قاسم فورات: ڕۆژئاوا هێمای شکۆدارییە
سەرۆکی کۆمەڵەی شێخ سەعید، محمەد قاسم فورات دەستنیشانی کرد ڕۆژئاوا بۆ کوردان تەنها خاکێک نییە بەڵکو هێمای شکۆداری و ئازادیی گەلی کوردستانە.
سەرۆکی کۆمەڵەی شێخ سەعید، محمەد قاسم فورات دەستنیشانی کرد ڕۆژئاوا بۆ کوردان تەنها خاکێک نییە بەڵکو هێمای شکۆداری و ئازادیی گەلی کوردستانە.
سەرۆکی کۆمەڵەی شێخ سەعید، محمەد قاسم فورات دەربارەی شۆڕشی ڕۆژئاوا بۆ ئاژانسمان قسەیکرد و ئاماژەی بەوەدا لە دوای تێکۆشان و قوربانیدانی سەدان ساڵە لە ئێستادا هەموو جیهان لە کەسێتی شۆڕشی ڕۆژئاوادا حەقیقەت و هێزی گەلی کورد قبوڵ دەکات. فورات ئاماژەی بەوەشدا لەگەڵ دروستبوونی دەوڵەتی کۆماریدا لە ساڵی ١٩٢٤ ئەو دەوڵەتە بە هەموو شێوەیەک بوون و بەهاکانی کوردی لە دەستووری بنەڕەتییدا سەرکوت کرد، بۆیە تێکۆشانی گەلی کورد لە شۆڕشی شێخ سەعیدەوە لە دژی ئەم سیاستە نکۆڵیکارە وەستایەوە و تا ئێستا ئەو بەرخۆدانە بەردەوامە.
'بەهێزکردنی ئەزموونی ڕۆژئاوا ئەرکی هەمووانە'
فورات تیشکی خستەسەر ئەو ژینگەیەیی بە تێکۆشانی گەلی کوردەوە ڕەخسێندراوە و ئاماژەی بەوەدا لە ئێستادا جیهان لەوە تێگەشتووە هەر پرسێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەبێ کورد ناجوڵێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە کورد چۆن لەم دەرفەتە بڕوانێت و ئەمەی وت: "وەک مەلای جزیری وتوویەتی دەبێت مرۆڤ ئەو فرسەتە بقوزێتەوە کە بۆێ ڕەخساوە. بۆیە دەبێت گەلی کورد بە یەکگرتوویەوە لە دەوری ڕۆژئاوا هاوپەیمانی بونیادبنێت و لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بەمەیە. دەبێت بەرپرسیارێتی خۆمان جێبەجێ بکەین و هەموو ئەرکمان بەهێزکردنی ڕۆژئاوایە."
فورات لە قسەکانییدا جەختیکردەوە لەوەی دەبێت هەمووان باوەڕییان بە پێکەوەژیانی هاوبەش بێت و دەستنیشانی کرد ئەوەی لە ئێستادا لە ڕۆژئاوادا دەگوزەرێت زەمینەی پێکەوەژیانی هاوبەشە و کورد دووژمنی کەس نییە.
'دەبێت ڕۆژئاوا لە پێش هەموو شتەکانەوە بێت'
فورات دەستنیشانی کرد گەر گەلی کورد لەم سەدەیەدا نەتوانێت لە ڕۆژئاوا ستاتۆیەک بەدەستبهێنێت ئەوا پرسی کورد بۆ ماوەیەکی زۆر دوور سەرکوت دەکرێتەوە بۆیە ئەرکی هەمووانە پێش هەموو شتەکانی دیکە ڕۆژئاوا بپارێزن و ئەمەی وت: "دەبێت ڕۆژئاوا ببێتە هێڵی سووری گەلی کورد. خاوەنی خاک و مێژووی هەزاران ساڵەیەین. داگیرکەری خاک نین. بۆیە سەربڵندین و دەبێت بەرپرسیارێتی خۆمان نیشانی جیهان بدەین. لە ئێستادا کورد کارەکتەرە لە سووریادا، دەبێت هەموو کورد لە ئاستی ئەم دەرفەتەدا بێت و بە یەکگرتوویەوە ستاتۆی ڕۆژئاوا بچەسپێنین."