٤ هەزار منداڵ لە زیندانەکانى تورکیادان

پارێزەر ئەمین چۆبان سەرۆکى ناوەندی مافی منداڵان لە کۆمەڵەى پارێزەرانى ئامەد رایگەیاند، نزیکەی ٤ هەزار منداڵ لە زیندانەکانى تورکیادان،کە ١٧٠ کەسیان پەنابەرن و ٧٠٠ کەسیشیان تەمەنیان لە خوار ٦ ساڵەوەیە.

لە زیندانەکانى تورکیادا ٣ هەزار منداڵی تەمەن ١٢ بۆ ١٨ ساڵ زیندانیکراون. ٧٠٠ منداڵی تری خوار تەمەن ٦ ساڵ (لە یەک رۆژەوە تاوەکو ٦ ساڵ) لەگەڵ دایکیاندا لە زیندانەکاندان. نزیکەى ١٧٠ منداڵی پەنابەریش زیندانیکراون. بەوشێوەیە نزیکەى ٤ هەزار منداڵ لە زیندانەکانى تورکیادان.

دەوڵەتى تورک بە دروستکردنی زیندانی نوێ بۆ منداڵان ئەوەمان پێدەڵێت، کە بە نیازە ژمارەی زیندانییەکان و منداڵە زیندانیکراوەکان زیاتر بکات.

پارێزەر ئەمین چۆبان سەرۆکى ناوەندی مافی منداڵان لە کۆمەڵەى پارێزەرانى ئامەد رایگەیاند، زیندانیان دەیانەوێت ئێمە داوا و دەنگیان بە راى گشتى رابگەیەنین.

لە بریى پاراستن و داکۆکیکردن لە مافی منداڵان، دەوڵەتى تورک هەموو رۆژێک زیندانی نوێ بۆ منداڵان دروست دەکات و دەیەوێت لە رێگەى ئەو زیندانانەوە منداڵان لە کۆمەڵگە داببڕێت. دابڕاندن و گۆشەگیرکردنى ئەو منداڵانە دەبێتە هۆی مەترسی و دروستبوونی کێشەى قورسی دەروونی و سایکۆلۆژی بۆیان.

 

پارێزەر ئەمین چۆبان سەرۆکى ناوەندی مافەکانى منداڵان لە کۆمەڵەى پارێزەرانى ئامەد لەوبارەیەوە بە ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF)ی راگەیاند "دواى ئەوەى پێشێلکردنى مافەکانى منداڵان دەستنیشان دەکەین، راستەوخۆ دەچین بۆ سەردانى ئەوانەى کە مافەکانیان پێشێلکراوە. بە تایبەتى لە ئامەد کێشەى منداڵانی زیندانیى سیاسی لە زیندانییەکاندا دێنەبەردەستمان. بەپێى یاسای بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر (تەمەک - TMK) مامەڵە و هەڵسوکەوت لەگەڵ منداڵە زیندانییە سیاسییەکاندا دەکەن. هەر وەک ئەوەى کەسی گەورە بن رەفتاریان لە دژ ئەنجام دەدرێت و لە هەموو روویەکەوە ئەوەیان تیادا دروست دەکەن، کە ئەوان کەسانى سیاسین. لە سەرتارسەری تورکیادا و بە گشتی دۆخ و ژیانی منداڵانى زیندانیکراو باش نییە و توندوتیژییان بەرامبەر ئەنجام دەدرێت".

