کایا: دەبێت هەموو کورد خاوەنداری لە ڕۆژئاوا بکەن

ئەحمەد کایا هاوسەرۆکی پارتی مرۆڤایەتی و ئازادی ڕایگەیاند، کە ڕۆژئاوا دەرفەتێکی گەورەیە بۆ کورد و وتی: "کورد دەبێت بە هەموو دەرفەت و توانایەوە خاوەنداری لە ڕۆژئاوا بکات."

ئەحمەد کایا هاوسەرۆکی پارتی مرۆڤایەتی و ئازادی، لە لێدوانێکدا ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد و ڕایگەیاند، هەموو سەرنجی کورد لەسەر ڕۆژئاوایە و وتی: "١٠٠ ساڵ لەمەوبەر لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا، کورد دەرفەتی بۆ دروست بوو کە دەوڵەتی خۆی دابمەزرێنێت و پێگەی خۆی بەدەست بهێنێت. ئەم دەرفەتە لە پەیمانی لۆزاندا لەدەستچوو. کوردستان دابەش بوو بەسەر چوار وڵاتدا. پاش ١٠٠ ساڵ دوو لەو دەوڵەتانە؛ عێراق و سوریا چیتر ناتوانن وەک وڵاتێکی یەک پارچە بەردەوام بن. بۆیە بەردەوامی سیستەمی ئێستا ئەستەمە. ئەو هەلومەرجە نوێیەی ئێستا لە ڕۆژئاوا هاتۆتە ئاراوە، دەرفەتێکە بۆ کورد بۆ ئەوەی دوای ١٠٠ ساڵ ئیدارەی خۆی و پێگەی خۆی بە فەرمی بکات."

لە پێناو دەستکەوتەکان قوربانی زۆر دراوە

کایا جەختی لەوەشکردەوە کە پێویستە کورد لەم پرۆسەیەدا زۆر وریا بێت و هەموو هەوڵی خۆی بدات بۆ ئەوەی سوود لەم دەرفەتە وەربگرێت، و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "پێویستە پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتە کاریگەرەکان لە سیاسەتی نێونەتەوەیی و جیهانیدا پتەوتر بکرێت و دیپلۆماسی پێشکەوێت. ئەو پەیوەندیانەی تا ئێستا بەڕێوەچوون، دەبێت پەرەیان پێبدرێت، بەتایبەتی لەگەڵ زلهێزەکان. بەهەمان شێوە دەبێت پەیوەندی لەگەڵ هێزە ناوخۆییەکان وگەلانی دانیشتووی هەرێمەکە پتەوتر بکرێت. ئەم نوێنەرایەتییە دەبێت کوردانی ڕۆژئاوا و پارچەکانی دیکەش بگرێتەوە و لەسەر بنەمای ڕێککەوتنێک بنیات بنرێت. ئەگەر پێکهاتەیەکی لەو شێوەیە جێبەجێ بکرێت، هیچ هێزێک ناتوانێت دژی ڕابوەستێت. نەتەوەی کورد نەتەوەیەکی فرەڕەنگە کە لە بیروباوەڕ و سیاسەتی جیاواز پێکهاتووە. نوێنەرایەتییەک کە لەسەر ئەو فرەچەشنییە بنیات بنرێت، پێگەی کورد بەهێزتر دەکات."

کایا جەختی لەوەشکردەوە کە لە پێناوی دەستکەوتەکاندا قوربانی گەورە دراوە و وتی: "دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوا دەرئەنجامی خەبات و بەرخۆدانێکی مەزنە. بە هیچ شێوەیەک لە خۆڕا و لە ڕێگەی کەسێکەوە بەتەنها بەدەست نەهاتووە. کورد بۆ گەیشتن بەم دەستکەوتانە هەلومەرجی زۆی سەختیان بڕییوە. بەهەمان شێوە پێویستە بۆ پاراستن و خاوەنداری لە دەستکەوتەکان دەبێت هەوڵ و تێکۆشانێکی مەزن بکرێت. بۆیە دەبێت لە سەرووی هەموو شتێکەوە دەستکەوتەکانی گەل ببێتە بەرژەوەندی هەموو لایەک. لەبیرکردنی ئەم دەستکەوتانە کە بە قوربانیدانێکی مەزنەوە بەدەست هاتوون، هەڵەیەکی گەورەیە."