بە دیمەن

دەوڵەتی داگیرکەری تورک گوندەکانی شارباژێڕی بۆردوومان کرد

پێش چەند کاتژمێرێک, فڕۆکە بێ‌فڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک دوو گوندی هەرێمی شارباژێڕی سەر بە سلێمانیان بۆردوومان کرد. بەگوێرەی زانیارییەکان، زیانێکی ماددی زۆر بە باغی گوندنشینان کەوتووە.

بەگوێرەی ئەو زانیارانەی لە سەرچاوەی باوەڕپێکراو دەسکەوتوون، ئێوارەی ئەمڕۆ لە کاتژمێر ٦:٤٥، فڕۆکە بێ‌فڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک دۆڵی شورەی نزیک گوندی گەڵاڵە و گوندی سەفرەی سەر بە شارۆچکەی شارباژێڕی سەر بە پارێزگای سلێمانی لە باشووری کوردستانیان بۆردوومان کردووە.

بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، فڕۆکە بێ‌فڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە بەیانییەوە بەسەر ناوچەکەدا سووڕاونەتەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ دۆڵی شورە لە نزیک گوندی گەڵاڵە ٣ جار بۆردوومان کراوە و بەهۆیەوە ئاگر کەوتووەتەوە. هەروەها ناوەندی گوندی سەفرە یەک جار بۆردوومان کراوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، بەهۆی بۆردوومانەکانەوە زیانێکی گەورە بە باغ و بێستانی هاوڵاتیان گەیشتووە. خەڵکی ئەم دوو گوندە ناڕەزایەتییەکی توند بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک نیشان دەدەن.

ئەو ئاگرەی بەهۆی بۆردوومانەکەوە کەوتووەتەوە، تادێت زیاتر تەشەنە دەکات.