پەکەکە: بۆ سەرکەوتنی هەڵمەتی نێونەتەوەیی ئازادی دەکەوینە ئامادەباشییەوە

کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە راگەیەندراوێکی لەبارەی ٢٥ەمین ساڵیادی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ١٥ی شوبات بڵاوکردەوە و تیایدا رایگەیاندووە: "لەپێناو سەرکەوتنی هەڵمەتی نێونەتەوەیی ئازادی دەکەوینە ئامادەباشیەوە".

کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە داوای کرد، کە لە ساڵیادی ٢٥ەمینی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ١٥ی شوباتدا بە شێوەیەکی بەهێزتر پیلانگێڕییەکە رەتبکرێتەوە و تێکۆشان ئەنجام بدرێت. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "وەک ژن و گەنجان، وەک گەلی کورد و دۆستانی دیموکراسیخواز، لە هەرشوێنێکن ژیان بوەستێنن و لەپێناو ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ هەموو شتێک ئاوێتەی تێکۆشان بکەن".

کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە بۆ بەشداری لە خۆپیشاندانی ١٧ی شوباتی شاری کۆڵنی ئەڵمانیا داوای بەشداربوونی کرد و وتی، "لە ١٧ی شوباتدا ئێمە کۆڵن و گۆڕەپانەکانی کۆڵن پڕدەکەینەوە، هێزی ئیرادە و وشیارییە ئازادی کورد بە هەموو دۆست و دوژمنان نیشان دەدەین. ئێمە رۆژی رەشی ١٥ی شوبات رووناک دەکەینەوە و رۆژی قڕکردنی کوردان لە گەڵ چوونە ناو سەد ساڵەیەوە، دەگۆڕین بۆ رۆژی ئازادی. زیاتر لە راستی رێبەر ئاپۆ تێدەگەین و لە رێگەی ئەو راستیەوە زیاتر یەکدەگرین. ئێمە ساڵی ٢٦ەمین دەکەینە ساڵی رووخاندنی تەواوەتی سیستمی ئیمراڵی، ساڵی مسۆگەرکردنی ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆ".

راگەیەندراوەکەی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە بەم جۆرەیە:

هێرشی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ١٥ی شوبات کە بەمەبەستی سڕینەوەی رێبەر ئاپۆ ئەنجامدرا، لە ٢٥ەمین ساڵیدایە. رێبەر ئاپۆ ٢٥ ساڵە لە دژی هێرشی پیلانگێڕانە و سیستمی گۆشەگیری، ئەشکەنجە و قڕکردنی ئیمراڵی بێ وچان خۆڕاگری دەکات. بزوتنەوەی ئازادیی کوردستان، گەلی کورد و هێزە دیموکراتیکەکان ٢٥ ساڵە لە دژی پیلانگێری و سیستمی ئیمراڵی تێدەکۆشن. لە رێگەی هەڵمەتی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد' کە لە سەر ئاستی نێونەتەوەیی بەڕێوەدەچێت، دەست بە ٢٦ەمین ساڵی واتادارترین و گەورەترین بەرخودانی مێژوویی دەکەین. دەمانەووێت کە لە ساڵی ٢٦ەمیندا پیلانگێڕییەکە بە تەواوەتی تێکبشکێنین، سیستمی گۆشەگیری، ئەشکەنجە و قڕکردن لە ئیمراڵی بە تەواوەتی هەڵبوەشێنینەوە.

لە سەر بنەمای هەموو ئەوانە، بەر لە هەموو شتێک ئێمە هێرشی پیلانگێڕان شەرمەزار دەکەین، سڵاو لە رێبەر ئاپۆ دەکەین کە ٢٥ ساڵە لە ئیمراڵی واتادارترین و گەورەترین بەرخودانی مێژوویی بەڕێوەدەبات، سڵاو لە بەرخودانی مێژوویی ئیمراڵی دەکەین. هەموو ئەوانە پیرۆ دەکەین کە لەم ٢٥ ساڵەدا بە مێشک لەگەڵ ئەم بەرخودانە بوون، دڵیان بۆ ئەم بەرخودانە لێیداوە و بە رێبازی جیاجیا پشتیوانیان لەم بەرخودانە گەورە و واتادارە مێژووییە کردووە. شەهیدانی قارەمانمان کە بە دروسمی 'ئێوە ناتوانن رۆژی ئێمە تاریک بکەن' بە شێوەیەکی گیانبازانە لەم ٢٥ ساڵەدا خۆڕاگرییان کرد  بوونە بازنەیەک لە ئاگر بە دەوری رێبەر ئاپۆوە بە رێز، خۆشەویستی و پێزانینەوە یادیان دەکەینەوە. هەموو ئەوانەی لە ساڵی ٢٦ ەمینی هەڵمەتی نێونەتەوەیی ئازادیماندا بەشدار دەبن و بۆ ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ و چارەسەر پرسی کورد درێژە بە تێکۆشان دەدەن، هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین.

