لەسەر پرسی خراپی دۆخی خزمەتگوزارییەکان، حزبە کوردستانیەکانی کەرکوک کۆبوونەوە

کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی حزب و لایەنە کوردستانیەکان لە کەرکوک ساز کرا، بەمەبەستی تاوتوێکردنی پرسی کەموکوڕیی خزمەتگوزارییەکان لە شارەکە.

دوای ئەوەی لە ١٥ی نیسانەوە شارەوانی شاری کەرکوک كارەكانی پاككردنەوەی شاریان راگرتووە، بەهۆی نەبونی بودجەی پێویست، بەشێوەیەکی مەترسیدار خۆڵ و خاشاکێکی زۆر لەشاری کەرکوک کەڵەکەبووە و رۆژ لەدوای رۆژ بەرەوە زیادبوون دەچێت و دۆخەکەش بەروە خراپتر دەچێت، تا كۆتایی ٢٠١٩ وەزارەتی شارەوانی عیراق مانگانە بڕی ملیارێك و ٢٠٠ ملیۆن دیناری بۆ پاككردنەوەی شار تەرخاندەكرد، بەڵام ساڵێك و شەش مانگە بڕەكەی بۆ ٢٠٠ ملیۆن دینار كەمكردۆتەوە.

بەپێی ئامارەكانی شارەوانی، بەر لە بڕیاری راگرتنی كارەكانیان، رۆژانە لانیكەم هەزار و ٢٠٠ تۆن زبڵ و خاشاك هەڵدەگیرایەوە و فڕێدەدرا، بەڵام لە ئێستادا توانای شارەوانی بۆ هەڵگرتنەوە و فڕێدانی ٢٠٠ تۆن كەمبۆتەوە.

پێشتریش بەرپرسانی شارەوانی کەرکوک ووتبوویان: "ئەو بڕە پارە كەمەی تەرخانکراوە بۆ شارەوانیی کەرکوک لە ئێستادا بەشی پاككردنەوەی تەنیا یەك كەرتی كەركوك دەكات لە كۆی شەش كەرت، ئەوەش بۆتە هۆی كەڵەكەبوونی زبڵ و خاشاك لەناو شار و كۆڵان و شەقامەكان.".

کێشەیەکی دیکەی خزمەتگوزاری لەشاری کەرکوک نەبوونی کارەبای نیشتمانیە و هەروەها گرانیی نرخی مۆلیدە ئەهلیەکانە کە نرخی ئەمپێرێکی کارەبای مۆلیدە ئەهلیەکان ١٤هەزار دینارە، لەئێستادا کەمیی کارەبای نیشتمانی بۆتە یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی  هاووڵاتیانی شارەکە بەجۆرێک لە ٢٤ کاتژمێردا تەنها ٦ کاتژمێر کارەبای نیشتمانی بۆ هاوولاتیان دابین دەکرێت، ئەمە لە کاتێکدایە  پارێزگاری کەرکوک خاوەنی وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبایە، بەڵام کەس نازانێت کارەبای ئەم شارە بۆ کۆێ دەنێردریت و چی لێدەکرێت.

کاتژمێر ١٠ی سەرلەبەیانی دوێنێ شەممە، کۆبونەوەی هاوبەشی حزب و لایەنە کوردستانیەکانی کەرکوک لە بارەگای مەڵبەندی (٢)ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کەرکوک ئەنجامدرا.

کۆبووەنەوەکە لەسەر ئاستی کەسی یەکەمی حزبە کوردستانیەکانی کەرکوک ئەنجامدرا بە مەبەستی تاوتوێکردنی پرسی خراپی و کەم کوڕیی خزمەتگوزارییەکان و نەبوونی کارەبا و گرانیی نرخی مۆلیدە ئەهلیەکان و کەلەکەبوونی خۆڵ و خاشاک بەشیوەیەک کە سیمای شاری تێکداوە لە کەرکوک.

پاش تەواو بوونی کۆبوونەوەکە، کاتژمێر ١ی دوای نێوەڕۆی دوێنێ حزبە کوردستانیەکانی کەرکوک کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان ئەنجامدا، کەتیدا باسیان لە خراپیی دۆخی شارەکە کرد و هۆشدارییان دایە ئیدارەی شارەکە لە ئەگەری باشتر نەکردنی دۆخی شارەکە ئەوە حزبە کوردستانیەکانی شارەکە هەلوێستیان دەبێت رێکاری پیویست دەگرنەبەر.

شوان محەمەد ئەندامی سەرکردایەتی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و بەرپرسی کەرکوکی ئەو حزبە، لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا بەناوی حزبە کوردستانیەکانی شارەکەوە ووتی: "ئەمڕۆ دوو تەوەری گرنگمان گفتوگۆ کرد لە کۆبوونەوەی حزبە کوردستانیەکانی کەرکوک، وەکو لای هەمووان ئاشکرایە پاریزگای کەرکوک بەقۆناغێکی سەختی بێ خزمەتگوزاریدا تێدەپەڕێت، هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا باسمان لە گرانیی نرخی ئەمپێری کارەبای مۆلیدە ئەهلیەکان کرد، کە پیمان وایە ئەمە بارێکی قورسە بەسەر شانی  هاووڵاتیانی شاری کەرکوک و پێویستە ئیدارەی شارەکە چاو بە بڕیاری نرخی مۆلیدە ئەهلیەکان دا بخشێتنێتەوە."

هەروەها شوان محەمەد لە درێژەی قسەکانیدا ووتیشي: " خالێکی دیکەش کە تاوتوێمان کرد لە کۆبوونەوەکە پرسی کەڵەکە بوونی رێژەیەکی زۆر خۆڵ و خاشاکە لە شارەکە، کە سیمای شارەکەی ناشرین کردووە، هەروەها ئیدارەی شارەکە بەناوی ئەنجامدانی پرۆژەی خزمەتگوزاری کۆمەڵێک ڕێگاوبانی تێکداوە، کە ئەمەش ژیانی هاووڵاتیانی شارەکەی قورستر کردووە."

لە کۆتاییدا شوان محەمەد  ووتی: "تەوەرێکی دیکە کۆبوونەوەکەمان بابەتی سیاسی بوو، کە لەدوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٦ کورد لە شاری کەرکوک پشتگوێ خراوە، لەم کۆبوونەوەیەدا جەختمان لە مافە ئیداری و دەستورییەکانی کورد کردەوە، هیچی دیکە حزبە کوردستانیەکانی شاری کەرکوک ئەم بارودۆخە قەبوول ناکەن کە کورد تیایدا پەراوێز خراوە و پۆستی بەرپرسە ئیدارەیەکان لە کورد سەندراوەتەوە و بەتایبەتی پۆستی پارێزگاری کەرکوک کە مافی دەستووریی کوردە."

ژ.ت