ناحیەی سیدەکانە و سەر بەقەزای سۆرانە لە سنووری پارێزگای ھەولێر و گەورەترین ناحیە لەسەر ئاستی عێراق و ھەرێمی کوردستان، چونکە گەورەترین رووبەری ھەیە.

برادۆست لە سنووری پارێزگای ھەولێر یەکەم شوێنە ١٠٠٠ناوچەی شوێنەواریی تیادایە و خاوەنی زۆرترین ناوچەی شوێنەوارییە، بەڵام بەشێکی زۆریان لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پشتگوی خراون و جگەلەوەی ھەندێک ناوچەی شوێنەواری ھەیە شاراون کەس دەستی پێنەگەیشتووە.

لە ئێستادا بەشێکی زۆر لەو شوێنەوارانە کراونەتە ئامانجی بۆردومان و تۆپبارانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر. دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بەردەوام ھەرێمی برادۆست بۆردومان دەکات و بەو ھۆیەوە زیانێکی زۆری بە شوێنەوارە مێژوییەکان گەیشتووە. بەهۆی ئەو بۆردومانەوە چەندین شوێنەواری مێژوویى لەناوچوون و هیچیان لێنەماوەتەوە.

لە ئێستادا لە ناو بەڕێوەبەرایەتیی ھەرێمی برادۆست ھۆڵێکی تایبەت بە شوێنەوار کراوەتەوە. وەک مۆزەخانەیەکی بچووکە و ھەموو کەل و پەلێکی شوێنەواری تێدایە لەوانە کۆپی بەردی کێلەشین کە لەلایەن دەوڵەتی ئێران براوە و تا ئێستا لەو وڵاتەیە و مێژووەکەی بۆ ھەزاران ساڵ بەر لە ئێستادا دەگەڕێتەوە و کۆپییەکەی لە ھەرێمی برادۆستە.

حکوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان نەیانتوانیوە تا ئێستا بەردی کێلەشین بگەرێننەوە بۆ باشووری کوردستان.

بەپێی شارەزایانی شوێنەوارناسی بێت تورکیا گەورەترین زیانی بە شوێنەوارەکانى ھەرێمی برادۆست گەیاندووە. ئەمە جگە لە سوتانی دارستان و لەوەڕگە، پووش و پاوەن و باخ و رەزی هاووڵاتییان. حکوومەتیش تا ئێستا ھیچ پلانێکی ئەوتۆی دانەناوە بۆ پاراستنى شوێنەوارەکانی ھەرێمی برادۆست .

بەپێی زانیاری ئاژانسی ھەواڵی فورات (ANF) دەوڵەتی فاشیزمی تورکیا لە بۆردومان و تۆپبارانەکانیدا زیانی بە ٢٥ شوێنی شوێنەواری مێژوویى هەرێمى برادۆست گەیاندووە و بەشێکیان بە تەواوی خاپوور بوون.

دەوڵەتى تورکی داگیرکەر هاوشێوەى داگیرکردنى عەفرین، کە چەندین شوێنەوارى مێژوویى لە عەفرین کردە ئامانج و خاپووری کردن لە برادۆستیش هەمان سیاسەت بۆ لەناوبردنى شوێنەوارە مێژوویەکانى کوردستان بەڕێوەدەبات.

 دەوڵەتى تورکی داگیرکەر جگە لە ئەنجامدانى کوشتار و جینۆساید لەدژی گەلی کورد و سیاسەتى پاکتاوکاری و سڕینەوە، سیاسەتى سڕینەوەى کولتوریش لە دژی گەلی کورد ئەنجام دەدات.

دەوڵەتى تورکی داگیرکەر لە چوارچێوەى سیاسەتى سڕینەوەى کولتوری گەلی کورد دا چەندین شوێنەواری لە باکووری کوردستان تاڵانکردووە و چەندینى تریشی خاپوور کردووە. لە بەشەکانى تری کوردستانیش وەک عەفرین بەردەوامبووە لە سیاسەتى تاڵانکردن و سڕینەوەى کولتوری و ئێستاش لە باشووری کوردستان هەمان سیاسەت بەڕێوەدەبات.

دەوڵەتى تورکی داگیرکەر لە چوارچێوەى سڕینەوەى هەموو مۆرکێکى مێژوویى و دێرینى کورد دا دەستیکردووە بە هەڵمەتى لەناوبردنى گەلی کورد و جگە لە قەدغەکردنى زمان و خوێندن بە کوردی، رێگری لە کاری سیاسی و رێکخراوەکان کورد، چەندین گۆڕستانى گەریلاکان، پەرستگەى ئێزدییەکان، شوێنەوارە مێژوییە دێرینەکان، مۆنۆمێتەکانى پەیوەندیدار بە گەلی کوردەوە کردووەتە ئامانجی بۆردومانەکانى و بەوەش دەیەوێت گەلی کورد لە هەموو شوناس و مۆرکی مێژوویى خۆی داببڕێت و وەک گەلێکى بێ مێژووی و بێ شوناس بیهێڵێتەوە.

ر.م