ویستیان لە رووی سیاسی ئایدۆلۆژیک و جەستەییەوە رێبەر ئاپۆ بسڕنەوە

وەک دەزانرێت هێرشی پیلانگێریی نێونەتەوەیی بە ئامانجی سڕینەوەی رێبەر ئاپۆ لە ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ دەستیپێکرد و زیاتر لە چوار مانگ لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی بە رێگە و رێبازی جیاجیا بەڕێوەبرا. لەبەر ئەوەی لە هەموو هێرشە پلانبۆداڕێژراوەکانیان نەیانتوانی ئەنجام بەدەستبهێنن، لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ دا رێبەر ئاپۆیان لە کینیا رفاند و خستیانە ناو سیستمی گۆشەگیری، ئەشکەنجە و پاکتاوی ئیمراڵی. لەسەر ئەو بنەمایە لە رێگەی کردەوە گۆشەگیری دژوار، ئەشکەنجە و قرکردن ٢٥ ساڵە هەوڵ دەدەن رێبەر ئاپۆ لە رووی جەستیی، ئەوەش نەبێت لە رووی ئایدۆلۆژی-سیاسیەوە پاکتاو بکەن و بیسڕنەوە. لەناو سیستمی ئیمراڵیدا کە خاوەنەکانی ئەو سیستمە پێیان دەگوت ' هەموو رۆژێک دەجار دەیکوژێت' دڕندانەترین گوشاری جەستەیی و دەرونی بەکارهێندران، هەموو ساتێکی بە کردەوە دیلگرتنی رەها بە گوشاری قورس تێپەڕبوون و بەم جۆرە گەورەترین تاوان لە دژی مرۆڤایەتی ئەنجامدرا.

بێگومان هێرش لە دژی رێبەر ئاپۆ، هێرش لە بەرامبەر ئیرادەی ئازادی و هەبوونی گەلی کورد بوو، هێرش لە دژی ئیرادەی دیموکراتیکبوونی تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستبوو، هێرش لە دژی ئازادی ژن و سەرجەم مرۆڤایەتی بوو. لە رێگەی ئەو هێرشەوە ویستیان رێبەر ئاپۆ پاکتاو بکەن و بیسرنەوە، لەسەر ئەو بنەمایە بزوتنەوەی ئازادی کورد پەکەکەش پاکتاو بکەن، بەم جۆرەش کورد قڕبکەن. لەسەر بنەمای قڕکردنی کوردانیش دەخوازرا تورکیا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مرۆڤایەتی بە تەواوەتی رادەستی بەڕێوەبەریی نادیموکراتیک بکرێن. هەربۆیە هێرشی پیلانگێریی نێونەتەوەیی هێرشی دوژمنایەتی بەرامبەر بە کوردان، هێرشی دوژمنکارانە بەرامبەر بە ئازادی و دیموکراسی و هێرشی دوژمنکارانە بەرامبەر بە ژنان بوو. لەناو سیستمی گۆشەگیری و ئەشکەنجەی ئیمراڵی ٢٥ ساڵە هەوڵ دەدرێت کە ئەو هێرشانە درێژەیان پێبدرێت.

