رۆزا ئامارا؛ چیرۆکی هەستانەوەیەک لە سویدیەوە بۆ چیای شاهۆی سەرکەشی رۆژهەڵاتی کوردستان

رۆزا ئامارا گەریلای ئازادیی کوردستان لە چیای شاهۆی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، "پێویستە ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ دۆزینەوە و بە دەستهێنانەوەى بەها و نرخە لە دەستچووەکانى ژنان بەشداری ریزەکانی بزووتنەوەى ئاپۆیی بن".

رۆزا ئامار لە وڵاتی سوید لە دایکبووە و بنەماڵەکەى لە شاری مێردینی باکووری کوردستانەوە کۆچیان بۆ سوید کردووە. رۆزا ئامارا لە سوید گەورە بووە و خوێندنی زانکۆی تەواو کردووە و چەندین وڵاتی ئەوروپی گەڕاوە، بەڵام لە ئەنجامدا بڕیاری گەڕانەوەى بۆ وڵات دا و بەشداری ریزەکانی گەریلا بوو. ئێستا رۆزا ئامار لە چیای سەرکەشی شاهۆی رۆژهەڵاتی کوردستاندا لە تێکۆشاندایە.

رۆزا ئامارا لەبارەی چۆنیەتیی بەشداربوونی بۆ ناو ریزەکانی گەریلا وتی، "بنەماڵەکەم بەهۆی گوشارەکانی دوژمن لە ساڵانی ١٩٩٠ دا کۆچیان کرد بۆ سوید. من لەوێ لە دایکبووم و گەورە بووم. کاتێک من لەوێ بووم هەموو کات خۆم بە بیانی و بێگانە دەزنی و هەرگیز ئەوەم پێ قبوڵ نەدەکرا.هەموو کات هەستم بەوە دەکرد، کە هەندێک شت کەم و ناڕێکە. من نەمدەتوانی وەک خۆم بژیم. هەموو کات  دەبوو بە جلوبەرگ، کولتور و زمانی وڵاتێکی تر بژیامایە و پەروەردە بکرامایە و ئەوەش لە کەسایەتیی مندا دەبووە هۆی دروستبوونی ناکۆکی. کاتێک رۆیشتم بۆ زانکۆ هەوڵمدا هەندێک لە شتەکان بگۆڕم. خواستم ئەوە بوو بە لانیکەمەوە کولتور و رۆشنبیریی خۆم لە نزیکەوە بناسم و لەگەڵی بژیم. هەموو ئەو وڵاتانە، کە تیاندا گەڕام هیچیان بۆ من نەبوونە وەڵام و وەڵامەکەى منیان تیادا نەبوو".

گەریلا رۆزا ئامارا لەبارەی ئازادییەوە پێی وتین، "من چەندین وڵات گەڕاوم، بەڵام هەرگیز بۆ داواکانی من وەڵامدەر نەبوون. گوایە دەیانگوت، 'ئێمە وڵاتە ئازادەکانین' لەو کاتەدا هەندێک بابەت بە مێشکمدا دەهاتن. مادام ئازادی هەیە ئەى بۆ هەژارەکان هەموو کات هەژارن و دەوڵەمەندەکانیش رۆژ بە رۆژ زیاتر دەوڵەمەند تر دەبن، بۆچی تاوەکو دەچێت داگیرکەری زیاتر دەبێت و بەردەوامیشی هەیە، بەڵام هەموو دەوڵەتەکان چاوی خۆیان لێدادەخەن".

گەریلا رۆزا ئامارا لەبارەی کردارەکانی سیستمی رژێمی ئێران بەرامبەر بە ژنان وتی، "کاتێک من لەناو سیستم دا بووم، یەکێک لەو وڵاتانە، کە من لێکۆڵینەوەم تیادا کرد ئێران بوو. گوشارەکانی رژێمی ئێران بۆ سەر ژنان زۆر قورس و چڕوپڕن. چۆن دەبێت، کە هێشتا ژن لەم وڵاتەدا رەجم بکرێت. ئێمە لە سەدەی چەند دەژین، بەڵام هێشتاش ئەو کردەوەیە لە دژی ژن ئەنجام دەدرێت و بە کارێکی رەواش دەزانرێت. ئێمە باس لە مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی ژنان دەکەین. ژن چۆن دەبێت بەو شێوەیە بژی. بێگومان ئەو دۆخە لەسەر بەشداربوونی من بۆ ناو ریزەکانی گەریلا و بزووتنەوەى ئاپۆیی کاریگەریی هەبوو. کاتێک ژنان لەو دۆخەدا بژین، دەبێت من چۆن ژیانی ئاسایی خۆمم بەلاوە گرنگ بێت. لە ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوانەمدا و بەهۆی ئەو ناکۆکییانەى بە گۆڕێدان، من بەو هۆشیارییە گەیشتم و هەستم پێکرد، کە پێویستە من لە دژی ئەوانە بە شێوەیەکی چالاکانە تێبکۆشم. شوێنی ئەو تێکۆشانەش ناو بزووتنەوەى رێبەرایەتییە. بۆیە منیش بڕیارمدا بەشداری ریزەکانی گەریلا و بزووتنەوەى رێبەرایەتی ببم".

گەریلا رۆزا ئامارا لە کۆتایی وتەکانیدا بانگەوازی بۆ ژنان هەبوو و رایگەیاند، "زۆر جار لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا دەرفەتمان بۆ دەڕەخسێت، کە ئێمە ژنان لە نزیکەوە ببینین و گفتوگۆیان لەگەڵ بکەین. من پرسیارم لێدەکردن، کە ئێوە لە دژی ئەم سیستمە چۆن دەوەستنەوە و چۆن شەڕ دەکەن. زۆربەیان نەیاندەتوانی وەڵام بدەنەوە. ئەوەش لە کاتێکدایە، کە ژنانی ئێران و رۆژهەڵات لە دۆخێکدان، کە دەبێت لە دژی سیستم شەڕێکی زۆر گەورە بکەن. ژنان دەتوانن لە گۆڕەپانی سیاسەت، پەروەردە، ئیکۆلۆژی (ژینگە)، ئابووری و زۆرێک لە بوارەکانی تردا زیاتر چالاک بن. سیستم ئەوانی خستووەتە ناو چوار دیوارەوە، بەڵام پێویستە ژن ئەو دۆخە قبوڵ نەکات. بۆ ئەوەش چەخماخەیەک پێویستە. لە بزووتنەوەى رێبەر ئاپۆدا ئەو چەخماخە و پزیسکە تاوەکو دەچێت بڵاوتر دەبێتەوە. پێویستە ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەو چەخماخەیە کاریگەر بن تاوەکو بەها و نرخە لە دەستچووەکانی ژنان بە دەست بهێنرێنەوە  و زیندو بکرێنەوە، بۆ ئەوەش پێویستە بەشداری ریزەکانی بزووتنەوەى ئاپۆیی ببن".

ژ.ت

.....