هەپەگە: پەدەکە هێرشی کردە سەر ٧ گەریلامان

هەپەگە ڕایگەیاند، بەپێی زانیارییەکانمان، گروپێک لە هەڤاڵانمان پێکهاتوو لە حەوت گەریلا، کاتێک لە ئاوی زاپ لە هەرێمی خەلیفان پەڕیونەتەوە، لەلایەن چەکدارانی پەدەکە بۆسەیان بۆ دانراوە و هێرشیان کراوەتە سەر و شەهید کراون.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، لەسەر چارەنووسی حەوت گەریلا، کە لە ڕۆژی ٣٠ی ئابەوە پەیوەندییان لەگەڵ پچڕاوە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: بەپێی زانیارییەکانمان، گروپێک لە هەڤاڵانمان پێکهاتوو لە حەوت گەریلا، کاتێک لە ئاوی زاپ لە هەرێمی خەلیفان پەڕیونەتەوە، لەلایەن چەکدارانی پەدەکەوە بۆسەیان بۆ دانراوە و هێرشیان کراوەتە سەر و شەهید کراون.

هەپەگە، دەشڵێت: چەکدارانی پەدەکە، بە شیوازێکی نامەردانە بۆسەیان بۆ هەڤاڵانمان داناوە و حەوت هەڤاڵی ئێمەیان شەهید کردووە، ئەم کردەوە قیزەونە هیچ پەیوەندییەکی بە کوردایەتییەوە نییە.

هەروەها هاتووە: ئەم هێرشە زیانێکی گەورە بە دۆزی ئازادیی گەلی کورد دەگەیەنێت، ماوەیەکە دەسەڵاتدارانی پەدەکە، هێزەکانیان لە نزیک گەریلاکانمان جێگیردەکەن و بە پێداگرییەوە شەڕمان پێدەدەفرۆشن، بەڵام ئێمە لەپێناو بەرژەوەندیی نەتەوەیی گەلەکەمان، ئەوانمان نەکردووەتە ئامانج، ئێستاش هەر ئەوان خائینانە بۆسە بۆ هەڤاڵانمان دادەنێن و شەهیدیان دەکەن، بەمشێوەیەش شەڕێکی تاکلایەنەیان دژی ئێمە ڕاگەیاندووە.

لە بەردەوامییدا هاتووە: پێویستە هەموو گەلی کورد، پرسیار لە پەدەکە و بارزانی بکەن، لە شەڕێکی ناوخۆیی و ڕشتنی خوێنی گەنجانی کورد، چیی بەدەست دێنن؟ بۆچی قیزەونانە شەڕمان پێدەفرۆشن؟ لەم قۆناغەدا دروستکردنی شەڕی کورد بە کورد، ئایا نابێتە لاپەڕەیەکی ڕەش لە مێژووی گەلەکەماندا، پێویستە کورد و دۆستانی ئەم پرسیارانە لە پەدەکە و بارزانی بکەن.

لە کۆتاییشدا هاتووە: لەم کاتەدا کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک، لە ئیمرالی و زیندانەکانی تورکیا، دژی ڕێبەر و هەڤاڵانمان گۆشەگیریی و ئەشکەنجەکانی توند کردووەتەوە و لە هەموو گۆڕەپانەکاندا هێرشی فاشتیانە و قڕکەرانە دەکاتە سەر گەل و هێزەکانمان، هاوبەشیی پەدەکە لەگەڵ دەوڵەتی تورک بۆ ویژدان و دادپەروەریی گەلەکەمان و ڕای گشتی دەهێڵینەوە.

جێگای ئاماژەیە، جیاواز لەو حەوت گەریلا، هێزەکانی پەدەکە لە ڕۆژی ٢٦ی تەمموز لەنزیک گوندی بێخمەی شارەدێی خەلیفان، سێ گەریلای هەپەگەیان گەمارۆ دا و هێرشیان کردنە سەر، لەوکاتەشەوە تا ئێستا، پەدەکە هیچ زانیارییەکی لەسەر چارەنووسی ئەو گەریلایانە ئاشکرا نەکردووە.

ف.ق