رێبەر ئاپۆ هێرشە پاکتاوکارییەکانی شکستپێهێنا

هێرشە پیلانگێڕییەکانی ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ و ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ بێگومان هێرشێکی سیاسەت و مێسکی قڕکردنی کوردان بوو کە لەلایەن سیستمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی گەردوونییەوە ئافرێنرا. لەو چوارچێوەدا لەلایەن پێشەنگانی هەژمونی سەرمایەداریی گلۆبال وەک ئەمریکا، بەریتانیا و ئیسرائیلەوە پلانی بۆدانرا و بەڕێوەبرا، کاتێکیش بە پێویست زانرا لەلایەن هەموو دەسەڵاتدار و هێزەکانی دەوڵەتانەوە ئەو هێرشە بکارهێنرا. لەسەر ئەو بنەمایە بە تایبەتی بەڕێووەبەری میسر، یۆنان، روسیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، کینیا و پەدەکەش رۆڵێکی کاریگەریان گێرا. سیستمی گۆشەگیری، ئەشکەنجە و قڕکردنی ئیمراڵیش ٢٥ ساڵە لە سەر بنەمای ئەو هێزانە بەڕێوەدەبرێت و بە بەرچاوی تەواوی جیهانەوە گەورەترین تاوان لە دژی مرۆڤایەتی ئەنجام دەدرێت. ئەو رێکار و رێوشوێنە یاساییانەی کە دەبێت ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ مسۆگەر بکەن، ماوەی ٢٥ ساڵە جێبەجێ ناکرێن. هێزە ئاماژە بۆکراوەکان دۆخی تاوانکارانەی خۆیان گەورەترکرد. لە بەرامبەر هێرشێکی بەم جۆرەی دوژمن، مرۆڤایەتی، بە تایبەتی رێبەر ئاپۆ بەرخودانێکی بێهاوتا بەڕێوەدەبات. بە رێبازی وشیارانە، پێشوەختە بینین و لێپرسینەوە، هێرشە لەنابەریەکانی پیلانگێری ٩ی تشرینی یەکەمی پوچەڵکردەوە. لایەنەکانی پیلانگێڕییەکەی پەیوەست بە تورکیاش لە سەرەتاوە بە فرەرەهەندیەوە هەڵسەنگاند و ئامانجی لە سێدارەدان لە پیلانگێڕی ١٥ی شوباتی پوچەڵکردەوە. ئەوەی بۆ مرۆڤەکان 'ئەستەم' بوو، ئەنجامیدا ئەو گۆشەگیری، ئەشکەنجە و قڕکردنەی ئیمڕاڵی بۆ خۆی کردە شوێنی قووڵبوونەوە، گۆری بە قوتابخانەیەک بۆ بەرهەمهێنانی ئەندێشەی نوێ و بە بەرنامەی 'کوردستانی ئازاد، رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دیموکراتیک' کە بۆ چارەسەری پرسی کورد دەستنیشانی کرد، بەرنامەی 'مافە کەسییەکانی'ی حکومەتەکەی بولەنت ئەجەڤیتی لەناوبرد. بەم جۆرە تێکۆشانی مێژوویی ئیمراڵی بەدەستهێنا و سیاسەتی داڕزاندنی ئیمراڵی هەرەس پێهێنا.

سیستمی ئیمراڵی گۆری بۆ قوتابخانەی بوون بە رێبەرایەتی گەردوونی

رێبەر ئاپۆ گەمەی 'ئومەتی ئیسلامی'ی هێزە پیلانگێڕەکانی کە بە رێگەی حکومەتەکەی تەیب ئەردۆغان دەسەپێندرا و سەپاندنی ئاژاوەگێڕی-پاکتاوگەری ناوخۆیی، بە گۆرینی پاڕادایم بە تەواوەتی لەناوبرد. لە دژی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری مۆدێرنیتەی دیموکراتیکی خوڵقاند، سیستمی دەوڵەت و دەسەڵاتداری پێنج هەزار ساڵە کە دەیویست ئەو دادگایی بکەن، ئەو خۆی دادگایی و شەرمەزاری کرد. کۆمەڵگەی سیاسی و ئەخلاقی لە دژی کۆلۆنیالیستی سەرمایەداری، کۆمەڵگەی ئیکۆلۆژیکی لە دژی ئیندوتریالیزم و پیشەسازی، کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیکی لە بەرامبەر نەتەوە دەوڵەت دەستنیشان کرد، بۆ چارەسەری ئەو کێشانەی کۆمەڵگا کە لەلایەن سیستمی دەوڵەت و دەسەڵاتدارییەوە خوڵقێندراون، بە تایبەتی پرسی کورد و پرسی ژنان، پرۆژەی چارەسەری دەستنیشان کرد. بەم جۆرە دیوارەکانی ئیمراڵی رووخاند، خۆی بە جیهاندا بڵاوکرد و بووە رێبەری سەرجەم چەوساوەکان. لە بەرامبەر سیاسەت و مێشکی پیاوسالار، شۆڕشی ئازادیی ژن ژنۆلۆژی خوڵقاند، خۆی کردە هاوڕێ و پێشەنگی سەرجەم ژنانی بندەست. لەسەر ئەو بنەمایە سیستمی سڕینەوەی ئیمراڵی گۆری بۆ قوتابخانەی بوون بە بە رێبەرایەتی گەردوونی.

