هێرش و بۆردومانەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان بەردەوامی هەیە، تا دێت ڕۆشنبیر و هونەرمەندان هەڵوێستەکانیان بەرفراوانتر دەبێت، لەم ڕووەشەوە نوسەر و هونەرمەندان بۆ ئاژانسەکەمان قسەیانکرد و باسییان لە بێهەڵوێستی و دوو ڕوویی سیاسەتمەدار و دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان کرد.
'کوان فشەکەرەکانی پەدەکە، کە دەیانوت خەونە داگیرکەران بستێکی وڵاتەکەمان داگیربکات'
لەمبارەیەوە نوسەر عەلی کەریمی، سەبارەت بە هێرش و بۆردوومانەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورک و هێرشکردنە سەر خاکی هەرێمی کوردستان و بێهەڵوێستی لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەت پەدەکە، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیکرد و وتی: " کوردستان ئێستا لە قەیرانێکی گەورەدایە، دەوڵەتی فاشیستی تورکیا هاتووە خاکی دایکمانی داگیرکردووە، ئەی کوان فشەکەرەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان کە لە ڕیفراندۆمدا دەیانوت ئەوە خەونە کە دەوڵەتێکی تر بستێکی خاکەکەمان داگیر بکات، کوا سەرۆکی پەدەکە کە دەیوت تۆزقاڵێک داگیرکاری لە هیچ کەسێک قبوڵ ناکەین، ئێستا کوڕەکەی سەرۆکی هەرێمە، ئەی بۆچی نایەت لەڕێی میدیاکانییەوە ئەو تاریکیەی بەرچاوی خەڵک ڕووناک بکاتەوە و هەرنا کەمێک ڕوونکردنەوە بدات سەبارەت بە دۆخەکە، ئەوە وتمان موچە و بێ ئاوی خەتای تۆ نییە، ئەی ئەم داگیرکاری و ڕێگەخۆشکردن بۆ داگیرکارییە چۆن لێکدانەوەی بۆ بکرێت، با ئەوەش باش بزانن، داگیرکار بێتە ناو خاک، سەرەتا هەولێر و ئامێدی و دهۆک داگیردەکات، ئینجا دێتە ناو سلێمانی و ناوچەکانی تر."
'حکومەتی هەرێم تەنیا لە پەدەکە پێکنەهاتووە'
لە درێژەی وتەکانیدا، نوسەر عەلی کەریمی ئاماژەی بەوەدا پێکهاتەی حکومەت بەتەنیا پەدەکە نییە و چەند لایەنێکی تر هەن و پێویستە بێنە دەنگ هەروەها وتی: " سەیرە کە بەغداد و گۆڕان و یەکێتی بێدەنگن لەم دۆخە، شەرمەزارییە کاتێک ڕۆژنامەنووس و ڕۆشنبیرەکان دێنە سەر جادە و دژ بەو دەوڵەتە فاشیستە دەنگی خۆیان هەڵدەبڕن، هەر ئەوەندە دەزانن هێزەکان دێنە سەر سەرییان و ناهێڵن دەنگییان بگەیەنن، نیشتمان دایکە و دایکیش لەم بێدەنگی و بێهەڵوێستییەتان خۆشنابێت."
'هەر لەو کاتەوەی کراوین بە چوارپارچەوە داگیرکاری بەردەوام بووە'
لەلای خۆشییەوە بەهمەن مەهدی، ئەکتەری گەنج، داوای لە هەموو خەڵک کرد کە بە بچوکترین کردەش بێت هەڵوێست دژی داگیرکاری بنوێنن و وتیشی: "هەر لەو کاتەوەی کە کراین بە چوارپارچەوە داگیرکاری بەردەوامی هەبووە، کەچی بەوەش دڵیان ئاو ناخواتەوە و هێشتا تورکیا دەیانەوێت داگیرمان بکەن، لەم کاتەدا پێویستە هەموو کەسێک، گەر بە بچوکترین کردەوەش بێت هەڵوێستی خۆی دەرببڕێت، تەنانەت گەر بە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان، یان خۆپیشاندان، یان وتنی گۆرانییەک بێت، ئیتر بەسە داگیرکاری، بەڵام ئەوان هەرچی بکەن من دەڵێم، نە عەرەبم، نە ئێرانیم، نە تورکێکی شاخستانیم، نەک هەر من خۆم، مێژووش ئەڵێ، کە کوردم و کوردستانیم."
هـ . ب