هه‌واڵی به‌په‌له‌: ناسنامەی ئەو گەریلایانە ئاشکرا کرا کە بەشدابوون لە مەراسیمی چەک لەناوبردن دیمەنی مەراسیمی سووتاندنی چەک

پرۆژەی نێگەتیڤ: پەکەکە نیشانیدا لەکوێدا بەرەنگاریی چەکداری پێویستە و لەکوێشدا ئیمکانی ئاشتی

پرۆژەی نێگەتیڤ سەبارەت بە مەراسیمی چەک لەناوبردنی گەریلاکانی ئازادی ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە و دەڵێت: " پەکەکە لە چەکدانانە سیمبوڵییەکەی ئەمڕۆیدا، جارێکی تر جەختی لەسەر سۆسیالیزم و خەباتی فراوانتری ئینتەرناسیۆنال کردەوە".

پرۆژەی نێگەتیڤ کە پرۆژەیەکی فیکرییە لە باشووری کوردستان، سەبارەت بە مەراسیمی چەک لەناوبردنی گەریلاکانی ئازادی لە سلێمانی، لە هەژماری خۆی لە میدیای دیجیتاڵ پەیامێکی نووسراوی بڵاوکردەوە. پەیامەکەی گرووپی نێگەتیڤ بەم جۆرەیە:

"پەکەکە لە چەکدانانە سیمبوڵییەکەی ئەمڕۆیدا، جارێکی تر جەختی لەسەر سۆسیالیزم و خەباتی فراوانتری ئینتەرناسیۆنال کردەوە. خەباتی ئینتەرناسیۆنال، خەبات نیە بۆ "شوێنێکی تر"، بەڵکو خەباتە بۆ "ئایدیایەکی تر، یان با بڵێین گەورەتر". گەر فاشیزمی تورکی بە پیریی پرۆسەی ئاشتییەوە بێت، هێشتان خەباتی پارتی کرێکاران کۆتایی‌نایەت، ژیانی ناو شار سەرەتای خەباتە ڕیشەیی و ڕادیکاڵەکەیە دژی چەوسانەوە دێرین و بونیادییەکەی سەرمایەداری.

پەکەکە، ئەوەشی سەلماند کە دەمارگیری و ڕادیکاڵیزم دوو شتی جیاوازن. دەمارگیری، پێداگرییە بەبێ بیرکردنەوە. ڕادیکاڵیزم، پێداگرییە بەبیرکردنەوەوە، ئەوەی لەکوێدا بەرەنگاریی چەکداری پێویستە و لەکوێشدا ئیمکانی ئاشتی. بەپێی زاراوەکانی دەروونشیکاریی فرۆید، دەمارگیری جۆرێکە لە چەقین (fixation)، ناڵین بەدەست ڕەگەزێکی ناوەکییەوە، بەڵام ڕادیکالیزم دەتوانێت بڵندبوونەوە (sublimation) بێت بەرەو ئیمکانێکی تر، جۆرێک لە خۆتێپەڕاندنی بەردەوام.

بەو هیوایەی ئەم پرۆسەیە، ئازادبوونی عەبدووڵا ئۆجەلانی بەدواوە بێت؛ ئەو بیرمەندەی کە وەک بیرمەندانی تری ناو نەریتی چەپ، جارێکی تر هەوڵیداوەتەوە مێژوو بخوێنێتەوە و ئەگەرەکانی ڕزگاری بپشکنێت: کارل مارکس، لە چاخی بەردینی کۆنەوە، واتە لە کۆمۆنەی سەرەتاییەوە مێژووی خوێندەوە. ئۆجەلان، لە چاخی بەردینی نوێوە، واتە لە شۆڕشی کشتوکاڵییەوە. ئەم هەوڵە لەلایەن کوردێکی چەوساوەوە، بە هەموو کەم‌وکورتییەکانیەوە، بایەخێکی دووقاتی هەیە".