دەزگاکانی چەتر و رۆژنیز لەبارەی هەڕەشە و گوشارەکانی میتی تورک لەسەر کارەکانیان و رۆژنامەنووسەکانیان ڕایگەیاند، بەهۆی ئەنجامدانی کاری رۆژنامەنووسیەوە، کە گەندەڵی و داگیرکەری ریسوا و ئاشکرا دەکەن، گوشاریان دەخرێتە سەر و ڕاشیانگەیاند، "ئێمە درێژە بە بڵاوکردنەوەی ڕاستی و حەقیقەت دەدەین و لەسەر ئەو ڕێگایە بەردەوام دەبین".
ماوەیەکە لەلایەنی دەزگای سیخوڕی و هەواڵگریی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر (میت) و دەزگای پاراستنی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)ەوە گوشارێکی زۆر بۆ بە سیخوڕکردن و هەڕەشەی هێرشکردن لە دژی ڕۆژنامەنووسەکانی میدیای ئازاد، کۆمپانیای چەتر و ئاژانسی رۆژنیوز ئەنجام دەدرێت.
لەسەر ئەو هەڕەشە و گوشارانە خەباتکاران و رۆژنامەنووسانی کۆمپانیای چەتر و ئاژانسی ڕۆژنیوز لە سەکۆی ئازادی لە پارکی ئازادی کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسییان ئەنجامدا.
لە ڕاگەیاندراوی دامەزراوەکانی چەتر و رۆژ نیوزدا ئاماژە بەوەکراوە، رێگری کاری رۆژنامەوانی و ڕۆژنامەنووسانیان دەکرێت و دەیانەوێت بە هەڕەشە هەوڵ بۆ بە سیخوڕکردن بدەن، بەڵام هەوڵەکانیان و هەڕەشەکانیان و رێگرییەکانیان ئەنجامی نابێت.
ڕاگەیاندراوە هاوبەشەکەى کۆمپانیای چەتر و ئاژانسی رۆژ نیوز لەلایەن سنور ڕەحمانەوە خوێندرایەوە.
دەقی ڕاگەیاندراوەکەى دەزگاکانی چەتر و رۆژنیوز:
"بۆ ڕای گشتیی باشووری کوردستان و سەرجەم ڕێکخراو و دەستەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەنووسان
بەڕێزان ئێمە ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆژنامەنووسان و میدیاکاران لە ئاژانسی ڕۆژنیوز و کۆمپانیای چەتر بۆ بەرهەمهێنانی میدیایی، لە چوارچێوەی تەواوی بنەما و ئیتیکی کاری ڕۆژنامەوانیدا و یاسا بەرکارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا کاردەکەین، بەشێوەیەکی سەربەخۆ و لەسەر هێڵی داکۆکیکردن لە ئازادی و دیموکراتی و خستنەڕووی گەندەڵی و نادادی و داگیرکاری، کاری میدیایی خۆمان ئەنجام دەدەین و لە پاڵ ئەوەشدا پەردە لەسەر ئەو هێڵە ناوخۆییە هەڵدەدەینەوە کە دەستگیرۆیی داگیرکەران دەکات.
کۆمپانیای چەتر و ئاژانسی ڕۆژنیوز زیاتر لە ٧٠ ڕۆژنامەنوس کاری تێدا دەکەن، هەردوو دامەزراوەکەش خاوەنی مۆڵەتی فەرمی وەزارەتی بازرگانی و وەزارەتی ڕۆشنبیریی حکومەتی هەرێم و سەندیکاکانی ڕۆژنامەنوسانی کوردستان و عێراقە، بەشێکی زۆری ڕۆژنامەنووسەکانی ئەندامی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستانن، تەواوی کارمەندەکانی ئەم کۆمپانیایە و ڕۆژنامەنوسان لە فەرمیەتی حکومەتی هەرێم هیچ گرفتێکیان نیە و بە پێی یاسا بەرکارەکانی ئەم بوارە هەموو هەنگاوەکان جێبەجێکراون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆر کات ڕووبەڕووی فشار، ڕێگری و هەڕەشە دەبینەوە، کارەکانمان لە باشووری کوردستاندا و بە دیاریکراوی لە سنوورەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان پەدەکەدا ئاستەنگ دەکرێت و ڕێگری لە کاری میدیاییمان دەکرێت، ئەمەش بە تەواوی ناکۆکە لەگەڵ بنەماکانی ئازادیی کاری ڕۆژنامەوانی و یاسای ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧ی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان.
ئەم بارودۆخە هاوکاتە لەگەڵ ئەو گوشار و مەترسییانەی، کە لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆر لە رۆژنامەنووسان و چالاکوانان لە بادینان لە زینداندان و رۆژ دوای رۆژ ئازادیی رۆژنامەوانی لە باشووری کوردستان بەرتەسک دەکرێتەوە بە دەیان رۆژنامەوانی وەک وەدات حسێن و کاوە گەرمیانی و چەندانی دیکە شەهید کراون و ژمارەیەکیتریش شار بەدەر کراون.