لە ٥ ساڵ دا ١٣ منداڵ لە زیندانەکاندا گیانیان لە دەستدا

پارێزەر ئەمین چۆبان راشیگەیاند "لە زیندانەکانى تورکیادا ٣ هەزار منداڵى تەمەن ١٢ تاوەکو ١٨ ساڵ زیندانیکراون. زۆربەیان بەهۆی رووداو و تاوانى کۆمەڵایەتییەوە دەستگیرکراون. جگە لەوانەش ماوەى ٤ بۆ ٥ ساڵە، منداڵانى پەنابەریش دەستگیر و زیندانى دەکرێن. زیاتر لە ١٧٠ منداڵ کە هاووڵاتیى تورکیا نین لە زیندانەکانی تورکیادان. زۆربەیان خەڵکی سوریان. نزیکەى ٧٠٠ منداڵى یەک رۆژە تاوەکو ٦ ساڵ لەگەڵ دایکیاندا لە زیندانەکاندا زیندانیکراون. لە ساڵی ٢٠١٣ەوە تاوەک ئێستا ١٣ منداڵ لە زیندانەکاندا گیانیان لە دەستداوە".

دەبێت زیندانەکانى منداڵان دابخرێن

پارێزەر چۆبان ئاماژەى بەوەکرد، پێویستە زیندانەکانى منداڵان دابخرێن. کاتێک منداڵ لە زینداندا لە کۆمەڵگە دادەبڕدرێت و گۆشەگیر دەکرێت ئەو کاتە مەترسیی ئەوە زۆر زیاتر دەبێت کە لە ژیانى کۆمەڵایەتییاندا زیاتر تووشی تاوان ببن.

 ئاماژەى بەوەشکرد "پرۆسەى سەرلەنوێ بونیاتنانەوە و پەروەردەکردنى منداڵان لە زیندانەکاندا نابێت. دەبێت لە دۆخ و کەشێکى زۆر باشدا کار بۆ بونیاتنانەوە و پەروەردەکردنەوەى منداڵان بکرێت و بەشداری لە کاروبارەکانى کۆمەڵگەدا بکەن. بەشێکى زۆر لە منداڵان لە هۆکاری سەپاندنى ئەو سزا زۆر و درێژخایەنانەى بەسەریادا دەسەپێنرێت تێناگەن. نازانن دادگا و زیندان چییە. لە زیندانەکانیشدا توندوتیژی و دادۆشین و هەموو شێوەکانى سوکایەتیپیکردن دەبینن. لەبەر ئەوە هەندێکیان هەوڵ دەدەن خۆیان بکوژن. تەنانەت مەترسیى ئەوە هەیە کە لەلایەن بەرپرسانی کاروبارە جۆراجۆرەکانەوە بکوژرێن".  

لە رێگەى توێژەری کۆمەڵایەتییەوە خزمەت ناکرێن

ئەمین چۆبان سەرۆکى ناوەندی مافەکانى منداڵان لە کۆمەڵەى پارێزەرانى ئامەد ئاماژەى بە نەبوونی هاوکاری و پاڵپشتیى دەروونی بۆ منداڵان کرد و رایگەیاند، ئەوە یەکێکە لە گەورەترین کێشەکان.

راشیگەیاند "هاوکاریى باشی تەندروستى و چارەسەریى پزیشکی و هاوکاری و پاڵپشتیى دەروونی پێشکەشی منداڵان ناکرێت. هەروەها ناشتوانن چاویان بە توێژەری کۆمەڵایەتى بکەوێت. ئەوەش رێگری لە بەردەم پێشکەوتنى کۆمەڵایەتى و کەسایەتیى منداڵەکاندا دروست دەکات. کاتێک گوشاریان دەخرێتە سەر، یان مافەکانیان پێشێڵ  دەکرێت ناتوانن باس لەو گوشار و پێشێلکارییانە بکەن، یان ناتوانن بیانخەنەڕوو. ئەو کاتانەى کە بنەماڵەکانیان دەچن بۆ سەردانى منداڵەکانیان، منداڵەکان باس لەو گوشار و پێشێلکارییانە دەکەن، یان لە ئیدارەى زیندانەکەدا سکاڵا تۆمار دەکەن، ئەوانەش هیچ ئەنجامێکى نابێت و یارمەتیدەر نابێت بۆ نەهێشتنى گوشار و پێشێلکاریى بەرامبەر بە مافەکانیان".

ر.م