بەرخودانی ٢٥ ساڵە زیاتر لە هەمووان، لەلایەن ژنان و گەنجانەوە بەڕێوەبرا

رێبەر ئاپۆ چارەکە سەدەیەکە لە دژی سیستمی گۆشەگیری، ئەشکەنجە و قڕکردنی ئیمراڵی، لە بەرامبەر هەموو هێرشەکان بە واتادارترین و ئەنجامگرترین رێباز خۆڕاگری دەکات، هەموو ئەو هێرشانەی تێکشکاند و سیستمی ئیمراڵی بێواتا کرد. لەو تێکۆشانە مێژووییەدا بەتایبەتی ژنان و گەنجان، گەلەکەمان و دۆستانمان لەگەڵیدا جوڵانەوە. لەبەرامبەر هێرشە دڕندانە و هەمەلایەنەکانی ٢٥ ساڵەی سیستمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری جیهانی، وەک بزوتنەوەی ئازادی، گەل و هێزە دیموکراتیکەکان ٢٥ ساڵە بەرخودانێکی دیموکراسی و ئازادی هەمەلایەنە بەڕێوەبراوە. ئەو بەرخودانە بە گیانبازی یەکجار گەورە بەر لە هەمووان لەلایەن ژنان و گەنجانەوە بەڕێوەبرا، لە چوار پارچەی کوردستان و دەرەوەی وڵات لە لایەن گەلی کوردەوە بەڕێوەبرا. بە پێشەنگایەتی بەرخودانی ئیمراڵی لە چارەکی سەدساڵی رابردوودا داستانێکی بەرخودانی هەرەوەزی ئافرێنرا. بێگومان هێزی بنجینەیی ئەو بەرخودانە مێژووییە گیانبازی 'ئێوە ناتوانن رۆژی ئێمە تاریک بکەن' بوو، شەهیدانی قارەمانی ئەو گیانبازییە بوون، هێزی قارەمانی گەریلابوون کە شمشێری تیژی هێڵی شەهیدان و رێبەرایەتین. بە تایبەتی لە زاپ، لە هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا و چوار لای کوردستان، هێزی شەڕڤانان و فەرماندە قارەمانەکانی هەپەگە و یەژاستار هەموو جۆرە هێرشێکیان تێکشکاند، بە بەرخودانی قارەمانانە رۆحی فیدایی ئاپۆییان گەیاندە بەرزترین ئاست و بۆ هەموو جۆرە پەیجووریەکی ئازادی و دیموکراسی بوونە هێز و سەرچاوەی سوودوەرگرتن.

ئازادی رێبەر ئاپۆ کوردستان ئازاد دەکات، تورکیا دیموکراتیک دەکات

ئێستا قۆناغێکی بەو جۆرە چارەکە سەدەیەک تێدەپەڕێنێت و پێدەنێتە ساڵی ٢٦ەمینەوە. لە ژێر سیستمی گۆشەگیری، ئەشکەنجە و قڕکردنی ئیمراڵیدا هەوڵ دەدرێت کە هێرشی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی بە پێداگرییەوە درێژەی پێبدرێت. ئەوەش بە شێوەیەکی ئاشکرا سەرچاوەی هەموو جۆرە خراپەکارییەکە. بە سەپاندنی چارەسەرنەکردن بە سەر پرسی کورد هەوڵ دەدرێت کوردستان بکەنە گۆڕەپانی شەڕێکی بێکۆتایی، وادەکەن تورکیا لە ژێر دیکتاتۆریەتی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپەدا بهێڵدرێتەوە، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیش دەکەنە شوێنێک بۆ هێرشی قڕکاری، کۆلۆنیالیستی و فاشیستی. ئەمەش لە کاتێکدایە شکستی پیلانگێڕی و رووخانی سیستمی ئیمراڵی پێچەوانەی هەموو ئەوانە دەخوڵقێنێت و دەبێتە مایەی ئەوەی جوانترین شتەکان سەوز ببن. ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد دەخوڵقێنێت، کوردستان ئازاد دەکات و تورکیا دیموکراتیک دەکات. ئەمەس بۆ ئەوە دەبێتە مایەی دیموکراتیکبوونی تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ئاستی نێونەتەوەییشدا ژیانێکی ئازادانەتر و دیموکراتیک پێشکەش بە مرۆڤایەتی دەکات.

