کەنەکە سەبارەت بە سەردانی دۆستانی کورد بۆ هەرێمی کوردستان راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) سەبارەت بە سەردانی دۆستانی کورد بۆ هەرێمی کوردستان راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوەکەى کەنەکەدا هاتووە، "هەندێک لە دەسەڵاتدارانی هەولێر ئاستەنگی دەخەنە بەردەم ئەو دۆستانەو ناهێڵن کارەکانی خۆیان بکەن. بە ناوی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە بەیاننامە دەردەکەن و هەولەکانی ئەو دۆستانە چەواشە دەکەن و بە دژایەتی ئاسایشی هەرێم ناوزەدیان دەکەن. ئەو بەیاننامەو پرۆپاگەندانە دوورن لە راستییەوە و لە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستاندا نین. ئەو قسانە بەهیچ جۆرێک راست نین. ئەو دۆستانە تەنیا بۆ پشتگیریی گەلی کوردستان سەردانی باشووریان کردووە".

کەنەکە راشیگەیاندووە، "ئەوان دۆستی گەلی کوردن. خۆیان و هاوڕێکانیان لە بەرگریی کۆبانێ و شەڕی عەفرین و گرێ سپی و سەرێ کانی و شەنگاڵ و زۆر شوێنی دی، شانبەشانی بەرگریکاران تیکۆشاون و قوربانییان داوە. ئەوان بە شێوازێکی ئەرێنی کوردیان بە جیهان ناساند و وەک دیپلۆماتکاری کورد خەباتیان کردووە. ئێستاش هەر بەو نیازەو هەڵوێستەوە سەردانی باشووری کوردستانیان کردووە. ئەوان میوانی ئازیزی کوردستانن. پێویستە ئێمە میوانپەروەریی خۆمان پیشانی ئەوان بدەین، پێویستە وەک میوان پێشوازیی بکرێن و باوەشی رێزیان بۆ بکرێتەوە".

دەقی راگەیاندراوەکە

بۆ ڕای گشتی

سەبارەت بە سەردانی دۆستانی کورد بۆ هەرێمی کوردستان

هەروەک ئاگادارن نزیکەی پەنجا رۆژە دەوڵەتی  تورکیا دەستی بە هێرش بۆ سەر باشووری کوردستان کردووە. خەڵکی دەربەدەر دەکات و دێ و دێهات و کێڵگەو باخ دەسووتێنێت و تاڵانیی دەکات.  هێرش دەکاتە سەر پەنابەرانی کامپی مەخمور و خەڵکی بێتاوان دەکوژێت. خەڵکی ناوچەکەو گەلێک رێکخراو بانگەواز دەکەن کە گەلی کوردستان و دۆستانی کورد لەدژی ئەو پێشێلکارییانە خاوەن هەڵوێست بن و خاوەندارێتی لە خەڵکی ناوچەکەو بەرگریکاران بکەن.

لە بەرامبەر ئەم دۆخە، گەلی کوردستان و دۆستانی کورد کەوتنە هەوڵدان و گەڕان بەدوای چارەسەریدا. یەکێک لەو ڕێبازانەی کە بۆ خاوەندارێتی لە خەلك و بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لە دژی هێرشەکانی توکیا گرتیانەبەر، ژمارەیەک دۆست چوون بۆ باشووری کوردستان. ئامانجی سەردانی ئەو دۆستانە  پشتگیریی خەڵکی کوردستانە و بۆ چاوپێکەوتن و ئاشتی و دیالۆگە.

بەڵام بەداخەوە هەندێک لە دەسەڵاتدارانی هەولێر ئاستەنگی دەخەنە بەردەم ئەو دۆستانەو ناهێڵن کارەکانی خۆیان بکەن. بە ناوی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە بەیاننامە دەردەکەن و هەولەکانی ئەو دۆستانە چەواشە دەکەن و بە دژایەتی ئاسایشی هەرێم ناوزەدیان دەکەن. ئەو بەیاننامەو پرۆپاگەندانە دوورن لە راستییەوە و لە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستاندا نین. ئەو قسانە بەهیچ جۆرێک راست نین. ئەو دۆستانە تەنیا بۆ پشتگیریی گەلی کوردستان سەردانی باشووریان کردووە.

ئەوان دۆستی گەلی کوردن. خۆیان و هاوڕێکانیان لە بەرگریی کۆبانێ و شەڕی عەفرین و گرێ سپی و سەرێ کانی و شەنگاڵ و زۆر شوێنی دی، شانبەشانی بەرگریکاران تیکۆشاون و قوربانییان داوە. ئەوان بە شێوازێکی ئەرێنی کوردیان بە جیهان ناساند و وەک دیپلۆماتکاری کورد خەباتیان کردووە. ئێستاش هەر بەو نیازەو هەڵوێستەوە سەردانی باشووری کوردستانیان کردووە. ئەوان میوانی ئازیزی کوردستانن. پێویستە ئێمە میوانپەروەریی خۆمان پیشانی ئەوان بدەین، پێویستە وەک میوان پێشوازیی بکرێن و باوەشی رێزیان بۆ بکرێتەوە.

لەو بارەیەوە ئێمە داوا لە حکومەتی هەرێم و ئاسایشی هەولێر دەکەین، کە ئاستەنگی نەخەنە بەردەم کارەکانی ئەوان. وەک میوان مامەڵەیان لەگەڵ بکەن.

هەروەها بانگەوازی هەموو پارت و رێخراوەکان و گەلی باشووری کوردستان دەکەین، میواندارێتی ئەو دۆستان بکەن و خاوەندارێتییان لێبکەن. پێویستە ئێمە هەموومان و لەگەڵ دۆستەکانیشماندا، لەدژی هێرش و داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا هەڵوێست پیشانبدەین و پشتگیریی لە بەرگریکارانی گەلەکەمان بکەین.

ژ.ت