سلۆڤینیا دەیەوێت کوردێک رادەستی دەوڵەتی تورک بکات

لە سلۆڤینیا وڵاتپارێزێکی کورد لە مانگی حوزەیراندا بە بیانووی ئەوەی ناوی لە لیستی سووردا هەیە، دەستگیرکرا و دواتر بە بڕیاری دادگا رەوانەی زیندان کرا. حکومەتی سلۆڤینیا دەیەویت ئەو وڵاتپارێزە رادەستی دەوڵەتی تورک بکاتەوە.

وڵاتپارێزی کورد عوسمان ئاسلان کە لە ساڵی ١٩٩٤ بەهۆی فشاری دەوڵەتی تورکەوە چووە ئەڵمانیا و مافی پەنابەری وەرگرت، مانگی حوزەیرانی رابردوو بۆ گەشت سەردانی سلۆڤینیای کرد، بە بیانووی ئەوەی کە ئینتەرپول بەدوایدا دەگەڕێت و لە لسیتی سووردایە دەستگیرکرا. لەگەڵ ئەوەی عوسمان ئاسلان خاوەن مافی پەنابەری سیاسی ئەڵمانیایە، بەڵام ٣٠ی ئاب دادگاییکرا.

دادگای سلۆڤینیا کە گرنگی بە داواکاریەکانی دەوڵەتی تورک دەدات، رایگەیاند کە لە ئەڵمانیاوە بەڵگەی پێویست نەهاتووە و بریاری ئازادکردنی عوسمان ئاسلانی رەتکردەوە. لەگەڵ ئەوەی ٤ مانگە بەسەر دەستگیرکردنیدا تێپەڕیوە، ئاسلان تا ئێستا ئازاد نەکراوە، لە لایەک بریاری ئینتەرپول دەکەنە بیانوو و هەڕەشەی رادەستکردنەوەی بە دەوڵەتی تورکی لەسەرە.

٤ مانگە لە زینداندایە

لە ئەڵمانیا رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، کۆمەڵەکانی پەنابەران و رێکخستن پارتی چەپ لە پارێزگای رین ڤیستفەلیای باکوور کە عوسمان ئاسلان لەوی دەژی، داوای ئازادکردنیان لە دەوڵەتی ئەڵمانیا و سلۆڤینیا کرد، بەڵام تا ئێستا زانیاری لەبارەی دۆخی ئاسلان نازانرێت.

سلۆڤینیا جاری یەکەم نییە کە لەدژی وڵاتپارێزانی کورد و ئۆپۆزسیۆنی دژی ئەردۆغان لە رێگەی ئینتەرپولەوە دەجووڵێتەوە. پێشتریش وڵاتپارێزی کورد بە ناوی ئیزمەت کلچ کە لە دویسبورگ دەژیا لەسەر داوای دەوڵەتی تورک لە سلۆڤینیا ٣ مانگ زیندانیکرا و دواتر بەهۆی هەوڵەکانی پارتە سیاسیەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە ئەڵمانیا ئازادکرا.

ف.ق