دەوڵەتی تورک لە رحا سزای زیندانیکردنی بەسەر ١٠ کەسی تردا سەپاند

هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی تورک لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنی پاکتاوکردنی سیاسیدا لە ناوەندی رحا و ٩ شاردا هەڵیانکوتایە سەر ماڵی هاووڵاتییان و ١٠ کەسیان دەستگیرکرد و سزای زیندانیکردنیان بەسەر هەر ١٠ کەسەکەیاندا سەپاند.

هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی تورک لە ١١ی شوباتی ٢٠٢١دا بە بڕیاری داواکاری گشتیی دەوڵەتی تورک لە رحا، لە ناوەندی رحا و لە شارەکانی سێرت، ئامەد، مێردین، هاتای، عوسمانییە، ئەدەنە، چۆروم، عوشاق و ئیستەنبول هەڵیانکوتایە سەر چەندین ماڵ و ١٠ کەسیان دەستگیرکرد و دوای ٨ رۆژ لە دەستگیرکردنیان بڕیاری زیندانیکردن بەسەر ١٠ کەسەکەیاندا سەپێنرا.

محەمەد ئیدیلکوش، محەمەد رەسوڵ دەمیر، سەرحەد کۆتلوک، کازم بیرداڵ توفەکچی، کەرەم گەزەر، کەنعان کاراتاش، دەمیر ئۆراڵ، حەیدەر یڵدزخان، دیار ساراچ و کەسێکی تر، کە تا ئێستا ناوەکەى روون نەبووەتەوە، لە دوای دەستگیرکردنیان بران بۆ بەڕێوەبەرایتی ئاسایش و لە دوای ٨ رۆژ لە دەستگیرکردنیان و وەرگرتنی وتە لێیان، رەوانەى دادگای رحا کران و بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە رێکخستن" دا و بۆ سەپاندنی سزا بەسەریاندا رەوانەى دادگای سزاکانی رحا کران.

دادگای دەوڵەتی تورک لە رحا لەسەر داوای داواکاری گشتیی دەوڵەتەکەى سزای زیندانیکردنی بەسەر هەر ١٠ کەسە دەستگیرکراوەکەدا سەپاند و هەر ١٠ کەسەکەیان رەوانەى زیندانی جۆری تی لە رحا کران.

ژ.ت