ئەو کاتە تێکۆشانمان لە دژی هێرشەکانی پیلانگێریی نێونەتەوەیی و سیستمی گۆشەگیری، ئەشکەنجە و قرکردنی ئیمراڵی کە ٢٥ ساڵە بەردەوامە، بۆ کورد و هەموو گەلان، بۆ ژنان و گەنجان، بۆ تەواوی مرۆڤایەتی خاوەن واتایەکی گەورە و مێژووییە. ئێستاش بە هەڵمەتی نێونەتەوەیی ئازادی دەست بە ٢٦ەمین ساڵی ئەو تێکۆشانە بەواتایە دەکرێت، کە بۆ ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ و چارەسەری پرسی کورد بەڕێوەدەبرێت. هەڵمەتی جیهانی ئازادیمان لە ئاستێکی ستراتیژیکدا هەڵمەتێکی ستراتیژییە، لە ١٠ی تشرینی یەکەم دەستیپێکرد، بڵاوبووە و ئێستا بە چالاکییەکانی شەرمەزارکردنی پیلانگێریی ١٥ی شوبات گەیشتووەتە یەک. لە چیا، لە زیندانەکان، لە چوارپارچەی کوردستان و لە چوار لای جیهان بە پێشەنگایەتی ژنان و گەنجان ئەو هەڵمەتەی ئازادی بەردەوامە. ئاشکرایە بە چالاکیەکانی شەرمەزارکردنی پیلانگێریی ١٥ی شوبات دەگاتە بەرزترین ئاست. ئەو چالاکیانەی لە هەموو گۆڕەپانەکان بە چەند هەفتەیەکە دەستیان پێکردووە، لە ١٥ی شوباتدا دەگەنە فیناڵ، گۆڕدراون بۆ ئەو چالاکیانەی کە هێرشەکانی پیلانگێڕی رابگرن و سیستمی ئیمراڵی هەڵبوەشێنن.

بە مەرجی شکاندنی گۆشەگیری، فاشیزم دەڕوخێت

ئاشکرایە کە ساڵیادی ٢٥ەمین هاوشێوەی ساڵانی پێشوو نییە. دەبێت سیستمی ئیمراڵی هەڵبوەشێتەوە و ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ مسۆگەر بکرێت. ژیان لە ژێر سیستمێکی بەم جۆرەیە گۆشەگیری، ئەشکەنجە و قڕکردن ئیتر ناکرێت. سێ ساڵە هیج زانیارییەک لە بارەی رێبەر ئاپۆوە بەردەست نییە، بەردەوامبوونی ئەو دۆخە مایەی قەبوڵکردن نییە. ستەم، کۆمەڵکوژی و گوشاری فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە کە پاسەوانی بۆ پیلانگێری دەکات، ئیتر مایەی قەبوڵکردن نییە. بەو مەرجەی گۆشەگیری تێکبشکێندرێت، فاشیزم دەڕوخێت و ئەوەش ئەرکی بنچینەیی ئەم سەردەمەیە. ئەوەس بە واتای سەرخستنی هەڵمەتی جیهانی ئازادییە.

کەواتە لە ساڵیادی ٢٥ەمینی پیلانگێری ١٥ی شوبات ئێمە زۆر بە توندی رەتیدەکەینەوە و لە دژی سیستمی گۆشەگیری، ئەشکەنجە و قڕکردنی ئیمراڵی بەهێزتر تێدەکۆشین. وەک ژنان و گەنجان، وەک گەلی کورد و دۆستانی دیموکراسیخواز، لە هەرشوێنێکداین ژیان لەوێ راوەستێنین و لەپێناو ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆدا هەموو شتێک ئاوێتەی تێکۆشان بکەین. ئێمە چالاکیەکانی شەرمەزارکردنی پیلانگێری ١٥ی شوبات کە لە چوارپارچەی کوردستان چوار لای جیهان بەڕێوەدەچن لە ١٥ی شوباتدا دەگەیەنینە بەرزترین ئاست. وەک کورد و دۆستانی دیموکراتیک لە ١٧ی شوباتدا شەقام و گۆڕەپانەکانی کۆڵن پڕدەکەینەوە، هێزی گەورەی ئیرادە و وشیاری ئازادی کوردی کوردان بە دۆست و دوژمن و هەموو کەس نیشان دەدەین. ئێمە 'رۆژی رەش'ی ١٥ شوبات رووناک دەکەینەوە و رۆژی قڕکردنی کوردان بە چوونە ناو سەدەساڵێکی دیکەوە دەیکەینە رۆژی ئازادی. ئێمە زیاتر لە راستی رێبەر ئاپۆ تێدەگەین، لە رێگەی ئەو راستیەوە بە بەهێزی یەکدەگرین. ساڵی ٢٦ەمین دەکەینە ساڵی لەناوبردنی پیلانگێڕی، رووخاندنی سیستمی ئیمراڵی و مسۆگەرکردنی ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆ.

بۆ سەرکەوتنی هەڵمەتی جیهانی ئازادی دەکەوینە سەفەربەری و ئامادەباشییەوە!

نەمان بۆ پیلانگێڕی ١٥ی شوبات!

بژی رێبەر ئاپۆ!".

 

هـ . ب