بە دیمەن

پینار ساکیک تەکین: بۆ ئاشتییەکی بەردەوام پێویستە گۆشەگیری کۆتایی بێت

هاوسەرۆکی مەد تواد_فەد پینار ساکیک تەکین ڕایگەیاند گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆ بە سەختیی بەردەوامە، گوتی: "بۆ بەدیهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام، پێویستە گۆشەگیری کۆتایی بێت و مافی هیوای بەڕێز ئۆجالان دانی پێدا بنرێت".

پینار ساکیک تەکین

ڕێبەر ئاپۆ لە زیندانی ئیمراڵی لە گۆشەگیرییەکی تونددایە. پاش گۆشەگیری ڕەها بۆ ماوەی ٤٤ مانگ، برازاکەی، عومەر ئۆجالان و شاندی دەم پارتی سەردانیان کرد. بەڵام بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری ڕەها هێشتا هیچ هەنگاوێکی ئەرێنی لەلایەن دەسەڵاتی ئاکەپە_مەهەپەوە نەنراوە.

هاوسەرۆکی فیدراسیۆنی کۆمەڵەکانی پشتیوانی و مافی بنەماڵەی زیندانیان و حکومدراوانی مەد (مەد تواد_فەد) پینار ساکیک تەکین دەربارەی گۆشەگیری ڕەهای سەر ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئاژانسەکەمان دوا.

پینار ساکیک تەکین گوتی: "گۆشەگیری سەر بەڕێز ئۆجالان لە ٩ ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ ـەوە لەلایەن هێزە نێونەتەوەییەکانەوە دەستی ۆێ کرد و لە ١٥ ی شوباتەوە کە هێنرایەوە بۆ تورکیا، بەردەوامە. بەتایبەت لە ٤٤ مانگی ڕابردوو، گۆشەگیری توندتر کراوە. وەک ئێوەش دەزانن بەم دواییانە، دوو دیدار ئەنجامدرا. بەڕێز ئۆجالان لەم دیدارانەدا ڕایگەیاندبوو کە گۆشەگیری بەردەوامە. لەگەڵ ئەنجامدانی هەندێک دیداریشدا، بەڵام بەداخەوە گۆشەگیری سەر بەڕێز ئۆجالان هێشتا بە سەختی بەردەوامە".

"گۆشەگیری کاریگەری کردووەتە سەر هەموو بوارەکانی ژیان"

پینار ساکیک تەکین ڕایگەیاند گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆ کاریگەری کردووەتە سەر تەواوی بوارەکانی ژیان، لە کەسێتی ڕێبەر ئاپۆدا گۆشەگیری لەسەر زیندانیانی نێو تەواوی زیندانەکانی کوردستان و تورکیا هەیە، گوتی: "ئەگەر باس لە گۆشەگیری لە دەرەوەی زیندان بکەین، سەرەتا وەک ژنێک دەتوانم بڵێم، گۆشەگیرییەک بۆ تەسفیەکردنی هەموو بوارەکانی ژیانی ژنان هەیە. گەنجانیش گۆشەگیرکراون. لە کوردستان بۆ ئەوەی گەنجان بێ ئایندە بکرێن، گۆشەگیری هەیە. لەڕووی ئابووری و کەلتوورییەوە گۆشەگیری هەیە. بەکورتی گۆشەگیرییەکی لەو جۆرە هەیە کە وڵات گیرۆدەی چەندەها قەیران دەکات، گۆشەگیرییەکە لەسەر تەواوی گەلانی تورکیا و بەتایبەت گەلی کرد.

بۆ ئەوەی ئاشتی و دیموکراسی و ئازادی و مافە بنەڕەتییەکان لە وڵاتدا جێبەجێ بکرێن، دەبێت دەستبەجێ کۆتایی بە گۆشەگیری بهێنرێت. گۆشەگیری بەربەستێکی سەرەکییە لە بەردەم بەدیهاتنی هەموو ئەمانە. بۆ ئەوەی ڕەوشی ئێستا باشتر بێت، دەبێت دەستبەجێ گۆشەگیریی سەر بەڕێز ئۆجەلان کۆتایی بێت. هاوکات لە پەرلەمان مەهەپە پرۆسەی سڵاوکردنی دەست پێ کرد. بەم سڵاوکردنە بە ناوی ئاشتییەوە، بۆ کۆمەڵگە بەس نییە. چونکە زۆر شت تەنها لە ئاستی قسەدا مانەوە. بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری هەنگاوێکی ئەرێنی نەنراوە. ئێستە لە وڵات شەڕێک هەیە. باش دەزانین هەموو توانایەک لەم شەڕەدا خەرج دەکرێت. بەم هۆیەوە وڵات گەیشتووەتە بنبەست. پرسی کورد، پرسی سەرەکی وڵاتە، پێویستە دەستبەجێ بەشێوەیەکی دیموکراتیک چارەسەر بکرێت. چارەسەری پرسی کورد تەواوی کێشەکانی تر چارەسەر دەکات".

"پێویستە لەپێناو ئاشتییدا، هەمووان هاوکاری پرۆسەکە بکەن"

پینار ساکیک تەکین داوای کرد هەمووان بەرپرسیاربن و پرۆسەی ئاشتی ساڵانی ٢٠١٣_٢٠١٥ ـی بیرهێنایەوە کە تێیدا خەڵک چەندە بەهیوا بوون، گوتی: "تاوەکو پرۆسەکە بەشێوەیەکی ئەرێنی تێپەڕبێت، پێویستە هەمووان ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن. بەبڕوای من هەر دیدارێک لە ئیمراڵی ئەنجام بدرێت، دەبێتە بناغەی ئاشتی. ئاشتی پێویستییەکی گرنگە بۆ ئەم وڵات و کۆمەڵگەیە.

بەدیهاتنی ئاشتی، نەوەک هەر لە تورکیا، بەڵکو زۆر کێشەی ڕۆژهەڵاتی ناوینیش چارەسەر دەکات. ئیتر ئاشتی پێویستییە بۆ تەواوی بەشەکانی کۆمەڵگە. گرنگترین هەنگاو بۆ ئاشتی، کۆتاییهاتنی گۆشەگیری ڕەهای سەر بە ڕێز ئۆجالان و مسۆگەرکردنی ئازادیی جەستەیی ئەوە. پێویستە خاوەنداری لەم پرۆسەی ئاشتییە بکرێت. پێویستە لەپێناو ئاشتییدا هەمووان بەرپرسیاربن. پێویستە ئاشتییەکی درێژخایەن و بەردەوام بێتەدی. دەبێت بەتایبەت دەسەڵات بەرپرسیارێتی سەرەکی ئەم پرۆسە مێژوویییە هەڵبگرێت و بە ئەرکی خۆی هەستێت".