لە سلێمانی بۆ یەک خولەک ژیان وەستێندرا
بۆ بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدانی کۆمەڵکوژی ٣ی ئابی ٢٠١٤ ئەمرۆ لە سنووری پارێزگای سلێمانی بۆ ماوەی یەک خولەک هاتووچۆ راگیرا.
بۆ بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدانی کۆمەڵکوژی ٣ی ئابی ٢٠١٤ ئەمرۆ لە سنووری پارێزگای سلێمانی بۆ ماوەی یەک خولەک هاتووچۆ راگیرا.
ئەمڕۆ، لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە دەیەمین ساڵیادى کۆمەڵکوژیی و جینۆسایدی گەلی شنگال لەلایەن چەتەکانى داعشەوە، هاوڵاتییان و شۆفێران بە مەبەستی دەربڕینی هاوخەمیی خولەکێک بە بێدەنگی وەستان.
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، ڕایگەیاند، سەرکۆنەی ئەو تاوانانە دەکەین کە بەرانبەر بە تەواوی مرۆڤایەتی کرا لە ناوچەی شنگال و هیوادارین چیتر تاوانی لەو جۆرە دووبارە نەبێتەوە.
هەروەها لە تەواوی پارێزگای سلێمانی و دامودەزگاکان و ڕێگا سەرەکییەکان، بۆ دەربڕینی هاوسۆزی و هاوخەمیی بۆ گەلی ئێزدیی هاتوچۆ بۆ ماوەی خولەکێک ڕاگیرا.
ئەوەش لەکاتێکدایە، ١٠ ساڵ پێش ئێستا چەتەکانى داعش هێرشیان کردە سەر شنگال و دەوروبەرى بەهۆیەوە هەزاران کەس کۆمەڵکوژکران و سەدان هەزارى دیکەش ئاوارەبوون.