لە شڕنەخ، وان و دێرسم چالاکی بۆ یادکردنەوەی قۆربانی کۆمەڵکوژیەکان ئەنجامدرا
لە شارەکانی شڕنەخ، وان و دێرسمی باکوری کوردستان یادی قوربانیانی کۆمەڵکوژییەکانی قامشلۆ، گازی، هەلەبجە و بەیازیت کرایەوە.
لە شارەکانی شڕنەخ، وان و دێرسمی باکوری کوردستان یادی قوربانیانی کۆمەڵکوژییەکانی قامشلۆ، گازی، هەلەبجە و بەیازیت کرایەوە.
لە زۆر شار لەبارەی کۆمەڵکوژی قامشلۆ، هەلەبجە و گازی مەراسیمی یادکردنەوە سازکران. لە مەراسیمەکاندا باسی ئەوەکرا کە لە جیاتی ئەوەی بکوژەکان سزا بدرێن، خەڵاتکراون.
شڕنەخ
ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە جزیر بە بۆنەی ساڵیادی کۆمەڵکوژی قامشلۆ، لەبەردەم باڵەخانەی پارتەکەی کۆنفڕانسی رۆژنامەنووسی ئەنجامدا. حەسەن ئوزگونەش و نوران ئیمیر پەرلەمانتارانی هەدەپە، ئەندامانی ئەنجومەنی دایکانی ئاشتی، چالاکوانانی تەژەئا و ڕێکخستنی ناوەندی هەدەپە و ناوچەکە ئامادەبوون. مەسعود نارت هاوسەرۆکی هەدەپەی جزیر راگەیەنراوێکی خوێندەوە.
نارت رایگەیاند، تاوەکو بکوژەکان حساب نەدەن دەست لە تێکۆشان هەڵناگرن و وتی، " رژێمی بەعس کەسانی تێکدەری ڕێکخست و بەریدایە کۆڵانەکانی قامشلۆ. گەلی قامشلۆ لەدژی ئەو هێرشانە بە دروشمی ' کوردستانی ئازاد' دەستیان بە ڕێپێوان کرد. دوای ماوەیەکی کورت ڕێپێوانەکە بۆ راپەرینێک گۆڕا. کاتێک جەماوەر کردەوەکانی شەرمەزار دەکرد، هێزەکانی ڕژێم دەستیان بە تەقە کرد.
نارت ئاماژەی بە کۆمەڵکوژی گازی و عومرانیەش کرد و وتی، " حسابی کۆمەڵکوژیەکان دەپرسن. دوای راگەیەنراوەکە چالاکی دانیشتن ئەنجامدرا. چالاکی بە دروشمی ' بکوژان حساب دەدەن' کۆتایی بوو.
وان
ڕێکخستنی هەدەپەی وان لەدژی کۆمەڵکوژی قامشلۆ، گازی و هەلەبجە چالاکی ئەنجامدا و کۆمەڵکوژیەکانی شەرمەزار کرد. لەبەردەم باڵەخانەی هەدەپەی وان راگەیەنراوێک خوێندرایەوە. ئاڤیاز هازر بەڕێوەبەری هەدەپە راگەیەنراوەکەی خوێندەوە و رایگەیاند کە ئەوان کۆمەڵکوژیان لەبیرنەکردووە و یادی قوربانیان دەکەنەوە. ئەمڕۆش کۆمەڵکوژی لەدژی کورد ئەنجام دەدرێت.
دێرسم
پلاتفۆرمی رەنج و دیموکراسی دێرسم بە بۆنەی ساڵیادی کۆمەڵکوژی گازی و هەلەبجە لە کۆڵانی هۆنەری شارەکە راگەیەنراوێکی خوێندەوە. نوێنەرانی ڕێکخراوە مەدەنیەکان بەشداریان کرد. ئەرگین تەکین سەرۆکی پارتی رەنجی دێرسم راگەیەنراوەکەی خوێندەوە. تەکین باسی ئەوەی کرد کە لە جیاتی ئەوەی بکوژەکان سزا بدرێن، خەڵاتکراون و کۆمەڵکوژی گازی لەدژی هزری عەلەویەتی بوو. تەکین رایگەیاند، یەکێک لە گەورەترین کۆمەڵکوژیەکانیش لە هەلەبجە لە ١٦ی ئازاری ١٩٨٨ ئەنجامدرا و بە هەزاران کوردی مەدەنی بە چەکی کیمیایی شەهیدکران.
ف.ق