'مانەوەی پەکەکە لە چیاکان، مانەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستانە'

چالاکوانانی باشووری کوردستان باس لەوەدەکەن تاکە ئامانجی دەوڵەتی تورک لە هێرشەکانی داگیرکاری و لەناوبردنی کوردە، هاوکای جەخت دەکەنەوە: " مانەوەی پەکەکە لە چیاکان مانای پاراستن و مانەوەی قەوارەی هەرێمە".

بێدەنگی دەسەڵاتی سیاسی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر هێرش و داگیرکارییەکان وایکردووە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر زیاتر بێتە خاکی باشووری کوردستان، ئەمەش بووەتە مایەی نیگەرانی سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، دژ بە هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک هەر یەک لە چالاکوانی بواری ژینگە مامۆستا ئازاد ئەحمەد و چالاکوانی بواری کۆمەڵگەی مەدەنی مامۆستا ڕێبوارعەبدولکریم بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات(ANF)  قسەیان کرد.

'ئامانجی دەوڵەتی تورک داگیرکردنی باشووری کوردستانە'

مامۆستا ئازاد ئەحمەد باسی لەوە کرد بیانووەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بێ بنەمان و ئامانجی لە داگیرکردنی تەواوی باشووری کوردستانە و وتی: " ئیدانەی ئەو لەشکرکێشیانە ئەکەم بۆ سەر خاکی  باشووری کوردستان، ئامانجی دەوڵەتی تورک داگیرکردنی باشووری کوردستان و لە ناوبردنی ژینگەکەیەتی، بەداخەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق تاوەکو ئێستا بێدەنگن بەرامبەر لەشکرکێشی و داگیرکارییەکانی سوپای تورکیا. لە کاتێکدا ئەمە پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراقە و دەبوو بە دەنگ بێن و ڕێگرییان لەم لەشکرکێشییە بکردایە."

'دەوڵەتی تورک ژینگەی کوردستان وێران دەکات'

مامۆستا ئازاد ئەحمەد لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد جەنگ لە هەر شوێنێک ڕووبدات ژینگەکەی وێران دەکات بەڵام دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ئامانجی لە تێکدانی ژینگەی باشووری کوردستانە و وتی: " دەوڵەتی تورک لە هەر شوێنک کە باڵادەستە سەرەتا هەوڵی تێکدانی ژینگە و سەرچاوە ئاوییەکانی دەدات بۆ ئەوەی وەک شوێنێکی مرۆیی نەمێنێت و چیتر مرۆڤ نەتوانێت لەو شوێنە ژیان بکات."

لە کۆتایی قسەکانیدا مامۆستا ئازاد ئەحمەد باسی لەوەکرد: " ئەرکی هەموومانە چ وەک مامۆستا و چالاکوان، ڕۆشنبیر، پارت و لایەنە سیاسیەکان بێدەنگ نەبین لە بەرامبەر داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک، هەڵوێستی یەکگرتوومان هەبێت دەنگمان بگاتە ناوەندە جیهانییەکان، دژی ئەم لەشکرکێشیەی دەوڵەتی تورک کە ئەنجامی دەدات لەسەر خاکی باشووری کوردستان بێدەنگ نەبین و هەڵوێستمان هەبێت."

'دەوڵەتی تورک ئامانجی لە ناوبردنی کوردە'

مامۆستا ڕێبوارعەبدولکریم باسی لەوە کرد داگیرکارییەکانی تورکیا نوێ نیە و پەکەکەش بیانووی نیە ئەو دژی هەموو کوردە و وتی: " گەر ئەو چیایانە یەنەکە، گۆڕان هەر لایەنێکی تێدا بێت ئەو هەر هێرشی دەکاتە سەر چونکە ئەو ئامانجی لەناوبردنی کوردە. ڕێکەوتننامەی ١٠٠ ساڵەی لۆزان کۆتایی هاتووە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک درێژە دەکێشێت و هەوڵی داگیرکردنی هەولێر و کەرکوک، موسڵ دەدات. ئەو فراونخوازی دەکات بە هەمان ئەقڵێتی سەردەمی خەلافەتی عوسمانی کار دەکات کە دژی میرنیشینەکان بوون. بەداخەوە ئێستا لە ناو کوردا دۆخێک خوڵقاوە ئەوەی پێش دووژمن دەکەوێت لە نیشتیمانپەروەرەکە زیاترە. میرنیشینە کوردییەکان بە هۆی خیانەتی ناوخۆییەوە ڕووخان، ئێستاش گەر خیانەت نەبێت درۆنی تورکی ناتوانێت بێتە ئێرە بۆردوومان بکات و خەڵک شەهید بکات."

'بەهۆی داراما تورکییەکان و قوتابخانە تورکییەکان منداڵەکانمان ئاشنای مێژووی کورد نین'

لە درێژەی قسەکانیدا مامۆستا ڕێبوار عەبدولکریم تیشکی خستەسەر ئەوەی کە نەوەکانمان لە ڕێگەی میدیا و فیلمە تورکییەکانەوە دەبنە هەڵگری کولتور و پەروەردەی ئەوان و ئاشنا نابن بە مێژووی کورد وتی: "لێرەدا ئێمە کەمتەرخەمین لە هەندێک ڕووە منداڵەکانمان بەردەوام تەماشایی فیلمە تورکییەکان دەکەن، منداڵەکانمان دەخەینە قوتابخانەکان تورکییەکان، چۆن دەبێت منداڵەکان بخرێنە خوێندنگە تورکییەکان کە بە ویستی خۆیان پەروەردەی دەکەن. ئێستا لە منداڵێکی کورد بپرسە شێخ سەعیدی پیران کێیە نایناسێت بەڵام ناوی فیلمی تورکی و ئەکتەری تورکی لێ بپرسی زۆر بەباشی دەیناسێتەوە."

لە کۆتایی قسەکانییدا مامۆستا ڕێبوارعەبدولکریم باسی لەوە کرد دەتوانین دژی ئەم داگیرکارییانەی دەوڵەتی تورک خۆپیشاندان بکەین و دەنگمان بگەیەنین بە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و وتی: " دەوڵەتی تورک کێشەی لەگەڵ بوونی کورد هەیە و دەیەوێت بە هەر جۆرێک بێت لە ناوی بەرێت. مانەوەی پەکەکە لە چیاکان مانای پاراستن و مانەوەی قەوارەی هەرێمە؛ گەر پەکەکە لەوێ نەمێنێت داعش و نوسڕەی لێ دەبێت چۆن لەگەڵ ئەوانەدا بژین؟."

هـ. ب