بە دیمەن

دڵشاد ساڵح: تورکیا نیازی وایە داعش لە چیاکان نیشتەجێ بکات

ئەندامی دەستەی مامۆستایانی ناڕازی گەرمیان، مامۆستا دڵشاد ساڵح سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر وتی: "بە دووری نازانم تورکیا ئێستاش زەمینەسازی بکات بۆ ئەوەی تیرۆریستانی داعش لە چیاکانی کوردستان نیشتەجێ بکات."

هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان بەردەوامی هەیە، شەرمەزارکردن و ناڕەزایەتی دەربڕین لە بەرامبەر هێرش و داگیرکارییەکان لە فراونبوونە. مامۆستا دڵشاد ساڵح بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.

'زۆرترین هێرشەکانی تورکیا لە ٢٠١٥ بۆ سەر پەکەکە بووە نەوەک داعش'

مامۆستا دڵشاد ساڵح باسی لەوە کرد لەشکرکێشی و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر پەیوەندی بە کۆمەڵێک ڕێککەوتنەوە هەیە لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و وتی: "لە ساڵی ١٩٨٢ دەوڵەتی تورکیا و عێراق ڕێککەوتنیان بە ناوی پاراستنی سنوورەوە ئەنجام داوە. ئامانجی تورکیا لەم ڕێککەوتنە دژایەتی و لە ناوبردنی پەکەکە بووە. عێراقیش لەو سەردەمەدا کە ئەو ڕێککەوتنەی ئەنجام داوە بەمەبەستی لێدان بووە لە شۆڕشەکانی باشووری کوردستان. لە ڕێککەوتنەکەدا هاتووە هەر دوو وڵات دەتوانن بە قوڵایی بیست کیلۆمەتر خاکی یەکتر بەکاربێنن.

لە ساڵی ٢٠٠٧ کە هۆشیارزێباری وەزیری دەرەوەی عێراق بوو، لە بری هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکە نوێکراوەتەوە. لە دوای ساڵێک لەم ڕێککەوتنەی ساڵی ١٩٨٢ تورکیا هێرشی چەکداری دەکاتە سەر پەکەکە، بەشداری هەزاران سەرباز شکست دێنێت و سەرکەوتوو نابێت. لە ساڵاکانی ٢٠٠٠ /٢٠٠١ و ٢٠٠٧ تورکیا ٢٦ هێرش و ئۆپراسیۆن دژی پەکەکە ئەنجام دەدات بەڵام سەرکەوتوو نابێت. لە ٢٠١٥ بە بیانووی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و ڕزگارکردنی باشیک (بەعشیقە) لە موسڵ ٩٠٠ سەربازی هێنابوو بەڵام لەو ساڵەدا ٣٠٠ ئۆپراسیۆنی ئاسمانی و زەمینی ئەنجام داوە زۆرینەی دژی پەکەکە بووە لە سەتا یەکی دژی داعش بووە ئەگەری ئەوەش هەیە هێرشەکانی بۆ سەر داعش سیناریۆ بووبێت. لە ئێستاشدا دیسانەوە هاتووە خاکی کوردستانی بەزاندووە و هەزاران سەربازی هێناوە."

'ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەیەوێت خەلافەتی عوسمانی زیندوو بکاتەوە'

دڵشاد ساڵح ئاماژەی بەوە کرد دەوڵەتی تورکی داگیرکەر خەونی لە مێژینەی داگیرکردنی کوردستان و گەڕاندنەوەی ویلایەتی موسڵە بۆ ژێر هەیمەنەی خۆی و بەم شێوەیە بەردەوام بوو: "ئامانجی سەرەکی تورکیا موسڵە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەیەوێت خەلافەتی عوسمانی زیندوو بکاتەوە. موسڵ بۆ تورکیا گرنگە بۆیە هێزی لە باشیک جێیگرکردووە و بەناوی پاراستنی موسڵەوە هاتووە. تورکیا ئێستاش لە کاتی دیاریکردنی بودجە، بەشە بودجە بۆ ویلایەتی موسڵ دادەنێت ئەمەش بەومانایە دێت کە موسڵ وەک بەشێک لە خۆی دەبینێت. ئامانجێکی تری تورکیا هەوڵی لە ناو بردنی پەکەکە دەدات و دەیەوێت لە قەندیل داعش نیشتەجێ بکات.

لە ڕاگەیاندنەکانەوە گوێم لە موراد قەرەیلان بوو کە گوتبووی"گەر ئیمە لە قەندیل نەمێنین ئەوا دەبێتە جێگەی تیرۆریستان" هاوڕای تەواوی ئەم بۆچوونەم، بە دووری نازانم تورکیا ئێستاش زەمینەسازی بکات کە ئەو هێزە سەربازییەی هێناویەتی شورایەک دروست بکات و لە تەنیشت ئەو شورایە تیرۆریستانی داعش نیشتەجێ بکات. ئەو تیرۆریستانە بەکاربێنێت لە دژی پەکەکە و کوردستان. ئامانجێکی تری تورکیا وزەیە کە لە ئێستادا بیری نەوتی لێداوە لە زاخۆ، ئەمەش ڕوونە کە پێشتریش بە ناوی ئابووری سەربەخۆ کە لە ڕێگەی تورکیاوە ڕۆشتووە ئەتوانم بڵێم ئەوندە تورکیا سودی لە ئابوورییەکە بینووە ئەوندە خەڵکی هەرێمی کوردستان و هەرێمی کوردستان سوودیان لێ نەبینووە. ئەمانەش کۆمەڵێک ئامانج و هۆکاری تورکیان."

لە کۆتایی قسەکانیدا دڵشاد ساڵح باسی لەوە کرد کە لایەنە سیاسیەکان ڕۆڵیان لاوازە و پێویستە کۆببنەوە بۆ ئەوەی ڕێگری بکەن لە داگیرکەران و وتی: "پێم باشە پارتی و پەکەکە جۆرێک لە ڕێککەوتن ئەنجام بدەن ئەگەر ڕێککەوتن هەبێت تورکیا ناتوانێت بێتە باشووری کوردستان و پارتیش ئەوکات توانای هاوکاری کردنی تورکیای نامێنێت. ڕەنگە پێشتریش لایەنەکان داوایان لە پارتی کردبێت بۆ کۆبوونەوە و ڕێککەوتن پارتی قبوڵی نەکردبێت بە حوکمی ئەوەی نزیکە لە تورکیاوە. ئەگەر ڕێککەنەکەوتن ئەوا پێویستە بۆ خەڵکی ڕوونی بکەنەوە کە کام لایەن تاوانبارە لە نەهاتنە پێش بۆ پرۆسەی ئاشتی و سەقامگیری. پارتی لە ئێستادا لەگەڵ هیچ لایەنێکی هەرێمی کوردستاندا پەیوەندی باش نیە و هەست بەترس دەکات.

ڕێکخراوە مەدەنییەکان و ڕۆشنبیران و چالاکوانان دەتوانن فشاری جدی بکەن کە باشترین فشار بەکارهێنانی شەقامە بۆ ئەوەی بێتە فشار لە سەر دەوڵەتی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان و بۆ ئەوەی جارێکی تورکیا داگیرکاری ئەنجام نەدات و ئەو ڕێککەوتنەی ئەنجام دراوە هەڵوەشێتەوە."