جیاواز لە ڕێگری لەکارکردن لە ڕێگەی دەزگا سیخوڕییەکانی میتی تورک و دەزگای پاراستنی پەدەکەوە پەیوەندی بە بەڕێوەبەری کۆمپانیای چەتر و بەشێکی زۆری ڕۆژنامەنووسانی ئازادەوە کراوە و داوای ئەوەمان لێدەکرێت، لە بەرامبەر پێدانی بڕێک پارە و ئیمتیازی بێ مانادا ئەخلاقی ڕۆژنامەوانیمان بفرۆشین و لە بەرژەوەندی و خواستی ئەواندا کاربکەین، یاخود هەڕەشەی ڕۆحیمان لێدەکرێت، هەرچەندە تەواوی ڕۆژانامەنووسان و کارمەندانی ئاژانسی ڕۆژ نیوز و کۆمپانیای چەتر بێباکین بەرامبەر ئەو فشار و هەڕەشانە، بەڵام ئێمە وەک ڕۆژنامەنووسان لە چوارچێوەی داگیرکاری و بەرتەسک کردنەوەی ئازادییەکاندا چۆن لە باکووری کوردستان لە لایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاوە سەرکوتکاری و پێشێلکاری دەکرێت و لە ئێستادا تەواوی کۆمپانیاکانی تایبەت بە کاری میدیایی و ڕۆژنامەنووسانی ئازاد داخراون و ١٦ ڕۆژنامەنووس بە پاساوی بێ بنەما دەستگیرکراون، بە هەمان نەفەس ئەو لایەنەی دەستی گرتووە بەسەر تەواوی جومگەکانی دەسەڵات لە باشووری کوردستان بەو سیاسەتە کاردەکات.
هۆکاری ئەو ئاستەنگی و ڕیگری و هەڕەشانەی لە ڕۆژنامەنووسانمان دەکرێت دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، کە زۆرترین کارمان لەسەر ئاشکراکردنی داگیرکاری و تێکەڵاوی و کاری هاوبەشی پارتی دیموکراتی کوردستان پەدەکە و ئاکەپە کردووە، بۆیە نایانەوێت ئاشکرابن.
بۆیە دووای دانیشتن و ئاگادارکردنەوەی لایەنە ئەمنییەکانی پارێزگای سلێمانی، سەندیکای ڕۆژنامەنوسان و سەنتەری میترۆ و ڕێکخراوی سی دی ئۆ بە پێویستمان زانی ڕای گشتی و تەواوی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی لێ ئاگاداربکەینەوە، چونکە ئەو هەڕەشە و مەترسییانە ئێستا لەسەر ڕۆژنامەنووسانی ئازاد و کۆمپانیای چەتر و ئاژانسی ڕۆژنیوز هەیە، سبەی لەسەر تەواوی ڕۆژنامەنوسان بەردەوام دەبێت، ئێمە ڕای گشتی و حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم، نوێنەرایەتیی وڵاتان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و داکۆکیکارانی ڕۆژنامەنوسان ئاگادار دەکەینەوە، هەر مەترسییەک لە سەر گیانی ڕۆژنامەنوسانی ئازاد کارمەندانی کۆمپانیای چەتر و ئاژانسی ڕۆژ نیوز هەبێت، میتی تورک و پاراستنی پەدەکە و دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێم لێی بەرپرسیارن، چونکە لە ماوەی ڕابردوودا جیاواز لەو نامە و تەلەفونانەی لە لایەن هەردوو دەزگا سیخوڕییەکەوە بۆ بەرێوەبەری کۆمپانیای چەتر و ڕۆژنامەنوسان هاتون، لە ڕێی چەند پەیج و دەزگایەکی پەدەکەوە بە ئاشکرا پەنجەمان بۆ درێژ دەکەن و دەیانەوێت ڕەوایەتی بدەن بە ڕێگری و ئاستەنگکردنی کارەکانمان.
بۆیە ئێمە وەک ڕۆژنامەنوسان و میدیاکاران جارێکیتر دووپاتی دەکەینەوە هیچ هەڕەشە و گوڕەشە و پێدانی ئیمتیازێک ناتوانێت ڕێگای ڕاستیمان بگۆڕێت، ئەمانە زیاتر هانمان دەدات لە خستنەڕووی گەندەڵی و داواکاریی مافی هاولاتیان و گەیاندنی دەنگە ئازاو بوێرەکانی ناوکۆمەڵگە، بۆیە پێداگرین لە وەستانەوە لە بەرامبەر هەر داگیرکاری و هێرشێک کە بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل و دەستکەوتەکان دەخاتە مەترسییەوە.
ڕاستی و حەقیقەت ناشاردرێتەوە".
ژ.ت