خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی لە ئامەد: ئەوەی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکرێت، تاوانی شەڕە

هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ئامەد ناڕەزایەتی جەماوەری لێکەوتەوە و لە خۆپیشاندانێکدا راگەیەندرا لە لە رێگەی ئەو هێرشانەوە تاوانی شەڕ ئەنجام دەدرێت.

هێرشە داگیرکارییەکان

لە ئامەد لە بارەگای ڕێکخستنی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (دەبەپە) سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر شارەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەیاننامە خوێندرایەوە وهێرشەکان شەرمەرزار کرا. بەڕێوەبەرانی پارته سیاسیەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و جەماوەرێکی زۆر به شداری چالاکیەکە بوون و دروشمی "شەڕ کوشتوبڕ و مەرگە، ئاشتی ژیان دەخوڵقێنێ" بەرزکرایەوە.

سوڵتان یارای هاوسەرۆکی دەبەپەی ئامەد لە چالاکییەکەدا ڕایگەیاند؛ "ئاکەپە و مەهەپە دەستیان بۆ کوردان درێژ کرد و وتیان: 'ئێمە پرۆسەیەکی نوێ دەست پێدەکەین'، بەڵام کاتێک سەیری کردەوەکانمان کرد دوژمنایەتی خۆیان بەرامبەر بە کورد نیشاندا و خەڵکی مەدەنی لە ڕۆژئاوا دەکەنە ئامانج. هاوڵاتیانی مەدەنی و منداڵان لە هێرشەکانی سەر نەخۆشخانە و کارگەکان گیانیان لەدەستدا. ئێمە ئەمە بە دووڕوویی ناودەبەین. چیتر کورد بەو وشانە فریو نادرێن. کۆتایی بە جەنگ بهێنن. تا ئەو کاتەی ئەم جەنگە ڕادەگرن بەردەوام دەبین لە تێکۆشانمان."

هەروەها عەباس شاهین هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان ئاماژەی بەوەشکرد کە لە هێرشەکانی ئەم دواییانەدا ٢٧ کەس کوژراون کە منداڵیشیان تێدایە. شاهین ئاماژەی بەوەدا، کۆمەڵکوژییەکان لە کاتێکدا ڕوودەدەن کە قسەی "ئاشتی ناوخۆیی" دەکرێت و وتی، "بەسیاسەتی شەڕ چارەسەری نایاتەدی. بە دەسەڵاتداران دەڵێین؛ ڕێگە نادەین ئەم خاکە بکرێتە مەیدانی جەنگ. هەروەها داوای کۆتایی هێنان بە هێرش و داگیرکارییەکان دەکەین".

عەدالەت کایا پەرلەمانتاری دەم پارتی ئامەدیش، ڕایگەیاند نانەواخانە و نەخۆشخانەکان کراونەتە ئامانج و وتی: "هێرشەکان دژی ئەو کەسانە کە ئیرادەی ئاشتی و چارەسەریان داڕشتووە ئەنجام دەدرێت. ئەمڕۆ لە سەدا ٨٠ی کۆمەڵگا بەدەست هەژارییەوە دەناڵێنێت. ناوچە گشتییەکان لەلایەن چەتەکانەوە بەڕێوە دەبرێن، ژنان کۆمەڵکوژ دەکرێن، منداڵان ئازار دەدرێن ئێستا کاتی ئەوە هاتووە ئاشتی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بەدی بهێنرێت. داوا لە هەموو ڕێکخراوە دێموکراتیکەکان دەکەین دژی هێرش و سیاسەتە شەڕخوازانەکانی دەوڵەت بوەستنەوە. ئێمە بە ساڵانە بۆ ئاشتی هەمیشەیی تێدەکۆشین."