مامۆستایەکی ئایینی سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا

محەمەد خزرنەژاد مامۆستای ئایینی خەڵکی شاری بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە لەمیانی خۆپیشاندانەکانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی دەستگیرکرابوو، لەلایەن دادگای دەوڵەتی ئێران لە ورمێ سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی هەواڵێکی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان مامۆستا محەمەد خزر نەژاد تەمەن ٤٥ ساڵ، کە بەهۆی پشتیوانی لە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی زیاتر لە ساڵێکە لە زینداندایە، بە تۆمەتەکانی "خراپەکاری لەسەر زەوی"، "زیانگەیاندن بە یەکپارچەیی خاکی وڵاتەکە" و "بانگەشە لە دژی سیستمی دەسەڵآتدار" سزای لەسێدارەدان و ١٦ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەو مامۆستا ئایینیە لە دادگا رایگەیاندبوو کە لە ژێر ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی و دەرونیدا ناچار بە دانپێدانان بە تۆمەتی ساختەدا کراوە.

ئەو مامۆستا ئایینیە دوای ئەوە دەستگیرکرا کە لە پرسەی ئەسعەد رەحیمیان یەک لە گیانبەختکردووانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی وتاری پێشکەش کردبوو، هەروەها یەکێک بوو لەو مامۆستا ئایینیانەی رۆژهەڵاتی کوردستان کە بۆ پاڵپشتی لە سەرهەڵدانەکە راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردبووەوە.

دوابەدوای دەستپێکردنی سەرهەڵدانەکە مامۆستا محەمەد خزرنەژاد، لە رێگەی ئەکاونت و هەژمارەکانیەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان چەندین جار پاڵپشتی بۆ خۆپیشاندەران و داواکارییەکانیان دەربڕیبوو.

بەتۆمەتی بەشداری لە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی تائێستا نزیکەی ١٠ کەس لەسێدارەدراون و هەمان سزا بە سەر چەندین خۆپیشاندەری دیکەشدا سەپێندراوە.

دوای ئەوەی لە ١٦ی ئەیلول/سیپتەمبری ٢٠٢٢ ژینا ئەمینی کچە کوردی خەڵکی شاری سەقز بەهۆی ئەشکەنجەی پۆلیسی بە ناو ئەخلاقی تارانەوە گیانی لەدەستدا، شەپۆلێکی بەرینی ناڕەزایەتی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی گرتەوە، کە بە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی ناسرا.

لەو سەرهەڵدانەدا زیاتر لە ٥٠٠ کەس کوژران و بە هەزارانی دیکەش برینداربوون و دەیان هەزار کەسیش دەستبەسەرکان.

هـ . ب